گوتەبێژى دامەزراوەى فریاگوزاری ئێرانی ئاشکراى دەکات " بەهۆى خواردنەوە کحولییەکان ساختەییەکانەوە 27 کەس گیانیان لەدەستداوەو، 302 کەسى دیکەش ژەهراوی بوونە".
ئاماژەى بەوەشداوە " ئەو خواردنەوە کحولییانە هیچ ستاندارێکی تێدا نەبووەو، زۆربەى قوربانیەکانیش لەپارێزگاکانى هورمزگان، بەرز، خوراسانى باکوور، کهگیلویە، بوێر ئەحمەد بوون".
موجتەبی خالیدی، راشیگەیاندووە " ئەو حاڵاتانەش لەماوەی هەفتەیەکدا تۆمارى سەرجەم نەخۆشخانەکانى وڵاتەکەیان بووەو، زۆربەى گیان لەدەستدانەکانیش لەهورمزگانی باشوورى وڵات بووە".
جەختى لەوەکردۆتەوە " 229 کەس هێشتا لەنەخۆشخانەکاندا ماونەتەوە، کە 15 یان لەژێر چاودێری تووندی پزیشکدایە".
هاوکات لەبەندەر عەباسی پارێزگای هورمزگان گیان لەدەستدانى هاوڵاتیان گەیشتۆتە 17 کەس و 217 کەسیش ژەهراوی بوونە.
دەسەڵاتدارانى ئەمنى ئەو وڵاتەش بەهۆى ئەو رووداوە چوار کەسیان بەتێوەگڵانیان لەو پرسە دەستگیر کردووە، کەدروستکەرو بەرهەمهێنەرو دابەشکاری ئەو خواردنەوە کحولییە بوونە لەبەندەر عەباد.
ئەوەشیان گووتوە " یەکێک لەدەستگیرکراوەکان لەماڵى خۆیان کارگەى دروستکردنى خواردنەوە کحولییەکانیان دامەزراندووە".
لەدواى دامەزراندنى کۆمارى ئیسلامی لەو وڵاتە " بەکارهێنان و کڕین و فرۆشتنى خواردنەوە کحولییەکان بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە، تەنها بەشێک لەدیبلۆماتە بیانیەکان و، کەمینە ئایینیەکان نەبێت، بەپێی یاساش هەر کەسێک لێی بگیرێت، ئەوا سزا دەدرێت، چونکە بەهەموو شێوەیەک قەدەغە کراوە".
ژەهراوبوونى هاوڵاتیان لەو وڵاتە کەیسێکى نوێ نیە، بەڵکو لەساڵى رابردوو پێنج کەس گیانیان لەدەستداو، 114 کەسى دیکەش ژەهراوی بوونە، کاتێک لەناوچەى سیرجان، باشوورى کرمان خواردنەوە کحولییەکانیان خواردووە.
ئاژانسەکانى تاران جەختیان لەوە کردۆتەوە " ئەوانەى گیانیان لەدەستداوەو، ژەهراوی بوون تەمەنیان لەنێوان 17 بۆ 50 ساڵى دەبێت، لەنێویاندا ئافرەتیش هەبووە".
لەکەرەجی پارێزگاى ئەلبورز هاوسنوورى تارانی پایتەخت ژمارەى ژەهراوی بوونی هاوڵاتیان بەخواردنەوە کهولییەکان گەیشتۆتە 45 کەس، لەپاڵ ئەوانەشدا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە.
لەساڵى 2014 هەمان ئەو کەیسەى ئەمساڵ لەرەفسەنجان 355 کەس ژەهراوی بوون و، 12 کەسیش گیانیان لەدەستدا، کاتێک لەئاهەنگ گێرانێکدا خواردنەوە کحولییەکانیان بەکارهێنابوو.
بەگووتەى وەزارەتى تەندروستى حکومەتى تاران دروستکردنى ئەو خواردنەوەیانە لەرێژەیەکى زۆرى میتانۆل، کەبۆ بۆیە کردن و لەزگە بەکاردەهێنن، پێکهاتووە.
ساڵانەش بەهۆى ئەو خواردنەوەیە 100 کەس گیانیان لەدەست دەدەن و، زۆربەشیان تەمەنیان لەخوار 35 ساڵییەوەیە.