Skip to main content

ئایا ڕێککەوتنی هەسەدە و ئەسەد کۆتایی پڕۆژەی کورد ـ ڕۆژئاوایە؟

ئایا ڕێککەوتنی هەسەدە و ئەسەد کۆتایی پڕۆژەی کورد ـ ڕۆژئاوایە؟
AvaToday caption
posted onOctober 21, 2019
nocomment

 بە چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا و دەستپێکى هێرشى تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، هێزەکانى سوریەى دیموکراتیک جارێکی دەستی هاوکارییان بۆ بەشار ئەسەد درێژ کردووە.

 

پرسیار ئەوەیە ئاخو دەرەنجامى چوونی سوپاى سوریە بۆ ناوچەکانی ڕۆژئاوا چییە و ئاخر دەبێتە هۆى کۆتاییهاتنى ئاواتەکانی ئەو بەشەى کوردستان؟ ڕۆژئاوای کوردستان هەمیشە لە لایەن ئەردۆغانەوە وەک هۆکارى دەنەدانى کوردانى باکوور و کێشەیەک بۆ ئەو وڵاتە چاوى لێ کراوە. ئێستا بە چوونی سوپاى سوریە هێرشی تورکیە بۆ ڕۆژئاوا، خۆبەڕێوبەری کوردستان مەترسی کەوتۆتە سەر.

داواکردن لە بەشار ئەسەد بۆ ئەوەی هێز بنێرێ بۆ ڕۆژئاوا تا لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیە هاوکارییان بکات، بۆ مەزلوم کوبانی قوور بووە، ئەوەتا خۆى دەنووسێت "ئێمە متمانەمان بە بەڵێن و وادەکانیان نییە. ڕاستتان دەوێ قورسە بزانین باوەڕ بە کێ بکەین". بە چوونەدەرەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان و فراوانتربوونى هێرشی تورکیە، کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کەوتنە نێو گێژاوێک. مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریەی دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند "ئێستا ئێمە بە سینگی ڕووتەوە لە بەرابەر خەنجەری تورکیە وەستاوینەتەوە".

هەواڵدەری ئاڵمان لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا ئەوەی وەبیرهێناوەتەوە کە بوونی هێزەکانی بەشار ئەسەد لە ڕۆژئاوای کوردستان، پڕۆژەی خودموختاری ڕۆژئاوا کە ئەنجامی خەباتێکی سەخت و درێژە، لە کۆتایی خۆی نیزیک دەخاتەوە. پێش دەستپێکردنى هێرشی سەربازی تورکیە لە ڕۆژی ١٧ ڕەزبەر بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، ڕێژەی یەک لەسەر سێی کۆی خاکی سوریە لە دەست هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بوو.

بەشار ئەسەد هاوینی ساڵی ٢٠١٢ هێزەکانی خۆی لە ڕۆژئاوای کوردستان کشاندەوە بۆ ئەوەی بتوانێ لە شوێنەکانی دیکەی ئەو وڵاتە لەگەڵ هێزە ئیسلامیییە جیهادیەکان شەڕ بکات. بەو پێیە شەڕی ناوخۆیی کەشێکی لەباری بۆ درووستکردنی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان خوڵقاند. ئەگەرچی ئەزموونی خوموختاری ڕۆژئاوای کوردستان لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ددانی پێدا نەنرا، بەڵام ئەو ئەزموونە توانی ٤٠ ملیۆن کورد لە چوار بەشی کوردستان کە تا ئێستا خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان نین هان بدات بۆ ئەوەی ئەو باوەڕیان تێدا  بەهێز بێت.

زۆربەی کوردەکان لە باکوری کوردستان دەژین و دوای ئەوە زیاتریان لە ڕۆژهەڵات و  باشوری کوردستان. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو دیمەشق لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بە کردەوە هیچ دەسەڵاتێکی نەبووە.

 

ئەردۆغان گەمە بە کارتی بەشار ئەسەد دەکات

ڕۆژئاوااا

ئێستا جارێکی دیکە ئاڵای سوریە لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان هەڵ کراوە و زرێپۆشەکانى حکومەتەکەى ئەسەد گەیشتوونەوە ئەو ناوچانە. ئەرتەشی بەشار ئەسەد هەتا شارەکانی تەل تەمەر لە حەسەکە، تەبەقە لە نیزیک ڕەقە و منبج و کوبانی و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان هاتوونەتە پێشەوە.

تەنانەت دوای ئاگربەستی ٥ ڕۆژە کە ڕۆژی پێنجشەممە لە نێوان تورکیە و ئەمریکا واژوو کرا، هیچ دڵنیاییەکی بۆ رۆژئاوا تێدا نییە کە جارێکی دیکە هێزەکانی بەشار ئەسەد لەو ناوچەیە بچنە دەرێ. هێزەکانی سوریەی دیموکرات دەڵێن ڕێککەوتن لەگەڵ دیمەشق ڕێککەوتنێکی سەربازییە.

لەو نێوەدا سەرکۆماری تورکیە خەریکە یارى بە کارتی سوپاى سوریە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکات. ئەردۆغان دەیهەوێ ناوچەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا لە ناو ببات بۆ ئەوەی کاریگەرییان لەسەر کوردەکانى باکوور نەبێت. لە لایەکی دیکە ئەو کارەی ئەردۆغان کارکردێکی ناوخۆیی هەیە. ناوبراو لەو ڕێگەیەوە کەلێنی لە ڕیزی دژبەرانی خۆی دروست کردووە و توانیویەتی لە نێوان هەدەپە و ئۆپۆزۆسیۆنی دیکەی تورکیە کێشە و درز دروست بکا و ئەردۆغانسش هەدەپە بە پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە تاونبار دەکات، بەڵام هەدەپە ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

هەدەپە بە سرنجەوە بە دوای پڕۆژەی ڕۆژئاوا دەکەوێ. حیزبی دیموکراتیکی گەلان بە پێچەوانەی بۆچوونی ئەردۆغان و نەتەوەگەراکانی تورکیە، بانگەشەی پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی نەکردووە بەڵکو لاینگری دروستبوونی دەوڵەتێکە بە پێکهاتەى فیدراڵی کردووە بۆ ئەوەی مافەکانی مرۆڤی کوردەکانی تورکیە بپارێزرێت. باریش دەڵێ: پرسەکە لێرەدا لەسەر ئەزمونێکی دیموکراتیکە کە لە ڕوانگەی ئەوە ڕۆژئاوا" وڵاتانی ڕۆژئاوا" گرینگی پێ نادات. ئەو پرسە لە ئاڵمان کۆمەڵێک کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە.

بە گووتەی پینار تانک توێژەری ئەنستیتۆی توێژینەوەکانی ئاشتی ئۆسڵۆ بۆ کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەو ناوچە بە ئارەزوویەک کە دەرەتانی وەدیهاتنی هەیە سەیر دەکرێت. ئەوان بە جیاوازی لەگەڵ ناوچەکانی دیکە ئیدەی پێشکەوتوویان هەبووە و ناوچەکەیان بە باشی ئیدارە کردووە.

ڕۆژئاوااا

لەو بیرۆکە تایبەتیانە دەکرێ ئاماژە بە درووستکردنی قوتابخانەکان، هێزی ئەمنی سەربەخۆ و هەروەها سیستەمی تەندروستی بکرێت کە بە هاوکاری بیانی بنیات نراون. لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕۆژئاوا فرەژنی قەدەغەیە، ژنان و پیاوان پێکەوە ئیدارەی دامەزراوە و ئیدارەکان  و خزمەتگوزاری گشتی دەکەن و هەروەها باوەڕی دینی بە پێچەوانەی بەشی زۆری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بابەتێکی تاکە کەسیە.

بە گووتەی لێکۆڵەرانی ئاڵمان پڕۆژەی ڕۆژئاوا زیاتر بە هۆی نەپچڕانی پەیوەندی نێوان پەکەکە و پەیەدە کەوتۆتە مەترسی.  بە گووتەی پیناز تانک وێنەکانی عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە بە هەمان ئەندازەی وێنەکانی کەماڵ ئەتاتورک لە تورکیە لە ئیدارەکانی ڕۆژئاوا بەدی دەکران.

ئێستا کوردەکان بە نابەدڵی کار لەگەڵ بەشار ئەسەد دەکەن. پەیوەندییەکانیان لەرزۆکە. حافز ئەسەد بابی بەشار ئەسەد ناسنامەی لە دەیان هەزار کورد وەرگرتبووەوە. ژمارەی کوردەکانی بێ ناسنامە لە سوریە لە ساڵی ٢٠١١ بە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەس دەخەمڵێندرا. ئەوە لە کاتێکدایە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان خاوەن سەرچاوەی گەورەی نەوتە.

لە کۆتاییدا و بە گووتەی توێژەری ئەنستیتۆی توێژینەوەکانی ئاشتی ئۆسلۆ، هەمووکات کوردەکان ناچار بوون لە نێو لایەنەکان گەمە بکەن. ئەوان بە باشی ئەوە دەزانن کە لە کێبەرکێی نێوان هێزەکان کەڵک وەرگرن.