Skip to main content

بۆ تێگەیشتن لە مۆرکامى دەبێت لە مۆسیقا شارەزا بیت

بۆ تێگەیشتن لە مۆرکامى دەبێت لە مۆسیقا شارەزا بیت
AvaToday caption
posted onJune 2, 2019
nocomment

 

هارۆکى مۆراکامى نووسەرى ژاپۆنى، نێوبانگێکى گەورەى لە دونیایدا هەیە، بەڵام خوێنەران لە کاتى خوێندنەوەى بەرهەمەکانى تووشى هەستێکى دوالیزمیانە دەبن. ئەم بابەتە نیشاندەرى ئەوەیە کە بۆ تێگەیشتن لە بەرهەمەکانى مۆراکامى، پێویستە شارەزاى مۆسیقا، ئەدەبیات و هونەر بیت.

 

بە پێى ڕاپۆرتى سکرۆڵ، ئەگەر ئێوە یەکێک لە لایەنگران و خوازیارانى هارۆکى مارۆکین، خۆتان باش دەزانن کە بۆچى ئەم نووسەرە ژاپۆنییە گرنگییەکى زۆرى هەیە. ئەگەر تا ئێستا هیچ بەرهەمێکى هارۆکیتان نەخوێندووەتەوە، دەبێت بزانن کە بە خوێندنەوەى چەند بەرهەمێکى ژیانیتان گۆڕانى بەسەردا دێت بۆ هەمیشە.

مۆراکامى، هەمیشە زەین و ڕەوانى کەسایەتییەکانى نێو کتێبەکانى زۆر هونەرمەندانە دەدەخات و زۆر باش نیشانى دەدات کە کەسایەتییەکانى چ کەسانێکن، چۆنە کە ئەوەى لە نێو چیرۆکەکانی دەیانخوڵقێنێت بیر دەکەنەوە، چڵۆن ڕابردوو و ئێستا و ئایندەیان فۆرمالیزە دەکەن، چڵۆن ئەم پیاوە چاو بادامییە ئەم کارە دەکات؟

 

بەدواکەوتنى حەقیقەت

خاڵى سەرەکى بۆ تێگەیشتنى شێوازى نووسینى مۆراکامى، تێگەیشتن لەم پیاوە، شێوازى کارکردنى و شێتایەتییەکانییەتى! مۆراکامى لە مانگى مارس لە گفتوگۆیەکى لەگەڵ ڕۆژنامەى ئاساى ژاپۆن، گوتى حەزى لەوەیە کە خاڵى تەماوى و شاراوە لە چیرۆکەکانى جێ بهێڵێت. حەزى لەوەیە کە چیرۆکەکە لە رێگەى تۆنێلێکى نهێنى و ڕەمزاوییەوە بیبەستێتەوە بە حیکایەتێکى دیکەوە: "پاش بیرکردنەوە بۆ ماوەیەکى درێژ لە کەسایەتییە سەرەکییەکە، چیرۆکەکە بە دونیایەکى دیکەوە دەبەسترێتەوە و لە قووڵایی مێشکدا دەروازەیەک دەدۆزێتەوە. ئەم بیرۆکەیە یەکەم جار لە چیرۆکى "حیکایەتى باڵندەى قورمیشی" خەیاڵ و تێهزرینى چیرۆکنووسى نیشان دام و هەیەجان و ئەندرنالینى چیرۆکەکەى بەرز کردەوە".

مۆراکامى دەڵێت خوێنەرەکانى هەمیشە پێى دەڵێن دونیا خەیاڵى لە بەرهەمەکانیدایە و کەسایەتییە سەرەکییەکە دەچێتە ئەو دنیایەوە و دواتر دەگەڕێتەوە دونیاى ڕاستەقینە، "بەڵام من سنوورێک لە نێوان دونیا خەیاڵى و حەقیقى نابینم. کەوایە لە بوارگەلى جیاواز ئەم دووانە هیچ جیاوازییەکیان نابێت. هەست دەکەم لە ژاپۆن ئەم دونیایە چیتر جیاوازییەکى لەگەڵ دونیاى ڕاستەقینە نییە و ئەگەر بتانهەوێت بچنە دونیایەکى خەیاڵى و ناحەقیقییەوە، کارێکى قورس و مەحاڵ نییە. من هەست دەکەم ئەم کارە لە دونیاى ڕۆژاوا قورسە. بۆیە لە چیرۆکەکانمدا کاتێک دەچنە نێو قووڵایی چاڵێکەوە، دونیایەکى دیکە هەیە و لە ڕاستیدا جیاوازى ئەم دوو دونیایە درکپێکراو نییە".

 

یادگەیەکى بەهێز

تەنیامانەوە لە چاڵێکى تاریک، بەشێک لە بیرەوەرییەکانى منداڵى مۆراکامییە. مۆراکامی لە ساڵى ١٩٤٩ لە بنەماڵەیەکى مام نێوەنجى لەدایک بوو. باوکى کوڕى ئیماندارێکى بووزى و دایکى کچى بازرگانێک بوو لە ئۆزاکا. هەردووکیان مامۆستاى ئەدەبیاتى ژاپۆنى بوون. مۆراکامی لە شارى کۆب، شوێنێک کە سەربازگەلێکى ئەمریکى زۆرى لێ بوون، گەورە بوو و ئەم بابەتە بەشێک لە تێگەیشتن و تێهزرینى فۆرمالیزە کرد. لە منداڵییەوە لەگەڵ دونیاى دەرەوەى ژاپۆن بەتایبەت ئەمریکا پەیوەندى زیاتر بوو و هۆشیارانە خۆى لە ئەدەبیات و هونەر و مۆسیقاى ژاپۆن دوور دەخستەوە.

لە کاتى مانەوەى لە تۆکیۆ کە ئەوکات خوێندکارى هونەرە نمایشییەکانى زانکۆى واسێدا بوو کە یەکێک بوو لە باشترین زانکۆکانى ژاپۆن، لە کۆتایی دەیەى شەستى زایینى، حەزى کەوتە سەر چیرۆکگەلى مۆدێرن. لە تەمەنى ٢٣ ساڵیدى لەگەڵ یۆکۆ تاکاهاشى کە لە زانکۆ بینی، زەماوەندى کرد و چەندین ساڵ دواتر بووە بەڕێوەبەرى کڵاپى مۆسیقى جاز لە تۆکیۆ. پاشان یەکەم ڕۆمانە سێ ڕەهەندییەکەى "گوێ لە ئاوازى با بگرە" نووسى، ڕۆمانێک کە لە ساڵى ١٩٨٧ چاپ و سەرکەوتنێکى گەورەى بۆ مۆراکامى بە دواوە بوو.
لە منداڵى، دەکەوێتە نێو چاڵێکەوە و دایکى ڕزگارى دەکات. بیرەوەرییەک کە هەر جارەى لە نێو بەرهەمەکانى دەردەکەوێتەوە. تا جێگەیەک کە جارێکیان لە گفتوگۆیەک گوتى یەکێک لە ئارەزووەکانى ئەوەیە کە جارێک لە بنى چاڵێک دانیشێت.

لە ڕوانگەى مۆراکامییەوە نووسین پەیوەندییەکى قووڵى لەگەڵ ناخ و وجوودى ئینسان هەیە: "من لە تۆکیۆ دەژیم کە شارێکى شارستانى وەک نیۆیۆرک و لەندەن و پاریس و لۆس ئەنجلێسە. ئەگەر حەز دکەن کە هەڵکەوتە و ڕووداوگەلى پەڕجوویانەتان بۆ بێتە پێشەوە، دەبێت پەیوەندی لەگەڵ قووڵایی وجوودتان دروست بکەن. منیش هەر ئەم کارە دەکەم. خەڵکى دەڵێن ئەم کارە ڕیالیزمى جادوویانەیە و پەڕجوویانە نییە، بەڵام کاتێک خەریکى نووسینم، ئەم بابەتە زۆر ڕاستەقینانە و سرووشتى و لۆجیکییە."

 

مۆسیقا و عەشق:

ئەگەر حەز دەکەن بێنە نێو دونیاى دڵڕفێن و پەڕجوویانەى مۆراکامییەوە، تەنیا نابێت چیرۆکەکانى بخوێننەوە بەڵکو دەبێت زۆر باش لە مۆسیقاش بگەن. مۆراکامی لە بەرهەمەکانیدا گوێ لە مۆسیقا دەگرێت. خودى مۆراکامی لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ سێجى ئازاوا، سەرۆکى ئۆرکێستراى سەمفۆنیکى بۆستۆن گوتبووى "ڕیتم گرنگترین شتە. عەشقیش هەروەها. هەرگیز ناتوانرێت بڵەین مۆسیقا لە دونیادا زیادەیە."

بێگومان ئەم نووسەرە ژاپۆنییە حەزێکى زۆرى لە مۆسیقا، فیلم و ئەدەبیاتى دونیاى ڕۆژئاوا هەیە و ئەمیش لە چەندین شوێنى چیرۆکەکانى درک پێ دەکەین. هەر بۆیە تێگەیشتن لە چیرۆکەکانى بۆ خوێنەرانى ڕۆژاوایی ئاسانترە. مۆراکامی لەو بڕوایەدایە ئەگەر تەنیا ئەو شتە بخوێننەوە کە ئەوانى دی دەیخوێننەوە، کەوایە ڕوانگەتان لەگەڵ ئەوانى تر یەکە. بە سوودوەرگرتن لە ڕیالیزمى جادوویی و دانیشن لە دونیاى ڕاستەقینە و سوریالى مۆراکامى، لە خوێنەرەکانى دەخوازێت بابەتە ئاساییەکان ببەنە ژێر پرسیارەوە، بچنە قووڵاییەوە، و بابەتە نەریتییەکان قبوڵ نەکەن و ئەوەى کە مرۆڤ دەخاتە ژێر کاریگەرییەوە، بدۆزنەوە.
 لەگەڵ مۆسیقیش، عەشق گرنگییەکى گەورەى لە دونیاى مۆراکامی هەیە. پەیوەندى نێوان ژنان و پیاوان لە چیرۆکەکانیدا، ڕێک وەک نیگارکێشانى قەڵەمڕەشە. دوو ڕەگەز کە عاشقى یەکترى دەبن و دواتر دڵى یەکترى دەشکێنن. تەنیاییش دووبارە گرنگى خۆى هەیە. لە یەکێک لە چیرۆکەکانى کتێبی "پیاوانى بێ ژن"، پیاوێک ڕێگە دەدات بێدەنگى، گۆشەگیرى و تەنیایی لە دونیاکەیدا هەبێت.

هەرچۆنێک بێت، بۆ خوێندنەوەى بەرهەمەکانى مۆراکامی دەبێت زانیاریتان لەمەڕ شیعر و ئەدەبیات و مۆسیقاوە هەبێت تا باشتر لە چیرۆکەکانى بگەن. نووسەرێک کە لە ئەدەبیاتى دونیادا گرنگییەکى گەورەى هەیە و ڕەنگە پێدانى خەڵاتى نۆبێڵ کە تا ئێستا نەداروەتە مۆراکامی، زەڕەیەک لەم گرنگییە بسەلمێنێت.