Skip to main content

چارەنووسی پەنابەرانی ئێرانی لە تورکیا نادیارە

چارەنووسی پەنابەرانی ئێرانی لە تورکیا نادیارە
AvaToday caption
posted onJune 6, 2019
nocomment

 

ڕێژەی پەنابەرانی ئێرانی و ئەفغانی لە تورکیا ساڵ دوای ساڵ زیاتر دەبێت. بەپێ ئاماری بەڕێوەبەرایەتیى کۆچ و پەنابەرانی تورکیا، تەنیا لەساڵی ۲۰۱٨ پێنج هەزار و سی وشەش شارۆمەندی ئێرانی و ۳۷ هەزار و ٨٥٤ شارۆمەندنی ئەفغانستانی خوازیاری پاراستنی نێونەتەوەیی لە تورکیا بوون.

 

ئەگەرچی تورکیا لە یەکەمین ئەندامی واژۆکەری بڕیارنامەى ۱۹٥۱ی ژنێڤ لە پەیوەندی لەگەڵ پەنابەران و پڕۆتۆکۆلی نووسێنراوی لەساڵی ۱۹٦۷ بووە، بەڵام ئەم ڕێککەوتنەیەی بەلەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی نیشتمانیی خۆی، بەسنوورداریەتی جوگرافیایی واژۆکردووە.

واتای "واژۆی بڕیارنامە بە سنوورداریەتی جوگرافیایی" لەلایەن تورکیاوە ئەمەیە کە تورکیا ئەو پەناخوازانەی کە لە دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا هاتوونە تورکیا و داوای مافی پەنابەری دەکەن، لەژێر ناوی "پەناخواز" دانانێت. لەبری ئەوە ئەو کەسانەی کە هەلومەرجی وەرگرتنی مافی پەنابەرییان هەیە لەژێر ناوی "پەنابەری مەرجدار" دادەنێت و تا جێگیرکردنیان لە وڵاتی سێیەمدا، پاراستنی کاتییان بۆ دابین دەکا.

بەم شێوەیە ئەو پەناخوازانەی کە شارۆمەندی یەکێتی ئەورووپا نین، نە لەمافی دیاریکراو بۆ پەنابەرێک بەشدارن و نە دەشتوانن تەنانەت لە کاتێکدا چەندین ساڵ لە تورکیا نیشتەجێ بن، بە بیانووى بوونى هەلومەرجی پاراستنی نێونەتەوەییان، چاوەڕوانی وەرگرتنی شارۆمەندییان لەم وڵاتە هەبێت.

پەنابەر ١

بە قەبووڵکردنی یاسای هاووڵاتییانی بیانی و پاراستنی نێونەتەوەیی (YUKK) لە ساڵی ۲۰۱۳ لە پەڕلەمان، دەوڵەتی تورکیا بۆ هەوەڵین جار بووە خاوەنی یاسای نێوخۆیی و نووسراو لەبواری پەنابەرانەوە. یاسای نوێ، ئەویاسا ناتەواو و ناڕوونانەی بەڕۆژ کردەوە کە پێداویستییەکانی هاووڵاتیانی بیانی و پەناخوازانی دابین نەدەکرد. بەپێ ئەم یاسایە، بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری کۆچ و پەنابەری کە تا ئەو کاتە لەژێر چاوەدێری هێزە ئەمنییەکان بوو، کەوتە ژێر چاوەدێری دامەزراوەیێکی مەدەنى، بەڵام لەم یاسایەش سنوورداریەتیی جوگرافیایی کە ڕەچاوکرابوو، پارێزرا.

بە هەڵکشانی لەڕادەبەدەری ڕێژەی پەناخوازان بۆ یەکێتی ئەورووپا، تورکیا و یەکێتی ئەورووپا بە واژۆکردنی گرێبەستێکی دووقوڵی لە ۱٨ی مارسى (ڕەشەمێ) ۲۰۱٦، بڕیاردرا ئەگەر تورکیا پێش بە تێپەڕبوونی پەناخوازان لەم وڵاتە و گەیشتنیان بۆ ناوچەی یۆرۆ بگرێت و ئەو پەنابەرانەی کە دەگەڕێنەوە وەربگرێت، یەکێتی ئەورووپاش بە هاوکاری ماڵی ٦ ملیار یۆرۆیی ئەم وڵاتە بۆ پاراستن و ڕاگرتنی پەنابەران یارمەتی دەدا و لەبری هەر پەنابەرێک کە دەگەڕێتەوە تورکیا، یەکێتی ئەورووپا پەنابەرێکی سووری لەم وڵاتە وەردەگرێت.

سەرەڕای ئەمانە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا، لە ۱۹ی فێبریوەرى (ڕێبەندان) ۲۰۱۹ لە شەشەمین کۆنفڕانسی وەزیرەکانی پڕۆسەی بووداپێست ڕایگەیاند "تورکیا تا ئێستا زیاتر لە ۳۷ ملیار دۆلاری لە پارەی خۆی و بەپێ پێوەرەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، بۆ پەنابەرانی خەرج کردووە." ئەردۆغان گلەیی لە پابەندنەبوونی یەکێتی ئەورووپا بۆ ڕێککەوتنەکەی ۱٨ی مارسى کرد و گوتی "یەکێتی ئەورووپا تەنیا ۱.۷٥ ملیار یۆرۆ لەو هاوکاری ماڵییە کە بڕیار بوو بە تورکیای داوە. ئەورووپا هەروەها بەندەکانی دیکەی ئەم ڕێککەوتنەی جێبەجێ نەکردووە و تورکیای لەژێر باری ماڵی ملیۆنان پەنابەر بە تەنیا جێ هێشتووە."

پەنابەر ٢

ئەگەرچی دەوڵەتی تورکیا هەوڵی داوە بە دانانی یاسای نوێ، هەلومەرجی یاسایی پەناخوازان و پەنابەرانی ئەم وڵاتە نزیک بە ستاندارەکانی یەکێتی ئەورووپا بکاتەوە، بەڵام بەهۆی لاوازبوونی ژێرخانەکان و کەمبوونی هێزی پسپۆڕ تا ئێستا نەیتوانیوە لە کردەوە بە شێوەی شیاو جێبەجێ بکات. هەروەها بێ دەرەنجامی دەوڵەت بۆ هاوڕێکردنی حیزبە دژبەرەکانی لەسەر سیاسەتەکانی پەنابەریی ئەم وڵاتە، گوشارە سیاسییەکانی نێوخۆی لەسەر دەوڵەت زیاتر کردووتەوە.

ئێستا سنووداریەتییەکانی ئابووری تورکیا و هەنگاونانی ئەم وڵاتە بەرەو قوناغێک لە ڕێکۆرد و دژوارتربوونی دۆخی ئابووری لەم ساڵانەی دواییەدا، پاراستنی "سنوورداریەتی جوگرافیایی دیاریکراو"لە بڕیارنامەى ژنێڤ و پاشان بەرتەسکبوونەوەی مافی پەنابەران وەک مافی وەرگرتنی ڕێگەپێدانى کارو ناتەواوبوونی پاڵپشتییە ماڵییەکانی دەوڵەت و یەکێتی ئەورووپا، هەلومەرجی بۆ پەنابەران لە تورکیا دژوارتر کردووتەوە.

لاوازی جێبەجێکرنی پڕۆژەی گونجاندنی پەنابەران لەگەڵ کۆمەڵگای تورکیا و بەدوای ئەوەش شکاندنی هەندێ لە یاسا و تەباییەکان لە کۆمەڵگای تاڕادەیێکی زۆر بناژۆخواز و ناسیۆنالیزمی تورکیا لە لایەن پەنابەرانەوە، ڕێکودی ئابووری و دژوارتر بوونی دۆخی بژێوی خەڵک، ڕانەگەیاندنی گونجاو و هەبوونی دەنگۆی بێ بنەما، کەشی گشتیی تورکیای دژی پەناخوازان گۆڕاوە.

پەنابەر ٣٣