لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە شارەکانی سنە، جوانڕۆ و سەقز ١١ هاونیشتمانی دیکەش، دوای ناڕەزایەتییەکان بە سزای لەسێدارەدان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون.
رۆژی ١٠ رێبەندانی ١٤٠٣ لە شاری سەقز هیوا ئەمینی، بەهمەن فەیزی و رەحمان رەحیم پوور لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستگیر کراون.
لە شاری جوانڕۆش هێزە ئەمنییەکان ئەرسەلان فەتاحی و سامان سەفەری، لە پێڕەوانی ئایینیی یارسانیان دەستگیرکردووە.
مەحیەدین خالدیان، خەڵکی شاری سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی ٣ی رێبەندان لە شاری جوانڕۆ ٥ هاونیشتمانی بە ناوەکانی ئاتێلا عەبدی، رەزا کامەرانی، ستار بابایی، زەکەریا فیروز بەخت و ئیدریس عەبدوڵاهی دەستگیر کراون و دوای تێپەڕبوونی هەفتەیەک هێشتا هیچ زانیارییەک لە شوێن و هۆکاری دەستبەسەربوونیان لە بەردەستدا نییە.
لە ماوەی رۆژانی رابردوودا لە شارە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا دەیان هاونیشتمانی دەستگیرکراون.
بەپێی راپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، ئەو کەسانە لە پەیوەندیی لەگەڵ مانگرتن و ناڕەزایەتی بە سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، چالاکڤانانی مەدەنی کورددا، دەستگیر کراون.
رۆژی ٣ی رێبەندانی ١٤٠٣ بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە سزای سێدارەی پەخشان و وریشە لە شارەکانی سەقز، مەهاباد، بۆکان، دیواندەرە، شاباد، سنە، پاوە،، بانە کرماشان، کامێران، سەردەشت و مەریوان دووکان و بازاڕ داخران.