Ana içeriğe atla

ئۆپۆزسیۆنى کوردى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان کۆمەڵکۆژیی بەلووچەکانی مەحکوم کرد

ئۆپۆزسیۆنى کوردى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان کۆمەڵکۆژیی بەلووچەکانی مەحکوم کرد
AvaToday caption
posted onFebruary 26, 2021
noyorum

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتى کوردستانی ئێران، سەبارەت بە کوشتنی کاسپکاران و سووتەمەنیبەرانی بەلووچ لە ناوچە سنوورییەکانى پارێزگاى سیستان و بەلوچستان ڕاگەیندراوێکیان بڵاو کردەوە و تیایادا کۆمەڵکوژییە نائیسنانییەکانى کۆمارى ئیسلامییان مەحکوم و پڕۆتستۆ کرد کە لە ڕێگەى هێزى ئینتزامییەکان و سوپاى تیرۆریستى پاسدارانەوە ئەنجامى دەدات و تا ئێستا دەیان کەس لە کاسپکاران و ژنان و منداڵان و پیرەکان بوونەتە قوربانى و ئێستاش ئەنتەرنێتى لەسەر داخستوون بۆ ئەوەى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و ڕێکخراوەکانى مافى مرۆڤ ئاگادارى ئەو کارەسات و قڕکارییە نەبن کە ڕوو دەدات.

 

ئەمەش ڕاگەیێنراوى هێزە کوردییەکانى دژ بە کۆمارى ئیسلامییە لەسەر ئەو کۆمەڵکوژییە:

بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ بەداخەوە بەکرێگیراوانی بەناو سنوورپارێزی سپای پاسداران، ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕەشەمەی ٩٩ی هەتاوی، لە ناوچەی سنووری “بۆمپەشت”ی، سەراوان، تەقەیان لە کاسبکارانی بەلووچ کرد و لە ئاکامی تەقەی ئەو هێزانەدا ١٠ کەس کوژران و بە دەیان کەسیش بریندار بوون.

ئەوە یەکەمجار نییە بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەو جۆرە جینایەتانە دەکەن و ئێمە ڕۆژانە دەبینین کە لە ئاکامی جینایەتەکانی ڕێژیم لە کوردستان و کوشتاری کۆڵبەران و باقیی نەتەوەکانی دیکەی ئێران لە ناوچەکانی ئەو وڵاتە، کە بووەتە کاری هەموو ڕۆژێکی دەست و پێوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە.

دۆخی تاڵ و ناخۆشی ناوچە و نەبوونی هەلی کار و سنووردارکردنەکان بۆ نەتەوە ژێردەست و زوڵم لێکراوەکانی ئێران بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵک هیچ دەرەتانێکیان نەبێ و بۆ بژێوی ژیانی ڕۆژانەیان ڕوو بکەنە سەر سنوورەکان و بۆ دابینکردنی نانی شەو گیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، وێڕای مەحکوم کردنی ئەو جەنایەتە دژە مرۆڤییە، سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی قوربانیان و هیوای سڵامەتی بۆ برینداران، لەو باوەڕەدایە کە هۆکاری سەرەکیی هەمووی ئەو جینایەت و وێرانکارییانە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و لەنێوبردنی ئەو ڕێژیمە تەنیا ڕێگایەکە کە لە پێش خەڵکی ئێراندایە.