Skip to main content

ئەمریکا و تاڵیبان لە ئەگەرى ڕێککەوتنى کۆتایی

ئەمریکا و تاڵەبان لە ئەگەرى ڕێککەوتنى کۆتایی
AvaToday caption
posted onAugust 3, 2019
nocomment

خوولی هەشتەمی دانوسانەکانی ئاشتی نێوان ئەمریکا و تاڵیبان ئەوڕۆ شەممە ١٢ مانگی گەلاوێژ لە دۆحەی پایتەختی قەتەر دەستی پێ کرد، زاڵمای خەلیلزاد، نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئاشتی ئەفغانستان دەڵێ "ئەگەری هەیە لەو خوولەی دانوسانەکان بگەینە ڕێککەوتنی کۆتایی".

زاڵمای خەلیلزاد لە تویتێکدا نووسیویەتی تاڵیبان چرا سەوزی ڕێککەوتنیان داوە. هەروەها خەلیلزاد لە تویتێکی دیکەدا باسى لەوە کردووە کە "ئەمریکا ئامادەی بەدەستخستنی ڕێککەوتنێکی باشە و جەختی لەوە کردووەتەوە ئامانجی سەرەکی ئەو دانوسانە، بەدەستهێنانی ئاشتییە نەک ڕێککەوتن بۆ چوونە دەرەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان".

خەلیلزاد دوای چەند ساتێک لە گەیشتن بۆ قەتەر، لە تویتێکدا جەختی لەوە کردەوە کە بوونی ئەمریکا لە ئەفغانستان گرێدراوی هەلومەرجە و چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان مەرجدار دەبێت. هەرچەندە هەر دوێنێ ئیدارەى دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند کە نزیکەى ١٠٠٠ سەربازى ئەمریکى لە ئەفغانستان دەکێشنەوە و بەمەش ژمارەى سەربازەکانى ئەو وڵاتە لە ١٤ هەزارەوە بۆ ٨ هەزار کەم دەبێتەوە.

نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئاشتی ئەفغانستان ئاشکرای کردووە کە ئامانجی دانوسانەکانی قەتەر، ڕێککەوتنە لەسەر چوار پرس کە بریتین لە:

یەکەم: بەکارنەهێنانی خاکی ئەفغانستان دژی وڵاتانی دیکە،=

دووەم: ئاگربەستی تەواو

سێیەم: دەستپێکردنى دانوسان لە نێوان لایەنەکانی ئەفغانستان

چوارەم: چوونەدەرەوەى هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان.

خەلیلزاد جەختی لەوە کردووەتەوە ڕێکنەکەوتن لەسەر هەرکام لەو چوار خاڵە بەمانای ڕێکنەکەوتنە لەسەر خاڵەکانی دیکە. لە بەرامبەردا تاڵیبان جەختی لەوە کردووەتەوە چوونەدەرەوەى هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان پێشمەرجی بەرەوپێشچوونی مەرجەکانی دیکەیە.

خەلیلزاد پێشتر گوتبووى کە دوای گەیشتنەئەنجامى ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و تاڵیبان، دانوسان لە نیوان لایەنەکانی ئەفغانی دەست پێ دەکات. لەو ڕووەوە دەسەڵاتی ئەفغانستان لیستێکی ١٥ کەسییان بۆ دانیشتنەکانی تایبەت بە ئاشتی لەگەڵ تاڵیبان پێک هێناوە.

تا ئێستا ٧ جار نوێنەرانی ئەمریکا و تاڵیبان بە مەبەستی بەرقەرارى ئاشتی لە ئەفغانستان دیداریان کردووە، بەڵام لە هیچ کام لەو دانیشتنانە نەیانتوانیوە بگەنە ڕێککەوتن.