لە شاری مەهاباد كۆڕێك بۆ ڕێزگرتن لە مامۆستا هەژار، لەژێر ناوی “هەژار لە لووتكە، كۆڕێك بۆ شكۆی زمانی كوردی” بەڕێوەچوو.
ئەو كۆڕە ڕۆژی شەممە، ڕێكەوتی ١٣ی ڕێبەندان بەڕێوەچوو، لەودا ڕێز لە بنەماڵەی مامۆستا هەژار گیرا.
مستەفا ئاگرین كوڕی مامۆستا هەژار لەو كۆڕەدا بەشدار بوو، هەروەها لەو كۆڕەدا ڕێز گیرا لە فەرەیدوون حەكیمزادە، نووسەری كتێبی “هەژار لە لووتكەدا” و ماپەرە لاهیجانی، وەرگێڕی كتێبی "قانوون لە تێب"ی مامۆستا هەژار.
هەریەك لە ئەحمەد ئەحمەدیان و شەهباز موحسینی وتاریان پێشكەش كرد و سەلاح پایانیانی ئامادەكاری كتێبی فەرهەنگی زارەكیی موكریان، بەڕێوەبەری كۆڕەكە بوو.
ئەحمەد ئەحمەدیان، مامۆستای زانکۆ و توێژەر، باسی لە گرنگیی نووسینی فەرهەنگ کرد و گوتی: فەرهەنگی هەنبانەبۆرینەی مامۆستای هەژار یەکێکە لە کتێبە گرنگە و بەناوەرۆکەکانی مامۆستا هەژار.
دکتور شەهباز موحسینیش باسی لە وەرگێڕانی کتێبی قانوون لە تێبی کرد کە کارێکی دژوار بووە و گرنگییەکی زۆری هەید.
عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی ناسراو بە ھەژار - ساڵی ١٩٢١ لە مەھاباد لە دایکبووە و ساڵی ١٩٩١ لە کەرەج کۆچی دوایی کردووە، ئەو نووسەر، ھەڵبەستوان و وەرگێڕێکی کورد بوو. خاوەنی ژمارەیەکی زۆر بەرھەمی ئەدەبیی پڕ پیتە. ھەژار برای گەورەی سادق شەرەفکەندی، سکرتێریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو.