Ana içeriğe atla

مامۆستایەکی ژنی سەردەشتی و دوو خوشکەزای دەستگیر کران

ئارەزوو جەلیلزادە
ئارەزوو جەلیلزادە، مامۆستای قوتابخانەکانی سەردەشت دەستگیرکرا
posted onMarch 6, 2025
noyorum

ئارەزوو جەلیلزادە، مامۆستای قوتابخانەکانی سەردەشت و دایکی منداڵێکی شیرەخۆرە، لەگەڵ دوو خوشکەزای دیکەی دەستبەسەر کراون و ئارەزوو بۆ زیندانی شاری ورمێ گواستراوەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، ئارەزوو جەلیلزادە، ڕۆژی ٣ی مانگی ئاداری ٢٠٢٥، کاتژمێر ٧ی بەیانی لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستگیر کراوە و دەستبەسەر مۆبایلەکەیدا گیراوە.

ئارەزوو جەلیلزادە، لەدایکبووی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوییە، مامۆستای قوتابخانە ناوەندییەکانی شاری سەردەشتە و ٣ منداڵی هەیە و بچووکترین کوڕی شیرەخۆرەیە.

خەلیل جەلیلزادە، برای ئارەزوو، دەڵێت: پێشتر هەڕەشەی لێکرابوو کە دەبێت سەردانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بکات، بەڵام ئەو گوتبووی دەبێت لە رێگەی ئیدارەی پەروەردەوە پێی ڕابگەیەنن.

خەلیل جەلیلزادە دەڵێت: "خوشکەکەم هیچ تاوانێکی نییە و تەنیا تاوانی ئەوە بووە کە هەوڵیداوە ئاستی رۆشنبیریی خەڵک لە شاری سەردەشتدا بباتە سەرەوە و وەک بنەماڵەکەی داوا دەکەین هەرچی زووترە ئازاد بکرێت."

بە گوتەی ئەو برایەی، ئارەزوو جەلیلزادە نەخۆشیی گەدە، نەخۆشیی پێست و ئێسکی هەیە و هەمیشە دەرمان بەکاردەهێنێت.

هەمان رۆژ دوو خوشکەزای ئارەزوو جەلیلزادە دەستگیر کراون. کیانوش ئارچینی، لەدایکبووی ساڵی ١٣٧٧ی هەتاوییە، ناسنامەی نییە و کۆڵبەر و کاری ئازادی کردووە.

خوشکەزاکەی دیکەی ناوی هانیە عەبدوڵڵاهییە و تەمەنی ١٩ ساڵە، بەڵام ئەو دواتر ئازاد کراوە.