Skip to main content

خامنەیی خەون بە ڕووخانى ئەمریکاوە دەبینێت

خامنەیی خەون بە ڕووخانى ئەمریکاوە دەبینێت
ئێران بە هۆى کۆمارى ئیسلامییەوە خۆى لە گیانەڵادایە
posted onOctober 6, 2018
nocomment

 

رابەرى باڵاى کۆمارى ئیسلامی ئێران بۆ دەربازبوونى قەیرانى ئابوورى وڵاتەکەى، هۆشداریی دەداتە ویلایەتە یەکگرتووەکان و دەڵێت "تاران شکست بە واشنتۆن دەهێنێت و بە هۆى سزاکانیەوە دەرووخێت".

 

عەلى خامنەیی لە پەیامێکى تەلەڤزیۆنیدا باسى لەوەش کرد "ئێران بە کاتێکى هەستیار تێپەر دەبێت"، هۆکارەکەشى خستۆتە سەر هەڕەشەکانى ئەمەریکا و ئاڵۆزییە ئابوورییەکان". گووتیشى "بەپشتیوانى خودا بەسەر سزاکان سەردەکەوین و شکستیش تووشى ئەمریکا دەبێت، دەبێت زللـەیەکى دیکەش لەلایەن گەلی ئێرانەوە لە ئەمریکا بدرێت".

ئەو لێدوانەى ڕابەرى باڵاى کۆمارى ئیسلامی، لە کاتێکدایە ڕەوشى ئابوورى و ئاستى بژێوى هاووڵاتیان بە ئاستێک تووشى داڕمان بووە، دەسەڵاتداران هیچ چارەسەرێکى گونجاویان لەهەگبەدا نییە. واشنتۆن لەگەڵ جێبەجێکردنى یەکەم پاکێجی سزا ئابوورییەکانى بەسەر تاران، بازاڕە لاوازەکەى ئەو وڵاتە تووشى شڵەژانێکى گەورە بووەوە، بە جۆرێک بەهاى دراوى نیشتیمانى تمەن بەسەدا ٧٥٠ تووشى داڕمان بوویەوە.

لەسەر ئاستى ناوخۆییش هاووڵاتیان تووشى بێئومێدی بوون لە چارەسەر کردنى کێشەى ئابووری و قەیرانی لاوازی کڕینى پێداویستییەکانیان. حکومەت  بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتى لە هۆکارى سەرهەڵدانى ئەو ئاڵۆزییانە، هەڕەشە لە خەڵکەکەى دەکات بەوەى بە "تاوانی ئابوورى"، کەسزاکەى لە سێدارەدانە دەخاتە پاڵیان. تاران لەبرى ئەوەى ئەو پارەو بودجە زەبەلاحانەى لە دەرەوەى وڵات خەرجی دەکات، بەشێکیان بگەرێنێتەوە نێو خۆى وڵاتەکەى دەتوانێت "بە ڕێژەیەکى بەرچاو قەیرانەکان لەسەرشانى هاووڵاتیانى کەم بکاتەوە".

دواى کشانەوەى تاکلایەنانەى دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمریکا لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى لەگەڵ ئێران، پەیوەندییە سیاسییەکانى هەردوو پایتەخت ئاڵۆزتر بوون لەوەى جاران، بە ئاستێک سەرۆکى ئیدارەى کوشکى سپی هەڕەشەى گۆشەگیر کردنى زیاترى تاران راگەیاندووە. چاوەڕوانیش دەکرێت لە تشرینى دووهەمى داهاتوو قۆناغی دووەمى پاکێجی سزاکانى ئەمریکا لە بوارى بایکۆتکردنى نەوت و وزەى ئێران بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

لەگەڵ جێبەجێکردنى ئەو سزایانەش مەترسییەکى گەورەتر بۆ بازاڕەکانى نەوت و داهاتى نەوتی ئێران، کە سەرچاوەى سەرەکیی خەرجییەکانیەتى، دروست دەبێت.