دەسەڵاتی تورکیە لە ناوچەی قوڵپ سەر بە شاری ئامەد سەرۆک شارەوانی ئەو شارە محەمەد فاتح تاش کە سەر بە هەدەپەیە لەسەر کار لادا و لە جێگەی ئەو قایم مقامی ئەو شارە مستەفا گوزلەتیان وەک قەیوم دیاری کرد.
محەمەد فاتح تاش سەرۆک شارەوانی سەر بە هەدەپە لە قوڵپ حەوتووی پێشوو دوای ڕوودانی تەقینەوەیەک لەو شارە کە بوو بە هۆی کوژرانی ٧ کەس و لە نێویاندا جاشیش هەبوو لە لایەن دادگای تورکیە بڕیاری دەستبەسەر کردنی درا.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیە لەمەڕ هۆکاری لەسەر کار لادانی محەمەد فاتح تاش ڕایگەیاندووە ناوبراو ٥ دۆسیەی کراوەی هەیە و ئێستاش لە گرتووخانە دەستبەسەرە و هەر بۆیە بڕیارمان داوە قەیومی لە جێگە دابنێین.
دەوڵەتی تورکیە پێشتر سەرۆک شارەوانی سێ گەورە شاری باکوری کوردستان وان، ئامەد و مێردێنی کە سەر بە پارتی دێموکراتیکی گەلان هەدەپە بوون لەسەر کار لادابوو و قەیومی لە جێگە دانابوون.
ئەو کودەتایەی دەوڵەتی تورکیە لەگەڵ ناڕەزایەتی ئەوروپا و ئەمریکا ڕووبەروو بووە و هەروەها گەلی کورد لە باکوری کوردستان بۆ پشتیوانی لە شارەوانییەکانیان ڕژانە سەر شەقامەکان.