Skip to main content

ئێران.. ١١١ ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی كه‌ڵه‌كه‌بوو و بێ كڕیاری

ئێران.. ١١١ ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی كه‌ڵه‌كه‌بوو و بێ كڕیاری
AvaToday caption
posted onJuly 31, 2019
nocomment

له‌دوای ڕاگرتنی لێخۆشبوونه‌كانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان، بۆ كڕیارانی نه‌وتی كۆماری ئیسلامی ئێران، كۆمپانیایه‌كی تایبه‌ت به‌ چاودێریكردنی كاروانی نه‌وت ئاشكرای ده‌كات "سه‌رووی ١١١ ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی ئێرانی له ‌به‌نده‌ره‌كانی گیریان خواردووه‌ و، هیچ كڕیارێكیان نییه‌".

كۆمپانیای كپله‌ر، بۆ زانیارییه‌كانی كاروانی نه‌وته‌كان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌ "ئه‌و به‌رمیله‌ نه‌وتانه‌ تا ‌مانگی پووشپەڕ تۆمار كراون". ئه‌و ئامارانه‌ كه‌ كۆمپانیاكه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، ته‌نها له‌و كه‌شتیانه‌یه‌ كه‌ له ‌به‌نده‌ره‌كانی كه‌نداو گیرساونه‌ته‌وه‌. گووتیشی "له‌ماوه‌ی دوو مانگی ڕابردوو قه‌باره‌ی نه‌وتی ئه‌مباركراو گه‌یشتووەته‌ ٥٦ ملیۆن به‌رمیل نه‌وت".

له‌دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له ڕێكکه‌وتننامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ٢٠١٥ له‌نێوان ئێران وشه‌ش وڵاتی زلهێزی جیهانی له‌ بانەمەڕی ٢٠١٨ و، سه‌پاندنه‌وه‌ی سزا به‌سه‌ر ئێراندا، كه‌رتی وزه‌ی تاران ڕووبه‌رووی ئاڵۆزی و قه‌یرانی گه‌وره‌ بووه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ واشنتۆن له بانەمەڕی ڕابردوو بڕیاریدا هیچ لێخۆشبوونێكی نوێ بۆ وڵاتانی كڕیاری نه‌وتی ئێرانی درێژ نه‌كاته‌وه‌، كه‌ له‌ بانەمەڕی ئه‌مساڵدا كۆتاییان هات.

ئاماره‌كان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ "نه‌وته‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كه‌ی ڕژێمی ئێران له بانەمەڕەوە تا پووشپەڕ گه‌یشتۆته‌ ١١١ ملیۆن به‌رمیل، كه ‌ئه‌مه‌ش نیشانی ده‌دات هه‌نارده‌كردنی ئه‌و وڵاته‌ له ‌چ ئاڵۆزیی و قه‌یرانێكدایه‌". پێش سه‌پاندنه‌وه‌ی سزا ئابوورییه‌كانی كۆشكی سپی تاران ڕۆژانه‌ سه‌رووی دوو ملیۆن به‌رمیلی له ڕرۆژێكدا هه‌نارده‌ی بازاڕه‌كانی جیهان ده‌كرد، به‌ڵام دوای سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر كه‌رتی نه‌وت و پترۆكیمیاوییه‌كانی كه‌ له‌ گەڵاڕێزانى ٢٠١٨ به‌سه‌ریدا سه‌پێنراوه‌، قه‌باره‌ی هه‌نارده‌كردنی ڕۆژانه‌ی بۆ سنووری ٤٠٠ هه‌زار به‌رمیل دابه‌زیوه‌.

به ‌زمانی ژماره‌كانیش، چین له‌مانگی جۆزەردانى ڕابردوو به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌مان مانگی ساڵی ڕابردوو به‌سه‌دا ٦٠ هاورده‌كردنی نه‌وتی ئێرانی كه‌م كردووەته‌وه‌، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا بڕیاری داوه‌ هیچ "لێخۆشبوونێكی نوێ بۆ وڵاتانی جیهان ئه‌نجام نه‌دات". دۆناڵد ترامپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا دوای ئه‌وه‌ی بڕیاریدا لە گەڵاڕێزانى ڕابردوو سزا به‌سه‌ر كه‌رتی وزه‌ی ئێران بسه‌پێنێت، سه‌ره‌تا ١٨٠ ڕۆژی بۆ كڕیارانی ئێران دیاریی كرد، بۆ ئه‌وه‌ی جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و نه‌وته‌ بدۆزنه‌وه‌.

دوابه‌دوای بڕیاره‌كه‌ش زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان به‌تایبه‌ت كڕیارانی ئاسیا، ئاستی هاورده‌ كردنی نه‌وتی ئێرانیان ڕاگرت و، به‌شێكیان ئاسته‌كه‌یان نزیك سفر كرده‌وه‌. په‌كین له جۆزەردانى ڕابردوو ته‌نها ٨٥٥ هه‌زار تۆن نه‌وتی له‌ئێران هاورده‌ كردووه‌، له ‌شه‌ش مانگی ڕابردووش به‌سه‌دا ٣٠ كه‌می كردووه‌، كه‌ پێشتر ١١ ملیۆن تۆن نه‌وت بووه‌.

راپۆرتی كۆمپانیاكه‌ش ئاشكرای ده‌كات "ڕوون نییه‌ قه‌باره‌ی ئه‌مباركردنی نه‌وت له‌لایه‌ن چینه‌وه‌ چه‌ندە و، ڕێژه‌ی به‌كارهێنانیشی چه‌نده‌". له‌كۆتاییشدا كپله‌ر ده‌ڵێت "تاران هیچ كه‌شتییه‌كی نه‌وتهه‌ڵگری به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌ماوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وته‌كه‌ی تێدا ئه‌مبار بكات".

ترامپ، به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی دابوو كه‌ "ئاستی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی ئێران بگه‌یه‌نێته‌ سفر"، به‌و هه‌نگاوانه‌ش خه‌ریكه‌ به‌ڵێنه‌كه‌ی ده‌گه‌یه‌نێته‌ جێ، به‌جۆرێك ڕۆژانه‌ ئاستی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی ڕژێمی ئێران ڕوو له‌دابه‌زین ده‌كات. ئه‌و دابه‌زینه‌ش كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵات كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌متر داهاتی دارایی و نه‌ختی بیانیان ده‌ست بكه‌وێت.