Ana içeriğe atla

پەرستارێک لە شنۆ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

مینا رەسوڵ پوور
وێنەی ئاگاداریی سەرەخۆشیی بۆ مینا رەسوڵ پوور
posted onJanuary 20, 2025
noyorum

پەرستاری یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری شنۆ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. بەگوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، رووداوەکە بەهۆی کێشەی خێزانییەوە بووە.

مینا رەسوڵ پوور لە دەرمانگەی شارۆچکەی نەڵۆس، سەر بە شاری شنۆ، پەرستار بووە و رۆژی پێنجشەممە دەرمانی خواردووە و رۆژی دواتر گیانی لەدەستداوە.

بەگوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو فەرمانبەرەی شەبەکەی تەندروستیی و دەرمانی شاری شنۆ، لە ئاکامی ناکۆکی لەگەڵ هاوسەرەکەیدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

مینا رەسوڵ پوور خەڵکی شاری مەهاباد بووە و دوو منداڵی هەیە، بەڵام لە شاری شنۆ فەرمانبەر بووە.

لەم ساڵانەی دواییدا دیاردەی خۆکوشتن لەنێو پەرستار و کادری دەرمانی نەخۆشخانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا زیادی کردووە.

بەپێی راپۆرتە فەرمییەکان، تاوەکو کۆتایی هاوینی ساڵی ١٤٠٣ی هەتاوی لانیکەم ١٣ کەس لە کادری دەرمان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنابوو، لەو ژمارەیە ١١ کەسیان ژن بوون.

محەممەد شەریفی موقەدەم، سکرتێری خانەی پەرستار، سەرەتای بەهاری ساڵی ١٤٠٣ دوابەدوای خۆکوشتنی پەرستارێک لە شاری کرماشان، گوتی: ساڵی ١٤٠٢ ژمارەیەکی زۆری پەرستار خۆیان کوشتووە، بەڵام ئەو ئامارێکی رانەگەیاند.

دۆخی خراپی ئابووری، گوشاری کار و دۆخی خراپی دەروونیی وەک هۆکارەکانی خۆکوشتنی کادری دەرمان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە قەڵەم دەدرێن.