بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاواتودەی کەماڵ لوتفی باوکی ڕەزا لوتفی لە گیانلەدەستداوانی سەرهەڵدانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی لە دێولان، پاش نزیکەی مانگێک دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی، لە شوێنێکی نادیارەوە بۆ بەندیخانەی کامێران ڕاگوێزرا.
بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، بنەماڵەی لوتفی بە سەردان بۆ دادگا زانیویانە کە ناوبراو بۆ بەندیخانەی کامێران ڕاگوێزراوە و دادستانیش لە قەبووڵکردنی هەر چەشنە بەڵگەنامەیەک وەکوو بارمتە بۆ ناوبراو خۆی بواردووە.
سەرەڕای ئەوەی کە کەماڵ لوتفی نەخۆشیی پێستی هەیە و پێویستیی بە دەرمان و پێڕاگەیشتنی پزیشکی هەیە، بەڵام بنەماڵەکەی ئاگاداری دۆخەکەی نین و ناوەندە پێوەندیدارەکانیش وڵامدەر نین.
ناڕوونی چارەنووسی دوو بەندکراوی کورد له ورمێ
ئاواتودەی ئاگادار بووه، سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵێک و ٢٨ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی سیامەک هەیاسی و ئالان داغدار، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵكی گوندی "حاجیاوا" سەر بە شاری بۆکان، تاکوو ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە و لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگیراون.
ئەم دوو هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە لە بۆکان، بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزران و دواتر پاش تێپەڕبوونی ٥ مانگ لە دەسبەسەرکرانیان و لێپرسینەوە، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کران.
یەکێک له هاوڕێیانی ئەم دوو بەندکراوه به ئاواتودەی گوتی، سیامەک هەیاسی بۆ ماوەی ١٠٩ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیدا بووە و بەتوندی ئەشکەنجە دراوە.
ئەم دوو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندان لە مفی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراون. تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەم هاووڵاتییانە، "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" و "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" ڕاگەیەندراوە.