Ana içeriğe atla

رەهبەر مەحموودزادە، توێژەر و نووسەر، دەستگیرکرا

رەهبەر مەحموودزادە
رەهبەر مەحموودزادە، نووسەر و توێژەر
posted onFebruary 2, 2025
noyorum

د.رەهبەر مەحموود زادە، توێژەر، نووسەر و رەخنەگری ئەدەبی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە شاری شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراوە.

رۆژی ١٤ی رێبەندانی ١٤٠٣ هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری شنۆ چوونەتە سەر ماڵی د.رەهبە مەحموودزادە و دەستگیریان کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی کوردپا، لە تارانەوە بڕیاری دەستبەسەرکردنی رەهبەر مەحموودزادە دراوە، بەڵام هۆکاری دەستگیرکردنی روون نییە.

رەهبەر مەحموودزادە نووسەر، ئەدیب و رەخنەگرێکی بەناوبانگ، بەتوانا، خاوەن قەڵەم، و خاوەن پێگەی کوردستانە و تاوەکو ئێستا دەیان وتاری لەو بوارانەدا نووسیووە و لە کۆڕ و سمینارە کوردییەکاندا وتاری لەسەر دۆخی ئەدەبیاتی کورد، مێژووی فەلسەفە و بوارە جیاوازە ئەدەبییەکان پێشکەش کردووە.

رەهبەر مەحموودزادە تاوەکو ئێستا ٣ کتێبیشی بە ناوەکانی ئافاقی شێعری نالی، پێکهاتەی بەیتی کوردی و " تحلیل کنش در منطق موقعیت" چاپ و بڵاو کردووەتەوە.

لە ماوەی رۆژانی رابردوودا حکومەتی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا دەستی بە رەشبگیری کردووە و دەیان هاونیشتمانی و چالاکڤانی بوارە جیاوازەکانی دەستگیرکردووە.

شەپۆلی دەستگیرکردنی هاونیشتمانییان زیاتر لە دوای مانگرتنی ژمارەیەک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و دەربڕینی ناڕەزایەتی بە سزای لە سێدارەدانی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی، دوو ژنی چالاکڤانی خەڵکی سنە و مەهاباد، پەرەیسەند.