Skip to main content

ژاپۆن کڕینى نەوتى ئێرانى ڕاگرت

ژاپۆن کڕینى نەوتى ئێرانى ڕاگرت
.
تۆکیۆ بە دەستپێکى گەمارۆکان هاوردەکردنى نەوتى ئێرانی لە ١٨٣ هەزار بەرمیلەوە گەیاندووەتە ١١٨هەزار بەرمیل
posted onSeptember 23, 2018
nocomment

 

ژاپۆن بڕیاریداوە کڕینى نەوت لەئێران تا کۆتاییهاتنى دانووستاندنەکانى حکومەتى وڵاتەکەى لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕابگرێت، بۆ ئەوەى بگاتە ڕێککەوتنێک تا لە سزاکانى واشنتۆن بەدەر بێت لە دواى جێبەجێکردنى سزای سەر کەرتى وزە و نەوتى تاران کە بڕیارە لە 5 تشرینى دووهەم (کۆتایی خەزەڵوەر) بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئاژانسى کیۆدۆى ئەو وڵاتە لەسەر زاری تاکاشی تسۆکیۆکا سەرۆکى کۆمەڵەى نەوتى ژاپۆنى بڵاوی کردووەتەوە  "کۆمپانیاکانى نەوتى تۆکیۆ بە شێوەیەکى کاتی بارکردنى نەوتیان لە ئێران هەڵپەساردووە"، هۆکارەکەشى بۆ "سزاکانى ئەمریکا گەڕاندووەتەوە".

 

گووتیشى "پێی وایە سەرجەم کۆمپانیاکان هەمان بڕیار دەدەن و بەردەوامییەکى تەواویش لەگەڵ ئیدارەى واشنتۆن ئەنجام دەدەن، بۆ ئەوەى لێخۆشبوون لە کڕینى نەوتى ئێرانى بەدەست بهێنن"، بەڵام چاودێران لە بەرامبەر هەڵوێستە توندەکەى کوشکى سپى بە دووری دەزانن تۆکیۆ دەستکەوتێکى لەو دانووستاندنە بەدی بهێنێت.

لە ماوەى ڕابردووش ئیدارەى ئەمریکا داواى لە کۆمپانیا نەوتیەکانى ژاپۆن وەک جیەى ئێکس تی جی و ئادیمیتسۆ کردووە هاوردەکردنى نەوتى خاوی ئێران پێش جێبەجێکردنى قۆناغی دووهەمى سزاکان ڕابگرن، واشنتۆن کە تاکلایەنانە لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەى ئێران و شەش وڵاتە زلهێزەکەى جیهان کشایەوە، هەڕەشەى لەسەر کۆمپانیاکانى جیهان کردووە، لەه ەر مامەڵەیەک لەگەڵ ئێراندا بکەن، بە تایبەت لەدواى 5 تشرینى دووهەمى داهاتوو.

بەو هۆیەوەش هاوردەکردنى تۆکیۆ لە نەوتى ئێران لە مانگى ئاب (کۆتایی پووشپەڕ) بۆ  118 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزیوە، ئەمەش بە بەراورد لەگەڵ حوزەیران قەبارەکەى 183 هەزار بەرمیل بوون. لەسەر ئاستى گشتى هەناردەکردنى نەوتى خاوی تارانیش بەبەراورد لەگەڵ ئایاری ڕابردوو، ئاستى هەناردەکردنى گشتى ئەو وڵاتە بەسەدا 30 پاشەکشێی کردووە، هۆکارەکەشی بەهۆى بایکۆتکردنى دەیان وڵاتى جیهانى بووە لەکڕینى نەوتى ئەو وڵاتە بووە.

لە نێویاندا کۆریاى باشوور و ژمارەیەکى زۆرى وڵاتانى ئەورووپی بووە، کە لە حوزەیرانەوە قەبارەى کڕینى نەوتى ئێرانیان کەم کردووەتەوە، هاوکات هیندستانیش نزیک دەبێتەوە لەڕاگرتنى کڕینى نەوتى ئێران, ئاژانسى وزەى نێودەوڵەتى جەخت لەوە دەکاتەوە "گەر هاتوو هەناردەکانى ئێران بەردەوام بێت لە پاشەکشێ کردن، وڵاتانى دیکەش لە ڕێی بەرزکردنەوەى بەرهەمهێنانیان قەرەبووی نەکەنەوە، ئەوا بازاڕەکان ڕووبەرووى کەمبوونەوەیەکى گەورە دەبنەوە و، کاریگەرى لەسەر بەرزبوونەوەى نرخەکان دەکات".

تایبەت بەو پرسەش واشنتۆن لەگەڵ بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانى بازاڕ وەک سعودیە و ڕووسیا هەماهەنگی دروست کردووە بۆ ئەوەى قەرەبوونى خستنەرووەکانى ئێران بکەن. رێک بیری وەزیرى وزەى ئەمریکاش گووتویەتى "ڕووسیا و سعودیەو  کۆمەڵێک بەرهەمهێنەرى دیکە کار لەسەر هەموارکردنەوەى بەرهەمهێنانیان دەکەن بۆ ئەوەى جیهان لە پازدانى نرخەکان بپارێزن". ئامارە فەرمییەکانیش دەریان خستووە "بەرهەمهێنەرانى ئۆپێک لە ئایاری ڕابردوو لە سەرووى کەمبوونەوەکانى ئێران لە نەوتى خاویان خستۆتە بازاڕەکان"، ئەگەری ئەوەش هەیە لەگەڵ نزیکبوونەوەى قۆناغی دووهەمی سزاکان بەرهەمهێنانى ڕیاز بەرەو گەشەسەندنى خێراتر هەنگاو بنێت.

هەرچەندە ئەلیکساندەر نۆڤاک، وەزیرى ووزەى مۆسکۆ ئامادەیی نیشان داوە لەب ەرزبوونەوەى بەرهەمهێنانى نەوتیان، بەڵام هۆشداریشى داوە لەناروونى بازاڕەکان بەهۆى سزاى واشنتۆنەوە. بڕیاریشە لەم چەند ڕۆژەى داهاتوو ئۆپێک و بەرهەمهێنەرە سەربەخۆییەکان لەجەزائیر بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر ڕەوشى بازاڕى ووزە کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات.