دۆینێ بیستی ڕێبەندان بە هۆی ڕووخانی دیواری مەسکەنی مێهری سەیداوا تازە بووک و زاوایەکی ئەو شارە کە لە نێو ئۆتۆمبێلێکى پرایددابوون، گیانیان لە دەستدا.
بیستی مانگی گەلاوێژی ئەو ساڵ بەرپرسی تەعاونی ١٧ سەیدئاوای مەسکەنی مێهری مەهاباد لە دووتوێی نامەیەکدا کە بۆ ئیدارەی مەسکەن و شارسازی ناردووە داوای کردووە دەستبەجێ دیواری مەسکەنی مێهری سەیداوا چاک بکەن کە مەترسی گیانی و دەروونی بۆ سەر خەڵک درووست کردووە. دوای تێپەڕبوونی چەندین مانگ لە داواکاری بەڕێوەبەرایەتی تەعاونی حەڤدەی سەیداوا و زیاتربوونی درزەکانى دیوارەکە بەرپرسانی شاری مەهاباد هیچ هەوڵێکیان نەداوە بۆ چاککردنی ئەو دیوارە.
سەر ئەنجام لە ئەنجامی کەمتەرخەمی بەرپرسانی شاری مەهاباد ئێوارەی ڕۆژی٢٠ ڕێبەندان کچ و کوڕێکی مەهابادی بە ناوەکانی مازیار عەلەوی و بەفرین بێهزادی کە تازە ژیانی هاوبەشیان پێک هێنابوو و لە نێو ئۆتۆمبێلەکەى خۆیان لە پەنا ئەو دیوارە وەستابوون دیوارەکە بەسەریاندا ڕووخا و هەردووکەسەکە گیانیان لە دەست دا.
شایانی باسە لە ماوەی ڕابڕدوودا بەرپرسان و شارەوانی مەهاباد بە هاوکاری وەزارەتی ئیتلاعات پارەیەکى زۆریان بۆ گۆڕینی دیموگرافی مەهاباد و هاوردەکردنی تورکەکان بۆ ئەو شارە خەرج کردووە. بە گووتەی شارۆمەندانی مەهاباد بێتوو دەزگا پێوەندیدارەکان سامانی خەڵک بۆ خزمەتی دەزگای ئیتلاعات و پڕۆژکانی شێواندنی مەهاباد بە کار نەهێنن و لە خزمەتی ئاوەدانی شاردا خەرجی بکەن ئەوە قەت ڕووداوی بەو شێوە دڵتەزێن لەو شارەدا ڕوو نادەن.