Ana içeriğe atla

خەڵاتی زێڕی فەرشاد گردکانە راهێنەرەکانی سەرسام کردووە

فەرشاد گردکانە
فەرشاد گردکانە لە کاتی وەرگرتنی خەڵات
posted onJanuary 20, 2025
noyorum

فەرشاد گردکانە، وەرزشڤانی خەڵکی کرماشان، لە کێشی ٩٤ کیلۆ لە وەرزشی "جوجیت سۆ"، لە ئاستی ئەورووپادا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا وخەڵاتەکەی پێشکەشی کرد بە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان.

ئەو پێشتر دوو جاری دیکەش لەم کێبڕکێیانەدا بەشداریی کردووە، بەڵام سەرکەوتنی بە دەستنەهێناوە، بەڵام ئەمجارە راستەوخۆ مەدالیای زێڕی بردەوە و ئەمەش بووەتە هۆی سەرسوڕمانی راهێنەرەکانیشی.

کێبڕکێی ساڵانەی جوجیت سۆ، کە جۆرێک وەرزشی بەرگری لە خۆکردنە، لە شاری لیسبۆنی، پایتەختی وڵاتی پورتوگال، بەڕێوەچوو، لەو یارییانەدا لە سەرتاسەری جیهانەوە وەزشڤانان بەشداریی تێدا دەکەن و ساڵێک جارێک بەڕێوەدەچێت.

فەرشاد گردکانە دوای سەرکەوتنی لە کێبڕکێیەکان گوتی: "بوومە قارەمانی هەموو ئەورووپا و ئەمەش تۆمارکردنی مێژوو بۆ کوردستانە و ئەم مەدالیایە لەلایەن خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، پێشکەش دەکەم بە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان."

ئەو لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەشیدا کە لە سەر سەکۆی یەکەم راوەستابوو، ئاڵای کوردستانی بەرز کردەوە.

فەرشاد گردکانە، خەڵکی شاری کەنگاوەر سەر بە پارێزگای کرماشان و پێنج ساڵە لە وڵاتی بەلجیکا دەژیت. ئەو لە شاری کەنگاوەریش وەرزشی زۆرانبازی کردووە.

ئەم یارییانە بە پاڵەوانەتییەکانی  IBJJF ناسراوە و گەورەترین کێبڕکێ لە بواری یاریی جوجیت سۆ دایە.

ئەو پێشتریش زیاتر لە ١٠ جار لە ئاستی جیهانی، ئەورووپا و بەلجیکا بووەتە قارەمان، ئەو پێشتریش لە کاتی وەرگرتنی خەڵات ئاڵای کوردستانی بەرز کردووەتەوە و خەڵاتەکەی پێشکەش بە کورد و کوردستان و بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی کردووە.