Skip to main content

کۆمارى ئیسلامى تەنافى قەنارە بۆ ئێرانییەکان توندتر دەکات

کۆمارى ئیسلامى تەنافى قەنارە بۆ ئێرانییەکان توندتر دەکات
کۆماری ئیسلامی بۆ شاردنەوەى دزی و گەندەڵى گەورەکانى خەڵکى لەسێدارە دەدا
posted onOctober 22, 2018
nocomment

 

کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دەربازبوون لەو قەیران و ئاڵۆزییەى تێی کەوتووە "داری لەسێدارەکان" دژى نەیاران و خەڵکەکەى بە کار دەهێنێت، بۆ ئەوەى ترس و تۆقین لە نێویاندا بچێنێت.

 

بەم دواییانەش دادگای ئەو وڵاتە سزای لەسێدارەدانى بۆ دوو کەس بە تۆمەتى "بەقاچاخبردنى دراو" داوە و، میدیاکانى ئەو وڵاتەش ناوی یەکێکیان بە "میری پارچە زێرەکان" وەسف کردووە. ئاژانسى هەواڵى میزان، سەر بەدەسەڵاتداری دادوەرى لە زاری غولام موحسینی ئیجائی، گوتەبێژی دەسەڵاتداری دادوەری بڵاوی کردەوە "ئەو تۆمەتبارانە گەندەڵییان لە زەویدا بڵاو کردووەتەوە و، و بە پێی بەڕێوەچوونى دادگاییکردنیان سزاى لەسێدارەدانیانیش بۆ دەرچووە".

ئەمەش لە کاتێکدایە حکومەتى ئەو وڵاتە هۆکاری سەرەکیی ئاڵۆزبوون و تێکچوونى ڕەوشى ئابوورى گشتى ئێرانە، کە لە ڕێگەى قۆرخکردنى سەرجەم جومگەکانى دەسەڵات پاوانخوازییان بەسەر کەرتە سەرەکییەکانى ئابوورى گرتووە. تۆمەتى "گەندەڵى لەسەر زەوی"، مەترسیدارترین تۆمەتە لەو وڵاتە ئاراستەى کەسێک بکرێت، چونکە ئەنجامەکەى ڕوونە کە ئەویش لەسێدارەدانە.

سزادراوەکانیش بریتی بوون لە "وەحید مەزلومین، کەبەمیری پارچە زێرەکان ناسراوە، لەگەڵ محەمەد ئیسماعیل قاسمی یە، بەبێ ئەوەى زانیاریی وردی لەبارەوە هەبێت". گرنگترین ئەو تۆمەتەش ئاراستەى ئەو دوو کەسە کراون "ئەنجامدانى ناسەقامگیری لە ئابوورى ئێرانداو، دروستکردنى تۆڕێکى نایاسایی بۆ ئاڵوگۆری دراو و زێر"، بەڵام لەنێوخۆی تاراندا، ئەوانەى مامەڵە بەو دوو جۆرە کاڵایە دەکەن، بەرپرسانى باڵاى سوپای پاسداران و کەسە نزیکەکانى ڕابەرى باڵاى کۆمارى ئیسلامین، کە هیچ کەسێک ناتوانێت نزیکیان بکەوێت، چونکە کەرتى بانکى و بازرگانى نێودەوڵەتیان قۆرخ کردووە.

دانیشتنى دادگاییکردنى مەزلومین و قاسمی، لە هەشتى ئەیلوولی رابردوو دەستى پێکرد، کە لەو نێوەندەشدا کەسی سێیەمیش تۆمەتبار کراوە بە ناوى حەمید باقری درمانى، کە ئەویش سزاى لە سێدارە درا، بەڵام سزای تێهەڵچوونەوەى کراو، بڕیاریش لەبارەوە دەرنەچووە. ئیجائی لە بارەى سزای لە سێدارەدان دژى ئەو سێ کەسە وەک هۆشدارییەکە بۆ ئەوانەى مامەڵە لەبازاڕەکاندا دەکەن و، بە گووتەى خۆى "ناسەقامگیری لە وڵاتدا دەنێنەوە".

ئێران لەدواى سزاکانى ئەمریکاوە، ڕووبەڕووى کەمیی دراوی بیانی بووەتەوە، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بەهاى دراوى تمەن کردووەو، بەرەو داڕمانێکى گەورە بردووە. لەچەند مانگی ڕابردوو بەپێی مامەڵەى بۆڕسەى ئەو وڵاتە بەهاى دراوى نیشتیمانى سەدا 75 لەدەست داوە، ئەمەش سەرلێشوانى لەئابوورى و ئاراستەى بازرگانى تاران دروست کردووە.

هەرچەندە ئەمریکا ڕێگرى لە وڵاتانى جیهان دەکات، مامەڵەکانیان لەگەڵ ئێران بە دۆلار بێت، بەڵام ڕژێمى کۆمارى ئیسلامی لە ڕێگەى دەروازەى ئەفغانستانەوە کار بۆ بەدەستهێنانى دراوى بیانى دەکات و، بازرگانییەکی چڕی لەوێ دروست کردووە.

هەرچەند سزاکان دژى تاران تووندتر بێت، ئەوا دەسەڵاتداران زیاتر دژى هاووڵاتیانى هەنگاو دەنێت و، سزای تووندتریان بەسەردا دەسەپێنێت.