Skip to main content

تورکیە هێزی سەربازی ڕەوانەى سنورەکانی سوریە کرد

تورکیە هێزی سەربازی ڕەوانەى سنورەکانی سوریە کرد
AvaToday caption
posted onJune 30, 2019
nocomment

 

دوای کوژرانی سەربازێک و برینداربوونی سێ سەربازی دیکەی لە سوریە، تورکیە یەکەیەکی زرێپۆشی بۆ شاری حاسا و کەرکخانی پارێزگای هاتای لە سنوری سوریە نارد.

 

هەواڵدەری ئانادۆڵی ڕۆژی یەکشەممە ٩ی پووشپەڕ بڵاوی کردووەتەوە کە تورکیە یەکەیەکی زرێپۆشی بۆ سنوری سوریە و بە مەبەستی بەهێزکردنی هێزەکانی لەو وڵاتە نارد. ناردنی ئەو هێزە بۆ سوریە دوای هێرشی ئەرتەشی سوریە و پشتیوانەکانی بۆ سەر بورجەکێکی نیگابانی لە ناو خاکی سوریە دێت. لەو هێرشەدا سەربازێکی تورک کوژرا و سێ سەربازی دیکە بریندار بوون.

لەو پەیوەندییەدا وەزارەتی بەرگری تورکیە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ڕایگەیاند، ڕژیمی ئەسەد دەیەمین بنکەی چاوەدێری تورکیەی لە ناوچەی کەم کردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ئیدلب بە ئەنقەست تۆپباران و خۆمپارەباران کردووە و بەو هۆیەوە سەربازێک کوژراوە و سێ سەربازی دیکە بریندار بوون.

تورکیە و ئیدلب

بەرێوەبەری گشتیی ئەرتەشی تورکیە دوای ئەو ڕووداوە بە خێرایی بەشی سەربازی باڵیۆزخانەی ڕووسیەی بانگ کردووە و پێی ڕاگەیاندووە بەرپرسی ئەو هێرشە بە تووندی سزا دەدرێت. هەر لەسەر ئەم بابەتە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق لە پەیامێکی تویتەریدا بە داخدارى خۆى بۆ کوژرانی سەربازەکەی تورکیە لە ئیدلب ڕاگەیاندووە و هێرشەکانی بەشار ئەسەدی بە تووندی لۆمە کردووە.

هێزە چەکدارەکانی تورکیە بە پێی ڕێککەوتنی ئاستانە بۆ چاوەدێری ئاگربەست لە ناوچەی کەمکردنەوەی ئاڵۆزی ئیدلب، ١٢ بنکەی چاوەدێری هەیە. هەواڵدەری ئانادۆڵی تورکیە بڵاوی کردووەتەوە لە چەند کیلۆمەتری ئەو بنکانە، هێزەکانی سەر بە رژیمی ئەسەد و ئەو تیرۆریستانەی لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن جێگیرن.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کاردانەوە بە هێرشی سوریە بۆ سەر سەربازەکانی ئەو وڵاتە گووتی: ئەگەر هێرشەکانی سوریە بۆسەر بورجەکەکانی چاوەدێری ئێمە بەردەوام بێت، بێدەنگ نابین و هەنگاوی پێویست هەڵدێنینەوە. هەواڵدەری ئانادۆڵی تورکیە پێشتر بڵاوی کردبووە ٢٢ گرووپی ملیشیایی سەر بە ئێران کە ڕێژەیان دەگاتە ١٢٠هەزار کەس لە ٢٣٢ ناوچەی ئیدلب بوونیان هەیە و لە ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا و باشوورەوە گەمارۆی ئیدلبیان داوە.

ئانادۆلی وێڕای بە تیرۆریستناساندنی گرووپەکانی سەر بە ئێران نووسیبوی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی ٢٠١٤ ڕا دەیان هەزار ملشیای لە عێراق، لوبنان، ئەفغانستان و پاکستان بۆ سوریە ناردووە و ئەو گرووپانە هۆکاری مردنی دەیان هەزار سڤیلی سوری، برسییەتی و قەیرانی مرۆیین.

هەر بە پێی نووسراوەکەی ئانادۆڵی تا ئێستا ١٥ ژەنەڕاڵی ئێرانی لە شەڕی سوریە کووژراون کە گرنگترینیان سەردار حوسێن هەمەدانی جێگری قاسم سلێمانی فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران بووە.