نووسینى: سندووس*
له ساڵی ٢٠٠٣وە، ئه‌ردۆغان سه‌ره‌تا وه‌ک سه‌رۆکوه‌زیران و دواتریش وه‌ک سه‌رکۆمار، ده‌سه‌ڵاتی له تورکیه‌ی ناسه‌قامگیر به‌ده‌سته‌وه گرت و به‌ره‌به‌ره ڕکه‌به‌ره سیاسییه‌کانی وه‌لانا و خۆی گه‌یانده لووتکه‌ی ده‌سه‌ڵات و به هۆی هه‌موارکردنی یاساش، له ڕاپرسێکی گشتی، توانی هێنده‌ی دیکه مه‌چه‌کی ئه‌ستوور بکات، له‌و کاته‌وه تا به ئەمڕۆ ئه‌و پرسیاره له گۆڕێ‌دا بووه که ناوبراو گه‌ره‌کییه‌تی تورکییه به‌ره‌و کوێ به‌رێ و ئاراسته‌ی سیاسی ئه‌م وڵاته چۆن ڕاوه‌سته‌ی له‌سه‌ر ده‌کرێ؟ ههوێنمایهی سیاسهتهکاتی AKPARTI چییه و سه‌رچاوه‌ی هه‌ڵێنجانی فه‌لسه‌فه سیاسییه‌که‌ی، پاشڤهخوازانهیه یان هه‌نووکه‌یی و پڕاگماتیستانه؟
له‌م نێوه‌دا دوو بۆچوون له وانی‌تر زه‌ق و به‌رچاوترن:
١. هێندێک کارناس باوه‌ڕیان وایه که ئه‌ردۆغان به شوێن زیندووکردنه‌وه‌ی ئیمپراتۆری عوسمانییه‌وه‌یه و به‌م پێیه، فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی ناوبراو له چواچێوه‌ی پێکهاته‌ی "نیئۆ عوسمانی خوازی"دا ته‌ته‌ڵه ده‌کرێ.
٢. هێندێکی تر باوه‌ڕیان وایه که سه‌رکۆماری ئێستای تورکیه، له بیری درووست‌کردنی خه‌لافه‌تێکی نوێی ئیسلامیدایه و له ڕێگه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی تۆڕی جیهانی "ئیخوانی"ـیه‌کانه‌وه، گه‌ره‌کییه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین و به‌شێک له دورگه‌ی باڵکان بکێشێته ژێر ڕکێفی خۆیه‌وه و وڵاته‌که‌ی وه‌ک ڕێبه‌ر و نوێنه‌ری جیهانی ئیسلام، بنێرێته گۆڕەپانی شه‌ڕی دژبه‌رانه‌وه.
به‌ڵام به خوێندنه‌وه‌ی ڕەفتاری ناوبراو، بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که ئه‌و کابرایه سه‌ر لێ شێواوه، هیچ به‌رنامه‌یه‌کی له پێش داڕێژراوی بۆ گه‌یشتن به ئامانجه سیاسییه‌کانی نییه. ناوبراو تا ئێستا به کرده‌وه سه‌لماندوویه‌تی که تێگه‌یشتنی له ئه‌زموونی ٦٠٠ ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی عوسمانییه‌کان زۆر که‌م و پڕ له پاڕادۆکسه. پێویسته بزانین که ئیمپڕاتۆری عوسمانی به گرتنه‌پێشی ستڕاتیژێکی "کۆنکرێت و عه‌ینی" چێ کرا، که‌چی ئه‌ردۆغان به ئیستڕاتیژێکی حه‌زف و قرتاندن، پێی ناوه‌ته گۆڕەپانهوه.
له ئیمپڕاتۆری عوسمانی دا، ڕێبه‌ر بۆ هۆزه‌کانی تورک زمان، واته "غازی"ـیه‌کان، که له ده‌ورانی "سڵجووقییهکان"ـه‌وه فۆرموولە ببوو، ناسناوی "پاشا"ی پێ درابوو. بۆ عهرەبان "سوڵتان" و بۆ "مه‌سیحی"یان "قه‌یسه‌ر"ی ناو بوو، له دوای "سوڵتان سه‌لیم"ـه‌وه، بۆ موسڵمانان که زیاتر له ٧٠%ی حه‌شیمه‌تی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیمپڕاتۆری عوسمانیان پێک دێنا، ناوی "خەلیفه"یان بۆ دیاری کردبوو.
له به‌رابه‌ر ئه‌م سه‌رچه‌شنه کۆنکرێت و عه‌ینییه‌ی ده‌ورانی عوسمانییه‌کان که چندین ماک و چندین هۆکاری سه‌ره‌کی سازێنه‌ری بوون و له ڕاستیدا شووناسێکی ته‌واو تێکه‌ڵاوی هه‌بوو و ته‌نانه‌ت کورده‌کانیش ڕۆڵی کارایان تێدا ده‌گێڕا، ئه‌ردۆغان ته‌نیا له چه‌ند ماکێکی مه‌به‌ستدار که‌ڵکی وه‌رگرتووه: ڕۆژێک له سه‌ر گه‌وره‌یی نه‌ته‌وه‌ی تورک ده‌دوێ، به بێ ئه‌وه‌ی ڕوونی بکاته‌وه که مه‌به‌ستی له نه‌ته‌وه‌ی تورک چییه، ئایین و زمانه؟ یان خوێن و تیره و یاده‌وه‌ری مێژوویی؟
ڕۆژێکی تر شانازی به میراتی "هیتایی"ـیه‌کانه‌وه ده‌کات و لای وایه میراتگری شارستانییه‌تێکه که ٢٠٠٠ ساڵ به‌ر له هاتنی عه‌شیره‌ته‌کانی عوسمانی بۆ "ئاسیای بچووک"، بێچمی گرتووه. کاتێک باسی ئیسلامیش دێته ئاراوه، ڕۆژێک ده‌چێته پاڵ مه‌زهه‌بی "حه‌نه‌فی" و "عه‌له‌وی"ـیه‌کان، که وه‌ک لقێک له مه‌زهه‌بی "شیعه"، چاویان لێ ده‌کرێ، به پیس و که‌م بایخ ده‌قه‌بڵێنێ.
جاری واشه بابه‌ته فکرییه‌کانی "ئیخوانی"ـیه‌کان، که شافعی مه‌زهه‌بن، کاوێژ ده‌کاته‌وه. سه‌رلێشێواویی ئه‌ردوغان کاتێ زیاتر ده‌رده‌که‌وێ که له قه‌واره‌یه‌کی لێبڕاوانه‌ی دژایه‌تی ده‌گه‌ڵ وڵاتانی ڕۆژئاواییدا خۆی نیشان ده‌دات، له کاتێکدا که له په‌یمانی ئاتلانتیکی باکووری (ناتۆ) ئه‌ندامه و ناشیهه‌وێ تراویلکه‌ی ئه‌ندامێتی له یه‌کێتی ئه‌ورووپا له بیر به‌رێته‌وه.
دیاره ئه‌ردۆغان یه‌که‌م سه‌رکرده‌ی وڵاتێکی جیهانی سێهه‌می نییه که له‌گه‌ڵ پرسی قه‌یرانی شووناس ڕووبه‌ڕوویه. له ماوه‌یه‌کی زه‌مانی که‌متر له یه‌ک سه‌ده، ته‌واوی کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی ناچار بووه که سه‌رچه‌شنی ئه‌ورووپایی ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه قه‌بووڵ بکات و ئه‌زموونی مێژوویی چه‌ندین هه‌زار ساڵه‌ی خۆی، له بیر به‌رێته‌وه.
دوای شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی و داڕمانی ئیمپڕاتۆری عوسمانی، مسته‌فا که‌مال پاشا (ئاتاتورک) و هاوبیرانی، به‌رنامه‌ی گۆڕینی تورکییه، بۆ وڵاتێکی مۆدێڕنی ئه‌ورووپییان به په‌له داڕشت، دیاره بیرۆکه‌ی به ئهورووپیکردنی تورکیه له دوایین ڕۆژەکانی ته‌مه‌نی عوسمانییه‌کان ده‌ستی پێ کردبوو، هه‌ر وه‌ک دەزانین "بزووتنەوەی مەشڕووتەخوازان"، "جوڵانه‌وه‌ی چاکسازی و پێشکه‌وتن"(جنبش اصلاحات و ترقی) و "تاقمی تورکانی لاو"، ده‌مڕاستی ئه‌م فکره بوون، به‌ڵام له به‌ر ئه‌وه‌یکه سه‌رچه‌شنێکی یه‌کگرتوو بۆ پێکهێنانی ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه، به شێوه‌ی ئه‌ورووپییه‌کانیان له لا درووست نه‌ببوو و ته‌نیا به شێوه‌ی ڕووکه‌شانه و هێمایی ئاوڕیان له بابه‌تگه‌لی وه‌ک:
- گۆڕینی ڕێنووسی عه‌رەبی بۆ لاتین
- وه‌لانانی وشه‌گه‌لی عه‌رەبی له زمانی تورکی
- قه‌ده‌غه‌کردنی ڕووپۆشی ژنان و مندیل و مێزه‌ری مامۆستایانی ئایینی
- به حکومه‌تیکردنی ئه‌وقاف و ... هتد
دابووه و هیچکات بۆ به "سێکۆلار"کردنی کۆمه‌ڵگای تورکیه و به یاساکردنی و پیاده‌کردنی "دیموکراسی" واقعی و هێنانه‌ئارای سیستمێکی په‌روه‌رده‌ی مرۆڤ ته‌وه‌ری، به دوور له ده‌مارگرژی تێنه‌کۆشاون و هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی نیزامی تورکیه‌ی نوێوه، هه‌م دین له خزمه‌ت سیاسه‌تدا بووه و هه‌م به گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی حه‌زف و قرتاندنی "ئه‌ویتر"، واته کورد و ئه‌رمه‌نی و ... هتد ماهیه‌تی پڕ له دژوازی خۆیان نیشان داوه.
له وه‌ها بارودۆخێکدا، هێندێک له ڕووناکبیران و چالاکانی سیاسیی عوسمانی، به پهیڕەوی له ناسیۆنالیزمی هه‌ڵقوڵاوی "خاک" و "خوێن"ـی هاوبه‌ش، ئامانجێکی شۆڤینیستانهیان له ژێر ناوی "پانتورکیزم"، داڕشت و بۆ پێکهێنانی جیهانێکی تورک زمان له باڵکانه‌وه تا ئاسیای ناوه‌ڕاست تێکۆشاون. هه‌رچه‌ند ناتوانین حاشا له بوونی تاقمێک چه‌پی ڕادیکال بکه‌ین که له ژێر کاریگه‌رێتی شۆڕشی بۆلشڤیکی ببوونه مارکسیست ـ لێنێنیستی ٢٤ عه‌یار و بانگەشه‌ی پێکهێنانی حکومه‌تێکی جیهانییان، له ژێر ناوی حکومه‌تی پڕۆلیتاریادا ده‌کرد.
ئێستا ئه‌ردۆغان به سه‌رلێشێواوییه‌کی ته‌واوه‌وه، له هه‌ر فاکتۆڕێک که‌ڵک وه‌رده‌گرێ تا به‌ڵکوو بتوانێ جۆگرافیای ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌رینتر بکاته‌وه و خۆشی وه‌ک قاره‌مانێکی ڕزگاریده‌ری ئارێشه قووڵه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگای تورک بناسێنێ. به‌ڵام به باوه‌ڕی کارناسان "ئه‌ردۆغان"، نه‌ک ههرناتوانێ به مه‌به‌سته‌کانی بگات، به‌ڵکوو کۆمه‌ڵگای تورکیه، به‌ره‌وه داڕمانێکی ترسناک ده‌بات، چوونکه له هه‌زاره‌ی سێهه‌می زایینی ده‌مامکی له ڕوو هه‌ڵماڵدراوه و سیاسه‌ته سۆڤینیستییه کمالیستییهکهی بۆ گشت لایه‌ک ده‌رکه‌وتووه. داهاتوو هه‌ڵه سیاسییه‌کانی "ئه‌ردۆغان"، زۆر زیاتر ده‌سه‌لمێنێ، به‌ڵام ئیتر دره‌نگ ده‌بێ و که‌س ناتوانێ سه‌رداوی که‌ڵافی بێسه‌روبنی ئه‌و کابرا "نارسیسته" بدۆزێته‌وه و به هانایه‌وه بێت.
*تێبینى:
ئەم بابەتە نیشاندەرى ڕوانگەى شەخسى نووسەرە.