Skip to main content

هۆگرییەکى ٥٠٠ ساڵە بەرامبەر نیگاى و بزەی ژیۆکوند

هۆگرییەکى ٥٠٠ ساڵە بەرامبەر نیگاى و بزەی ژیۆکوند
AvaToday caption
posted onJune 2, 2019
nocomment

 

مۆنالیزا، بەرهەمێکى لیۆناردۆ داوینچی، یەکێک لە بەنێوبانگترین نیگارکێشەکانى دونیایە کە ڕەمز و ڕازێک لەم تابلۆیەدایە. بزەى مۆنالیزا نزیکەى ٥٠٠ ساڵە کە چاودێران و پسپۆڕانى بوارى نیگارکێشەى بە خۆیەوە سەرقاڵ و تەنانەت هۆگرى خۆشى کردوون.

 

تابلۆى مۆنالیزا هەر ساڵەى ملیۆنان هونەردۆست دەکێشێتە مۆزەخانەى لوورى پاریس. لیۆناردۆ داڤینچى بە مۆنالیزاوە، شتێکى زیاتر لە تابلۆى ژنێک جێ هێشت: داڤینچى نیگا و تێڕوانینێکى بەراوردنەکراوى وەهاى لەم تابلۆیە خوڵقاندووە کە ڕوو لە بینەرە ئیتر لە هەر لایەک بێت و یا لە هەر لایێک بوەستێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم ژنە نە برۆى هەیە و نە برژانگ. جلەکانى سادە و ماتن. وەک بڵەى ماتەمبار بێت. کەوایە ئەم بزەیە چیی؟

پسپۆڕان و توێژەرانى زانستى مێژووى هونەر لەبارەى ئەوەى کە مۆنالیزا کێ بووە، قسەى زۆریان کردووە و گومانى بێ هەژماریان هەبووە. بەنێوبانگترین و دروستترین تیۆرى و ڕوانگە لەم بوارەدا، "جۆرجۆ واسارى" ژیاننامەنووس دەیخاتە ڕوو. بە بڕواى واسارى، مۆدێلى داڤینچى "لیزا دى نۆڵدۆ گراردینى"، ژنى "فڕانچیسکۆ دل ژیۆکەند"ى بازرگانى ئاوریشمى خەڵکى فلۆڕانس بووە کە لە ساڵى ١٥٠٣ى زایینى بە داڤینچى دەڵێت تابلۆیەک لە ژنەکەى بکێشێت، بەڵام داڤینچى ئەو تابلۆیەى کە کێشا، هەرگیز نەیدایە فرانچسکۆ دل ژیۆکوند. ئەم ڕەفتارەى داڤینچى بۆ ئەو کاتى نەشیاو و نەگونجاو بوو، چونکە هونەرمەندان لەو سەردەمەدا بە گشتى بۆ دڵ و مەیلى خۆیان نا، بەڵکو بۆ دەوڵەمەند و ئاغاکانیان کاریان دەکرد.

 

ژنى بازرگانێکى ئاوریشم یا دڵبەرێکى نهێنى؟

یوحەننا

جگە لەمەش، لە یادداشتێکدا کە ئانتۆنیۆ بئاتیسى مێژوونووسى ئیتالى لە ساڵى ١٥١٧ نووسیویەتى، هاتووە کە لیۆناردۆ داڤینچىى گوتوویەتى تابلۆکەى لەسەر داواى جولیانۆ مدیچى پشتیوانکەرە هونەردۆستەکەى کێشاوە. کاتێک یەکێک لە دۆستەکانى مدیچى بە ناوى "کاردیناڵ لوییجى ئاراگۆنا" لە بەروارى ١٠ى ئۆکتۆبەرى ساڵى ١٥١٧ى زایینى دەچێتە دیدارى هونەرمەند لە نێو کارگە هونەرییەکەى لە "ئامبوز"، بئاتیسیش بەشدار بووە. بە پێى یادداشتەکانى بئاتیس، داڤینچى سێ تابلۆى بە کاردیناڵ نیشان داوە کە بریتى بوون لە:

یەکەم: یەحیاى لەئاوهەڵکێش

دووەم: حەناى قەدیس

سێیەم: تابلۆى خاتوونێکى فلۆڕانسى کە داڤینچى بە خواستى جولیانۆ مدیچى کێشاویەتى.

بە پێى ئەمەش، داڤینچى پۆرترەى خەیاڵى "پاسیفیکا براندانى"، دوڵبەرى جولیانۆ مدیچى کێشاوە بێ ئەوەى کە پێکەوەش زەماوەندیان کردبێت خاوەنى کوڕێک بوونە. لەوەوە کە پاسیفیکا براندانى لە کاتى لەدایکبوونى منداڵەکەى کۆچى دوایی کردووە، مدیچى ویستوویەتى کوڕەکەى بەم نیگارە هێور و دڵخۆش بکات.

 

داڤینچى حەزى لە مۆنالیزا بووە

هەردوو ڕوانگە لە لایەن توێژەران و لێکۆڵەرانى مێژووى هونەرەوە خراوەتە بەر باس و توێکارییەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا تا ئێستا کەس نەیتوانیوە بە دڵنیاییەوە بڵێت کە مۆنالیزا کێ بووە. ڕاستییەکەى ئەوەیە کە ئەم تابلۆیە هێندە بۆ داڤینچى گرنگ بووە کە هیچ کات نەیفرۆشت و لە ساڵى ١٥١٦ى زایینى لەگەڵ خۆى بردی بۆ فەڕەنسا. ماوەیەکەى کەم بەر لەوەى کە داڤینچى لە ساڵى ١٥١٩ى زایینى کۆچى دوایی بکات، یەکێک لە قوتابییەکانى ئەم تابلۆیە دەفرۆشێت بە پاشاى فەڕەنسا و دواتر مۆزەخانەى لوور بووە شوێنى هەمیشەیی ئەم تابلۆیە.

هێشتایش ڕوون نەبووەتەوە کە یەکەمین جار و لە چ بەروارێک ژیۆکوند (ئەو ناوەى کە مۆنالیزاى پێوە ناسراوە) خرایە ڕوو بۆ ئەوەى خەڵک سەیرى بکات. ناوەندى هونەرى پرۆس ڕێکەوتى ١٠ ئۆکتۆبەرى ساڵى ١٥١٧ى بۆ ئەم خستنەڕووە دیارى کردووە.