Ana içeriğe atla

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ چوار هاووڵاتی دەستبەسەر کران

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ چوار هاووڵاتی دەستبەسەر کران
posted onDecember 20, 2025
noyorum

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەکرێگیراوانی رژیم لە شارەکانی بۆکان، شنۆ و پیرانشار چوار هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستوونەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوە نێوخۆییەکان، ڕۆژی چوارشەممە، (١٧ـی سەرماوەز)، دوو هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی "محەممەد عەباسی" و "عوبەید سووری" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. تاوەکو ئێستا هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئەم دوو هاووڵاتییە کراون، ئاشکرا نەکراون.
لە درێژەی هەڵمەتەکاندا، ڕۆژی دووشەممە ٢٤ـی سەرماوەز، هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی "مەولوود خالیدی" تەمەن ٣٣ ساڵ، لە گوندی "میراوێ"ـی سەر بە شارۆچکەی شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. بەگوتەی شایەتحاڵەکان، دەستبەسەرکردنی خالیدی لە ماڵەکەی خۆیدا و بەبێ نیشاندانی هیچ بڕیارێکی دادوەری بووە.
هەر لە هەمان ڕۆژدا، لە شاری پیرانشار هاووڵاتییەک بەناوی "سۆران دورجەدوور" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەستبەسەرکردنی ناوبراو بە توندوتیژییەوە بووە.
تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی فەرمی لەبارەی شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم چوار هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە.
شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چەند هەفتەی ڕابردوودا شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان و چالاکوانانیان بەخۆوە بینیوە، کە زۆرجار بەبێ ڕاگەیاندنی تۆمەتەکان و لە دەرەوەی ڕێکارە یاساییەکان ئەنجام دەدرێن.