ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکی گەورە و بە ئامادەبوونی چەندین کەسایەتى سیاسى کوردى و عەرەبی و بیانى، نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکى هەرێمى کوردستان، سوێندی یاسایی خوارد و بووە دووەم سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پاش مەسعود بارزانى مامیەوە.
ڕێوڕەسمەکە کە نزیکەى ١٢٠٠ میوان تیایدا بەشدارییان کرد، کاتژمێر ١١ى سەرلەبەیانى لە هەولێرى پایتەخت و بە هاتنى بەرهەم ساڵح سەرکۆمارى عێراق دەستى پێ کرد و پاشان دکتۆرە ڤالا فەرید سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەخێرهێنانى میوانەکانى کرد و بە هەردوو زمانى عەرەبی و کوردى چەند یاسایى پەیوەست بە بوونە سەرۆکى هەرێمى خوێندەوە و دواتر مەسعود بارزانى وتارێکى کوردى پێشکەش کرد.
ڤالا فەرید داواى لە نێچیرڤان بارزانى کرد کە بچێت و سوێندەکەى بخوات کە ئەمەش دەقەکەى بوو:
"سوێندبێت بە خوای مەزن پارێزگاری لە مافەکان و دەستەکەوتەکان و یەکڕیزی و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکەم و ئەرک و فەرمانەکانم بە دروستی و دڵسۆزی ئەنجام بدەم. خوای گەورە پشتیوان بێت."
دواتر داوا لە مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان کرا کە وتارەکەى پێشکەش بکات:
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
بەڕێزان بەخێربێن سەرچاوان
زۆر سوپاستان دەکەین بۆ خێرهاتنتان و زۆر خۆشحاڵین بە هاتنتان
سوپاس بۆ خوای گەورە کە یارمەتیداین بۆ رێکخستنەوەی دۆخی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنی 30ی ئەیلووی ساڵی رابردوو. سوپاس بە گەلی کوردستان بۆ خۆڕاگریان بەرامبەر زۆر لە تەحەدیات و پیلانی جۆراوجۆر، سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدان.
لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ٣٠ ئەیلوولی ساڵی رابردوو هەلومەرجێکی تازە هاتە پێشەوە، ئەوەبوو لە پرۆسەیەکی دیموکراتیدا سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرا، ئەمڕۆش سەرۆکی هەرێم سوێندی یاسایی خوارد و لە سبەینێوەش هەنگاوەکانی دامەزراندنی حکومەتی هەرێم دەستپێدەکات.
لێرەدا من پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی دەکەم و داوای سەرکەوتنی بۆ دەکەم و بە هەموو توانایەک پشتگیری دەکەم.
داوای جیددیم لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ ئەوەیە، کە پێکەوە هەوڵبدەن هەرچی زووترە ئەو کێشانەی کە ماون چارەسەریان بکەن، بەتایبەتی ئەو کێشانەی کە لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم یان ناوچەکانی کێشە لەسەر، چونکە رۆژبەڕۆژ کێشەکان زیاتر قووڵتر دەبن و جێگەی مەترسی جیددین.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەشکرد و سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە دەنگیان پێدا، سوپاسی ئەوانەی کرد کە دەنگیان پێنەدا، سوپاسی ئەوانەی کرد کە لە کۆبوونەوەکە بەشداربوون و سوپاسی ئەوانەشیکرد کە بەشداریی کۆبوونەوەکەیان نەکرد. ئەو گوتی: "ئەوەی گرنگ بوو بەردەوامی پرۆسەی دیموکراسییە لە کوردستان".
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا رایگەیاند: "جەنابی سەرۆک بارزانی رۆڵێکی گرنگ و سەرەکی بینی لە بەرپەرچدانەوەی تیرۆریستان و تێکشکاندنی خەونی تاریکپەرستی و وێرانکارییان. جەنابیان وەک فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەوپەڕی توانایەوە راستەوخۆ بەشداریی لە بەرگریی و پاراستنی کوردستان کرد".
دواى مەسعود بارزانى، بەرهەم ساڵح سەرکۆمارى عێراق وتارێکى پێش کرد، شایەنى باسە ئەمە یەکەم جارە ساڵح لە دواى بوونە سەرکۆمارى عێراق دێتە هەولێر و بە فەرمى پێشوازى لێ دەکرێت، چونکە لە پاش هەڵبژاردنى وەک سەرکۆمارى عێراق ئاڵۆزى کەوتە نێو یەکێتى نیشتمانى و پارتى دیموکراتى کوردستانەوە.
ئەمەش دەقى وتارەکەى بەرهەم ساڵحە:
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کۆبووینەتەوە بەبۆنەی دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان، بۆنەیەکی مێژوویی و گرنگە وێڕای ئاماژە سیاسییەکانی، هیوادارین ببێتە سەرەتای قۆناخێکی نوێی پێشکەوتن و ئاشتەوایی و ئاوەدانی بۆ کوردستان و بۆ عێراق.
لەم بۆنەیەدا وێڕای پیرۆزبایی گەرم لە برای بەڕێزم کاک نێچیرڤان بارزانی، ئەو چاوەڕوانیە زۆرانەی هەمووان لێمان هەیە، بەپێویستی دەزانم بە رێز و پێزانینەوە رۆڵی جەنابی کاک مەسعود بارزانی بەرز بنرخێنین وەک یەکەم سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەو پێگەو سەنگە دیارەی کاریگەری گەورەی نواند لە رێبەرایەتی هەرێمی کوردستان و لە قۆناخی سەختی گۆڕانکاریەکاندا نەخشی لەبەرچاو و بڕیاردەری هەبووە.
لێرەشەوە بەپێویستی دەزانم سوپاس و پێزانین بۆ کاک کۆسرەت رەسوولی جێگری سەرۆکی هەرێم بە هەمان بۆنەوە دووپات بکەمەوە.
دڵنیام کەسایەتییە گەورەکان و کاریگەرەکان بە پلە و پۆستەوە دیاری ناکرێن، بۆیە بە دڵنیاییەوە دەڵێم رۆڵ و کاریگەری کاک مەسعود بۆ قۆناخی ئاییندە هەر بەردەوامە، ئەو کاک مەسعودەی سەروو 50 ساڵ خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی و رۆڵی گەورەی لە رەوشی سیاسی کوردستان و عێراق و رێبەرایەتی خەڵکی کوردستان هەیە، چاوەڕوانی ئەوەمان لە کاک مەسعود دەبێت بۆ ئەم قۆناخەی ئاییندەش بەدڵنیاییەوە پشتیوانی سەرۆکی هەرێمی تازەو حکومەتی هەرێمی تازە، بەڵام هاوکاری ساڕێژبوونی برینەکانی ناو ماڵی کورد و یەکخستنەوە هێز و تواناکانی خەڵکی کوردستان بێت.
سەردەمانێک کاک مەسعود و جەنابی مام جەلال پێکەوە بۆ ویژدانیش بە هاوکاری و پشتیوانی کاک نەوشیروان توانیان قۆناخێکی سەخت و دژوار تێپەڕینن و کوردستان لە قۆناخی دڵەڕاوکێ و ئەگەری جیا جیاوە بۆ قۆناخی ناساندنی دەستووری و پێگەی دەستووری لەناو عێراقدا بسەلمێنن. ئەو رۆڵە رۆڵێکی گرنگ بووە، ئەو دەستکەوتانەی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان دەبێت بەرز رابگرین.
خەڵکی کوردستان و بزووتنەوە رزگاریخوازەکەی قوربانی زۆری داوە تاوەکو بەم رۆژگارە گەیشتووە، تاڵاوەکانی ئەنفال و راگواستن و قەڵاچۆکردنی خەڵکی گەرمیان و بارزان و دۆڵی جافایەتی و هەڵەبجە و سەردان شاروشارۆچکە و هەزاران گوندی وێرانکراو و خاکی سووتماککراو، قوربانی و خەباتی پێشمەرگە و شەهیدە نەمرەکانمان هەوێنی ئەو دەستکەوت و ئەو ئازادییەی ئەمڕۆی کوردستانن.
بۆیە دەبێت بەرز ئەو دەستکەوتانە رابگرین و بە هەموو توانامانەوە هەوڵی پاراستنی ئەو دەستکەوتانە بدەین بە یەکڕیزی گەلەکەمان، هەروەها بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بۆ خزمەتی زیاتری کۆمەڵانی خەڵک و چاکسازییەکی بنەڕەت و بەرقەراربوونی دادپەروەری و حکومڕانییەکی تەندروستترو باشتر، هەم بۆ خەڵکی کوردستان و هەم بۆ کاریگەری لەسەر ناوچەکانی دیکەی عێراق.
ئامادەبووانی خۆشەویست..
هەموومان دەزانین دۆخی ناوچەکە ئاڵۆز و دژوارە، پێشبینیکردنیش بۆ ئاییندە زۆر روون نییە. خەڵکی عێراق لە رابردوودا تاڵاوی چەندین جەنگی سەپێندراویان چەشتووەو شەڕی نەخوازراوی ماڵوێرانکەریان بەسەردا سەپێندراوە، دواینیان شەڕی تیرۆریستانی داعش بوو، کە بە خەباتی پڕ سەروەری و هاوکاری و هاوسەنگەری سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و حەشدی شەعبی و بە پشتیوانی هاوپەیمانانی نیودەوڵەتی و دۆستان، توانرا دوای قوربانیدان و خۆبەختکردنێکی زۆر سەرکەوتنێکی مێژوویی بەسەر مرۆڤکوژانی داعشدا تۆمار بکرێت.
پاراستنی ئەو سەرکەوتنە ئەرکی گەورەمانە، لەسەر ئاستی عێراق و بگرە ناوچەکە و جیهانیش، ئەمەش بەوە دەبێت بە پتەوکردنی یەکڕیزی خەڵکی عێراق، هێزە سیاسییەکان و بە رێگەگرتن لە تێوەگلان لە شەڕێکی دیکە و ئاژاوەیەکی دیکە، بە هەوڵی دوورخستنەوەی وڵاتەکەمانە لە سەنگەربەندییەکانی ململانێیەکانی ناوچەکە، هەوڵمان بۆ رەواندنەوەی گرژییەکان و چارەسەری ناکۆکییەکان لە ئاستی ناوچەکە.
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای ئەو هەموو شەڕ و شۆڕ و کارەسات و شەپۆلی تووندڕەوییە، پێویستی بە چارەسەری بنەڕەتییە لە پێکهێنانی سیستەمێکی هاوکاری سیاسی و ئابووری بۆ پێکەوە گرێدانی بەرژەوەندییەکانی گەلان و وڵاتانی ناوچەکە، لە ئاشتی و خۆشگوزەرانی و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تووندڕەوی و رێزگرتن لە مافی گەلان و ئازادی و دیموکراسی.
لەپاش بەرهەم ساڵح، محەممەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتى:
پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی دەکەم و هەڵبژاردنی هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا. ئێمە بەربەستمان لە پێشە و هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی هەلێکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بەشێوەیەک هیچ کێشەیەک نەمێنێت، بۆ ئەمەش ئێمە پاڵپشتی دەکەین.
بەڕێز مەسعود بارزانی لە ماوەی نیو سەدەی رابردوو، هەوڵێکی زۆری بۆ بەدەستهێنانی مەفەکانی خەڵکی کوردستان داوە و بەردەوامی بە کاروانەکانی مەلا مەستەفا بارزانی دا. ئێستا کوردستان بووەتە لایەنێکی بەهێز و دەتوانێت رکابەری وڵاتانی دراوسێ بکات.
نێچیرڤان بارزانى وەک سەرۆکى نوێى هەڵبژێردراوى هەرێمى کوردستان، وتارێکى پێشکەش کرد کە لێرەدا وتارەکەى دەخەینە ڕوو:
بەڕێز جەنابی سەرۆک بارزانی
بەڕێز جەنابی دکتۆر بەرهەم، سەرۆککۆماری عێراقی فیدراڵ
بەڕێز محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
بەڕێز مەولوود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا
بەڕێز سامر سەبهان، وەزیری دەوڵەتی سعودیە بۆ کاروباری کەنداو
بەڕێز سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
بەڕێزان باڵوێزانی وڵاتان لە عێراق، دیپلۆمتکاران، سەرکردەو سیاسەتمەداران و لایەنە سیاسییەکان، میوانان و ئامادەبووانی خۆشەویست لە عێراق لە بەغدا کە تەشریفتان هێناوە، هەمووتان بەخێر بێن.
رۆژتان باش..
مایەی خۆشحاڵیمە کە ئەمڕۆ هەمووتان لێرەن و لەو رێوڕەسمە لەگەڵ ئێمەدا بەشدارن. بەڕێزان سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامانی پەرلەمان، نوێنەرانەی گەلی هەرێمی کوردستان بە گشت رەنگ و بیروبۆچوونەکانیانەوە، سوپاس کە ئێوە وەک نوێنەرانی گەل دەنگتاندا بە هەڵبژاردنم وەکو سەرۆکی هەرێم بۆ چوار ساڵی داهاتوو. سوپاس بۆ هەمووتان، سوپاس بۆ ئەوانەی دەنگیاندا ئەوانەی دەنگیان نەدا، ئەوانەی رۆژی دەنگدان نەچوونە پەرلەمان، سوپاسی هەر هەمووتان دەکەم. هەریەک لە ئێوە بە خواستی و خۆی و نوێنەرایەتی دەنگدەر لەسەر راسپاردەی ئەو حیزبە کە نوێنەرایەتی دەکەن لە پەرلەمان، ماف و ئەرکی دیموکراسی خۆتان پیادەکرد. لەم کاتەدا گەورەترین دەستکەوت بەردەوامبوونی خودی پرۆسەی دیموکراسییە لە هەرێمی کوردستاندا، سوپاس کە متمانەتان پێدام.
لە رۆژیکی وەک ئەمڕۆدا و لەکاتی خۆ ئامادەکردن بۆ ئەم ئەرکە نوێیە، گەلێک یادی خۆش و ناخۆش دێنەوە بیرمان. هەندێک رووداو دوورن، بەڵام لە هەستی مرۆڤایەتیماندا خۆیان چەسپاندووە و بەئاسانی لەبیر ناکرێن، لە بیریان ناکەین تا لێیانەوە فێربین. هەندێک رووداو هێندە نوێن هێشتا خۆشی و ناخۆشیان لەگەڵ هەست و هزر و کاری رۆژانەماندایە. خۆیان تێکەڵ دەکەن، ناخۆشترین یادی نوێ هێرشی دڕندانەی داعش بوو بۆ سەر چەندین شار و شارۆچکە و گوندی هەرێمی کوردستان و عێراق. شێوازی کوشتاری تیرۆریستانی داعش هەموومانی تووشی شۆکێکی بێوێنە کرد، دونیای هەژاند. زۆر کەس پێشبینی دڕندەیی لەو جۆرەی نەدەکرد، زۆرکەس بڕوایان نەدەکرد لەسەدەی 21 دا هێزی تاریکپەرستی وا دەستی بچێتە ئەو هەموو دڕندەییەو ئەو هەموو تاوانە. بۆ ماوەیەکی کورت لەوەدەچوو کە تیرۆریستان لە مەرام و مەبەستی خۆیان بۆ تۆقاندنی دونیا سەرکەوتوو بوون.
جەنابی سەرۆک بارزانی رۆڵێکی گرنگ و سەرەکی بینی لە بەرپەرچدانەوەی تیرۆریستانی داعش و تێکشکاندنی خەونی تاریکپەرستی و وێرانکاریان. جەنابیان وەک فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بەو پەڕی توانایەوە راستەوخۆ بەشداری لە پاراستن و بەرگری لە هەرێمی کوردستان کرد. شەونخوونی بێوچان لەبەرەی شەڕدا لەگەڵ پێشمەرگە قارەمانەکاندا بەسەر برد و بە خۆڕاگری و ئەزموونی پێشمەرگایەتی هەر لە 16 ساڵییەوە تاوەکو ئەمڕۆ خستیە خزمەتی بەرگری و پاراستنی ژیان و مرۆڤایەتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و سەرتاسەری جیهان.
لەو قۆناخە سەختەدا جگە لە رۆڵی سەربازی یەکلاکەرەوەو بەرزکردنەوەی ورەو بڕوای پێشمەرگە لەبەرەکانی جەنگ، جەنابی سەرۆک بە ئەزموونی نزیکەی ٥٥ ساڵ خەبات و تێکۆشانی خۆی لە شۆڕش و سەرکردایەتی و رابەرایەتیکردنی شۆڕشدا بە حیکمەت و لێزانی و شارەزایی گەلی کوردستانی لە هەڕەشە و مەترسییەکی راستەقینەوە بۆ کەناری ئارامی پەڕاندەوە.
ئەو رێوڕەسمەی ئەمڕۆش کە زادی پرۆسەی دیموکراسییە، بەرهەمی خەبات و تێکۆشان و کۆڵنەدانی جەنابی سەرۆک بارزانی و تێکۆشەرانی گەلەکەمانە، بەرهەمی خەباتیانە بەرەو دیموکراسیەکردنی هەرێمی کوردستان.
دوای راپەڕینی ئازاری ساڵی 1991 لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە کۆیە، بۆ یەکەمجار جەنابی سەرۆک بارزنی داوایکرد بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن بکرێت، گەلی کوردستانیش نوێنەرایەتی خۆی لە پرۆسە و دەنگدانێکی دیموکراسیدا هەڵبژێرێت. خەبات و تێکۆشان و سەرکردایەتیکردنی سەرۆک بارزانی ئیلهام بەغشی ئێمەیە بۆ هەنگاونانی دروست بەرەو ئاییندە.