Skip to main content

ئەرتەشی ئازادی سوریە بۆ لە شەڕی ڕۆژئاوا هاوکاری تورکیە دەکات؟

ئەرتەشی ئازادی سوریە بۆ لە شەڕی ڕۆژئاوا هاوکاری تورکیە دەکات؟
AvaToday caption
posted onOctober 15, 2019
nocomment

بەرزی  تووندوتیژی سەربازانی ئەرتەشی ئازاد کە تورکیە بە ناوی ئەرتەشی نەتەوەیی سوریە دەیانناسێنێ و چەند گرووپێکى تەندئاژۆى ئیسلامى و تیرۆریستین، لە بەرامبەر ڕۆژئاوای کوردستان ڕەوایی مەزهەبیشی پێ دراوە، لەو نێوەدا هێزە چەکدارەکانی تورکیە کورد بە کافر دەزانن. لێرە ئەو پرسیارە دێتە ئارا هۆکاری قوڵکردنەوەی ئەو شەڕە مەزهەبی و نەتەوەییە لەگەڵ کوردەکان لە لایەن ئەرتەشی ئازادەوە چییە؟

 

ئەو کەسانەی ئەو ڕۆژانە لە ژێرناوی ئەرتەشی نەتەوەیی سوریە لە بەرەی پێشەوەی هێرشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستانن پێک هاتوون لە ئەندامانی گرووپە عەرەب و تورکەمەنییەکان کە بە شێوەی خۆبەخشانە چوونەتە نێو ئەو هێزەوە. هێزەکانی سوریەی ئازاد کە بە پشتیوانی ماڵی، سەربازی و فێرکاری تورکیە درووست بوون ئەو ڕۆژانە خۆیان بە میراتگری شۆڕش دژی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دەزانن و بەرەیەکی نوێی شەڕیان دژی کوردەکان کردووەتەوە.

ئەلیزابێت سێرکۆف لێکۆڵەری ئەمریکی لە پەیوەندییە دەرەکییەکان لە شرۆڤەکردنی ئەنجامی قسەکردن لەگەڵ سەدان کەس لەو چەکدارانە دەڵێ: پێش لە هەر ئایدۆلۆژییەکی دیاریکراو، تەماعی زۆری ئەو چەکدارانە بۆ پارە و دەسەڵات پاڵنەرێکی هەرە سەرەکییە بۆ گرتنەبەری تووندوتیژی و بێ ڕەحمی لە شەڕدا.

ئەرتەشی سوریا

بە گووتەی سێراتۆف لە راستی نەژادپەرەستی، ناسیۆنالیزمی عەرەبی، دژایەتی و بوونی ڕق لە کوردان و هەڵنەکردنى پێکەوەژیان لە نێویاندا هۆکارن بۆ زیاتر سووربوونیان لەسەر بەدەستهێنانی بەرژەوەندی ماددى و سیاسی.

ئەو کاتەی ساڵی ٢٠١٦ تورکیە دەستی کرد بە پشتیوانی لەو گرووپە تیرۆریستیانە، ئەوان ئەرکدار کران کە هەروا درێژە بدەن بە شەڕ لەگەڵ ڕژیمی ئەسەد. ئەوە لە کاتێکدابوو کە ئەوان پێشتر لە سنووری تورکیە لەگەڵ ملیشیاکانی داعش و هێزەکانی سوریەی دیموکرات (هەسەدە) شەڕیان کردبوو. ئێستا و دوای وەستانی پشتیوانی لە کوردەکان لە لایەن ئەمریکا، هێزەکانی سوریەی ئازاد بە هاتنەوە نێو قوڵایی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریە، پەرەیان بە شەڕێک داوە کە پڕە لە پەرەدان بە کێشەی نەتەوەیی و مەزهەبی.

چەکدارەکانی سوریەی ئازاد شەڕ لەگەڵ کوردانی ڕۆژئاوا بە خێر دەزانن و کوردەکان بە کافر دادەنێن. ئەو هێزانە بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و مافی خەڵکی سڤیل لە شەڕدا و بەوپەڕی چێژوەرگرتنەوە دەستیان کردووە بە کوشتاری خەڵکی ڕۆژئاوا. ئەو هێزانە خۆیان بە سوپای محەمەد ڕەسوڵ للە دادنێن و بە لەسەر ئاڵاندنى پەڕۆیەکی ڕەش کوردەکان بە بەراز ناودەبەن و بە ئامانجی پاکتاوی نەتەوەیی هێرشیان دەکەنە سەر.

هەتا ئێستا ئەرتەشی تورکیە تەنیا لە ڕێگەی ئاسمانییەوە بەشداری ئەم شەڕەى دژی کوردەکانی کردووە و لە بەرامبەر ژمارەی زۆری کوژراوانی هێزە جیهادییە ئیسلامییەکان ژمارەیەکی کەمی چەکدارانی بە ڕەچەڵک تورک کوژراون. شێوەی هێرشی ئەرتەشی ئازاد هاوشێوەی هێرشەکانی داعشە و دوای تاڵانکردنی ماڵی خەڵک دەست بە ئەشکەنجە  وئازاری خەڵکی سڤیل دەکەن.