نادر مه‌عدی، هاووڵاتییه‌كی فەلەستینییە کە له ژێرزه‌مینی خانووه‌كه‌ی له شاری به‌یتولله‌حم، ڕۆژانه ٥٠٠ بتڵ عارەق (مەى) ئاماده ده‌كات، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی قه‌باره‌كه‌ی بچووكه به‌ڵام توانیویه‌تی ددانپیانانێكی نێوده‌وڵه‌تی به‌ده‌ست بهێنێت و گه‌شه به بازاڕی مەی و مەیفرۆشی لە شارەکەی خۆی بدات.
له‌ناوچه‌یه‌كی ده‌وروبه‌ری شاره‌كه كه ده‌كه‌وێته باشووری كه‌رتی ڕۆژئاوای فه‌له‌ستین، ئه‌و لاوە ته‌مه‌ن ٣٥ ساڵه، باسی ڕێگەكانی دروستكردنی مەی خۆماڵی ده‌كات كه پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كه‌ی (یانسون)ـە، ماددەیەک کە لە لێوارەکانی ده‌ریای ناوه‌ڕاست پەیدا دەبێت و لە هەر وڵاتێکیش ئەو ماددەیە هەبێ هەر بەو شێوەیە ناوی دێنن.
ئه‌و ژێرزه‌مینه ته‌سه‌كه كه مه‌عدی كاره‌كانی تێدا ده‌كات، له سێ ئامێری پاڵاوتنی بچووك و شه‌ش به‌رمیلی گه‌وره و سووچێكیش بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی ترێ كه له جووتیاره ناوخۆییه‌كان ده‌یكڕێت، پێك هاتووه. مەعدی ده‌ڵێت له زۆربه‌ی کاتەکان به‌ته‌نیا كاره‌كانی بەرهەمهێنانی مەی ئەنجام دەدات.
ئەمساڵ بۆ یەکەم جار نادر مه‌عدی بە (عاره‌قی مه‌عدی) به‌شداری سێ پێشبڕكێی نێوده‌وڵه‌تی كردووه كه لە ئاستی جیهاندا سەدان کەس بەشدارییان تێدا کرد. ئه‌و هاووڵاتییه فه‌له‌ستینییه توانیویەتی له پێشبڕكێی "به‌رلین سپیریتس" خه‌ڵاتی زێرین به ده‌ست بهێنێت و هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی باشترین مەی وه‌ربگرێت.
جگه له‌وه مەعدی خه‌ڵاتی زێوینی له پێشبڕكێی نیۆیۆرك به ده‌ست هێناوه و له پێشبڕكێی له‌نده‌ن سپیریتسیش خه‌ڵاتی بڕۆنزی وه‌رگرتووە. هه‌ر بتڵێك لەو مەیەی مه‌عدی بەرهەمی دێنێت، نرخه‌كه‌ی ١٥٠ شیلکه کە بەرامبەرە بە ٤٠ دۆلار. ئه‌م نرخه‌ش به جیاوازی له‌گه‌ڵ ئەو عارەقانەى دیکەی کە خەڵکی فەلەستین دەیخواتەوە زۆر زیاترە، به‌ڵام له‌به‌ر كواڵیتییە باشەکەی جێی خۆی كردووەته‌وه و موشتەری زۆرە.
ئه‌و لاوە فەلەستینییە شانازی بە کارەکەیەوە دەکات و دڵشادە بەوەی كه له ژێرزه‌مینی خانووه‌كه‌ی به به‌كارهێنانی ئامێری ساده و كه‌رەسته‌ی ناوخۆیی، دەتوانێ کێبەرکێ لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی جیهان بکات کە بە ملیۆن دۆلار سەرمایەیان هەیە. لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ "له ئەمریکا کە لەوێ له‌دایك بووهمە و هه‌ڵگری ناسنامه‌ی ئه‌و وڵاته‌م، لە هەمانکاتیشدا ناسنامه‌ی فه‌له‌ستینیم پێیە و ئەم کارەش بۆیە پەرە پێدەدەم چونکە مەیخواردنەوە لە ناو كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بی و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە".
مەعدی دەڵێ "عارەقى تێكه‌ڵكراو به ئاو و به‌فر له‌سه‌ر سفره‌ی خواردنی خه‌ڵکێکی زۆر لە عه‌رەبەکانی ئه‌مه‌ریكا ده‌بینرێت. زۆربه‌ی ئه‌و عارەقەبەش له لایه‌ن لوبنانییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌وە دروست دەکرێت کە لە نێو ئەوانیشدا كریستیانه‌كان بە تەواوی و زۆر باش لێی شارەزان".
له لایەکی دیکەوە، حەشیمەتی كریستیانه فه‌له‌ستینییەکان کەمە و ڕێژەی ئەو مەیەش کە بەرهەمی دێنن کەمە. پیشەسازیی بەرهەمهێنانی مەی بە تایبەت لە بواری شەراب و بیرە له‌سه‌ر چه‌ند جۆر ترێ سنووردار بووەتەوە کە هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی زۆربه‌ی شێوازەکانی مەی هاوشێوه‌ی كاڵا و بەرهەمەکانی دیکە كه‌وتوونەته ژێر گوشاری ململانێی ئیسرائیل ـ فه‌له‌ستین.
مه‌عدی كه هاوكات له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌یه‌كی خێرخوازیی نێوده‌وڵه‌تی كار ده‌كات، دووپاتی ده‌كاته‌وه، بۆ چه‌ندین ده‌یه به‌رهه‌مهێنانی مەی خۆماڵی کەمی کردووە و به‌هۆی قه‌یران و ئاڵۆزییه‌كانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین و کواڵیتییەکەشی دابەزیوە.
دەستپێکی کارکردنی مەعدی بۆ ١٠ ساڵ پێش ئێستا ده‌گهڕرێته‌وه كه لە ڕێگەی کتێبەوە دەستی پێ کرد و دواتر بە بەدەستهێنانی ئەزموونی زیاتر بۆخۆشی شتی لێ زیاد و کەم کرد و تامەکەی خۆشتر کرد. مەعدی عارەقەکە لە سێ قۆناغدا دەپاڵێوێت بۆ ئه‌وه‌ی بە گووتەی خۆی هاوشێوەی ئەو مەیە بێت کە باپیرانی بەرهەمیان هێناوە.
مەعدی ڕایگەیاند ده‌یهەوێ خه‌ڵكی بزانێ کە پێشتر مەی چۆن دروست ده‌كرا و چەندیش باش بووە. خانووه‌كه‌ی نادر مه‌عدی، ده‌كه‌وێته لێواری شاری به‌یتولله‌حم له به‌شی كه‌رتی ڕۆژئاوا کە لە ژێر ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی ئیسرائیلە و له نێوان دوو یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوونی جووه‌كان کە ناسراون بە مەستوتنات، هەڵکەوتووە.
به‌پێی یاسا نێوده‌وڵه‌تییەکان ئه‌و یه‌كانه یاسایی نین و زۆر جار ناكۆكی و ململانێ له نێوان جووتیارانی ناوچه‌كه و دانیشتووانی ئه‌و یه‌كانه دروست ده‌بێت.