Ana içeriğe atla

مەسرور بارزانی و وەزیری دەرەوەی سووریا لە سویسرا کۆبوونەوە

مەسرور بارزانی
کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی سووریا
posted onJanuary 23, 2025
noyorum

مەسرور بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەتەوە و دۆخی ناوچەیان تاوتوێ کردووە و دڵنیایی داوەتە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە "مافەکانی کورد لە سوریا پارێزراو دەبن."

مەسرور بارزانی رۆژی پێنجشەممە لە میانەی کۆڕبەندی ئابووری جیهان لە داڤۆسی سویسرا لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەتەوە.

مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا گوتوویەتی: پاراستنی ئاشتیی و ئارامیی سووریا بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکانی سووریا و لەنێویشیاندا گەلی کورد

ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، گوتی: کورد خوشک و برای ئێمەن و پێکهاتەیەکی گرنگ و ڕەسەنی سووریان و دڵنیایی دەدەین مافەکانیان پارێزراو دەبێت.

وەزیری دەرەوەی سووریا مەسرور بارزانی بۆ سەردانی دیمەشق بانگهێشت کردووە و گوتویەتی: هیوادارین لە داهاتوویەکی نزیکدا لە شام بتبینین.

مەسرور بارزانی لە رۆژی ٢٠ ئەم مانگەوە لە داڤۆسی سویسرایە و لەوێ لەگەڵ کۆمەڵێک دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتاندا هەبووە.

ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت کە مەزڵووم عەبدی و مەسعود بارزانی رۆژی ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٣ بۆ یەکەمجار پێکەوە کۆبوونەوە باسیان لە "رێکخستنی نێو ماڵی کورد و یەک هەڵوێستیی کورد" لە سوریا کرد.