
هەواڵدەری فەڕانسە لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویە "هەرێمی کوردستان بووەتە خانەخوێی شەپۆلێکی گەورە لە کرێکارانی وڵاتى ئێران بە گشتى و ڕۆژهەڵاتى کوردستان بەتایبەتى و لە نێو ئەم کرێکارانەشدا، چینی خوێندەوار و خاوەن بڕوانامەى بەرز دەبینرێت. پێشتر کرێکارە ئێرانییەکان لە کارگەکانی بیناسازى لە هەرێمی کوردستان خەریکی کار بوون.
چەند کرێکارێکی ئێرانی لە باشووری کوردستان بەم هەواڵدەریەیان گوتووە: "بە حەقدەستی یەک ڕۆژى نێو ئێران تەنیا دەتوانین مریشکێک بکڕین و ئەمەش بژیوی ژیانی بنەماڵەکانمان دابین ناکا."
بەپێ ئەم ڕاپۆرتە مووچەی ڕۆژانەی هەر کرێکارێک لە هەولێر ۲٥ تا ۳۰ هەزار دیناری عێراقییە کە دەکاتە نزیکەى ۳۰۰ هەزار تمەن و ئەمەش سێ هێندەى مووچەکەیانە لە ئێران. لە نێوان کرێکارە ئێرانییەکان، ژمارەیەکى زۆرى دەرچووانی زانکۆ هەن کە بەهۆی ناهومێدی لە بەدیکردنی ئیش و کار لە ئێران، ڕوویان لە کرێکارى لە شارەکانى هەرێمی کوردستان کردووە.
زۆربەی کرێکارانی ئێرانی بە پاسپۆرتی یەک مانگەی گەشتیاری بۆ هەرێمی کوردستان دەڕۆن و پاش ۲٨ ڕۆژ دەگەڕێنەوە و لە دوای یەک حەوتوو پشوودان، دووبارە ئەم ڕەوتە دووپات دەبێتەوە و سەفەرێکى ٢٨ ڕۆژەیان بۆ شارەکانى هەرێمى کوردستان دەست پێ دەکەنەوە.
٤ کرێکار لە ژوورێکی ۹ مەتریدا دەژین و هەریەکیان شەوێ ۳ دۆلار تێچووی ئاو و کامێرا و تەختی نووستنیان دەدەن.