Skip to main content

پیشەسازیی ئێران بەرەو داڕمان دەچێت

پیشەسازیی ئێران بەرەو داڕمان دەچێت
یاساکانی کۆماری ئیسلامی ڕێگرن لە گەشەی پیشەسازی
posted onOctober 28, 2018
nocomment

 

رۆژنامەی جیهانی سەنعەت ئەوڕۆ ٦ی خەزەڵوەڕ بڵاوی کردووەتەوە کێشەکانی کەرتی پیشەسازی ئێرانی بۆتە هۆی ئاوسان و داخستنی یەکەکانی پیشەسازی.

 

عەلیرەزا سەقیری شارەزای پیشەسازی دەڵێ "پەیکەری پیشەسازی ئێران بە برینی کۆنەوە گرفتارە و بەرپرسانی دەوڵەتی هیچکات کێشەکانی ئەو کەرتەیان بەهەند وەرنەگرتووە". هەڵبەز و دابەزی نرخی ئەرز، ئاوسانی ئابووری، قازانجی زۆری بانکی لە پەنا جێبەجێکردنی سەقەتی پڕۆژەی یارانەکان وایکردووە کەرتی پیشەسازی و بەرهەم هێنانی ئێران تووشی کێشەی گەورە ببێتەوە.

 

یاساکانی کۆماری ئیسلامی ڕێگرن لە گەشەی پیشەسازی

سەقیری لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێ: یاسا و بۆرۆکراسی ئیداری بارودۆخی بۆ بەرهەمهێنەران و فرۆشیارانی ئەو کەرتە هەستیارە زۆر دژوار کردۆتەوە، تا ئەو جێگایەی کەس متمانەی بەو کەرتە نەماوە بۆ ئەوەی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنانی تێدا بکەن. ئەو کارناسەی بواری پیشەسازی بە ئاماژەدان بە گرانی و نەبوونی پێداویستی و پارچە جۆراوجۆرەکانی ئامێرە پێشەسازییەکان دەڵێ گەورەترین خەسار کە وەبەر ئەو کەرتە کەوتووە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دوو هۆکارە.

بە گووتەی سەقیری دەوڵەت لەگەڵ چالاکان و سەرمایەگوزارانی ئەو کەرتە یاری دەکات و قەرەبووی ئەو زەرەر و زیانانە ناکاتەوە کە وەبەر کەرتی پیشەسازی کەوتوون. شایانی باسە بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران زۆربەی جومگە ئابووری و ماڵییەکانی کۆماری ئێران تووشی قەیرانی قوڵ بوونەتەوە و کۆمپانیا و بانکە نێو دەوڵەتیەکان بە کۆمەڵ پێوەندیەکانی خۆیان لەگەڵ ئەو وڵاتە دەپسێنن.

 

وابڕیاڕە ١٣ی مانگی خەزەڵوەر گەمارۆکانی کەرتی نەوت لەسەر ئێران کە بە ستوونی فەقەراتی ئابوری ئێران دەناسرێتەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەو کارە ئابووری ئێران لەمە زیاتر تووشی داڕمان دەبێتەوە. پشتیوانیکردن لە گرووپە تیرۆریستییەکان، دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان و هەوڵدان بۆ بەدەست هێنانی چەکی ناوەکی، پەرەدان بە گەڵاڵەی موشەکی و پێشیڵ کردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا سەرەکیترین هۆکارەکانی گەمارۆکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئەو وڵاتەن بۆسەر کۆماری ئیسلامی.