Skip to main content

قوربانیێکی تێزاب: لەسێدارەدانمان ناوێ، توندوتیژی ڕابگرن

قوربانیێکی تێزاب: لەسێدارەدانمان ناوێ، توندوتیژی ڕابگرن
AvaToday caption
posted onMay 19, 2019
nocomment


مەرزییە ئیبراهیمی یەکێک لە قوربانیانی تیزابپێداکراوەکەی ئیسفەهان کە بە ئیزنی ئاخوندێکی هەینی ئەم شارە ئەنجام درابوو، ئەمڕۆ ۲۹ی بانەمەڕ لە پەڕلەمان و بۆ بەشداری لە پەسەندکردنی زیادکردنی سزا بۆسەر تاوانبارانی تیزابپێداکردن، لە پەڕلەمان ئامادە بوو.

 

مەرزییە سەرەڕای ئەوەی خۆی قوربانی کارەساتێک بوو کە خەساری بەر جەستە و ڕۆح و ژیانی کەوت، بەڵام ئەمڕۆ لەپەڕلەمان جەختی لەسەر سزادانى تۆمەتبارانى تێزابپێداکردن بە زیندانى هەتایی لەبرى سێدارە کردەوە و گوتی: بەدوای سێدارە و کوشتنەوە نیم، چونکە نامهەوێ پڕۆسەی توندوتیژی درێژەی هەبێت. مەرزییە سەبارەت بە پڕۆسەی دۆسییەی تیزابپێداکردندا گوتی: بە نوێنەرایەتی لە چوار قوربانییەکەی ئیسفەهان دەڵێم: تا ئێستا پاش تێپەڕینی پێنج ساڵ لەو کارەساتە هیچ وڵامێکمان وەرنەگرتووەتەوە و ئێستاش بۆ وەرگرتنی دیە نەهاتوومەتە پەڕلەمان، بەڵکوو هاتووم تا ئیدی بینەری ئەم چەشنە تاوانانە نەبین.

قسەکانی مەرزییە لە ژێر دەسەڵاتێک کە پێناسەکەی توندوتیژییە، پیشاندەری ماندوویەتی کۆمەڵگایە لەو نەریتانەی کە بە پاڵپشتی یاساکان ژیان دەکوژێت و توندوتیژی بەرهەم دەهێنێت، کەچى ئاخوندەکانیش لە سەر مینبەری مزگەوتەکان هەوڵی پەرەپێدانی ئەدەن.

پەرلەمان

گاڵتەی زەهرا سەعیدی نوێنەری پەڕلەمان بە مەرزییە کە گوتبووی "خۆت قوتار کردووە لە دەستی تاوانبار و تەنیا لایێک لە دموچاوت سووتاوە"، بووە هەوێنی باسی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو دەنگە بەرز بووەوە کە نوێنەرانی پەڕلەمان کەسانێکن لە ئازاری خەڵکەکەیان تێناگەن و تەنیا ئامرازێکن بۆ بەردەوامی و درێژەپێدان بە توندوتیژی.

تیزابکردن بە سەر و ڕووی ژنان لە مانگی ڕەزبەری ۹۳ لە ئیسفەهان، ٦ ژنی کردە قوربانی و ناڕەزایەتییەکی زۆریشی لێکەوتەوە، بەڵام پاش پێنج ساڵ تا ئێستا کەسێک لە ئاست قوربانیان وڵامدەر نەبووە. ئەم کارەساتە لە ئێراندا ساڵانە قوربانی زۆری لێدەکەوێتەوە، بەڵام چۆن یاسایێکی قورس و پتەو بۆ پاڵپشتی لە قوربانیان نییە کە زۆرینەیان ژنن و پیاوانێک بە هۆکاری جۆراوجۆر ئەنجامى دەدەن، تا ئێستا وەک دیاردەیێکی تاڵی کۆمەڵایەتی لە ئێراندا ماوەتەوە و هیچ سزایێکی ئەوتۆی بۆ تاوانبارانی دیارینەکراوە.

پەرلەمان و ئەسید