Skip to main content

دەستکەوتى شۆڕشى هێلەک زەردەکان دواى ٦ مانگ چى بوو؟!

دەستکەوتى شۆڕشى هێلەک زەردەکان دواى ٦ مانگ چى بوو؟!
AvaToday caption
posted onMay 18, 2019
nocomment

 

ڕۆژى  شەممە ٢٨ بانەمەڕ هێلەک زەردەکان بۆ بیستوحەتەمین حەوتووی بەردەوام دەڕژێنە سەر شەقامەکانی فەڕانسە. شەش مانگ دوای دەستپێبوونی ئەو بزووتنەوە پێ دەچێت ناڕازییان ماندوو بوو بن، بەڵام هێندێک لە هێلەک زەردەکان باوەڕیان وایە تا ئێستا دەوڵەت بە پێی پێویست گرینگییان بە داواکانیان نەداوە.

 

ئێستا شەش مانگ لەو کاتەی هێلەک زەردەکان ڕژانە شەقامەکان و داوای دادپەروەری کۆمەڵایەتی و هێزی زۆرتری کڕین بوون، تێدەپەڕێ. بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە لە شەش مانگی ڕابردوودا سەرۆکی دەوڵەت ناچار بوو زیاتر گرینگی بەو بزووتنەوەیە بدات. ئێمانۆئێل ماکرۆن بە شێوەی فەرمی دوو جار سەربارەت بە هێلەک زەردەکان لە تەلەڤزیۆنی فەڕانسە قسەی کرد و چەند هەوڵێکی بۆ کۆتاییهینان بەو قەیرانە ڕاگەیاند.

ماکرۆن ڕێککەوتی ١٩ سەرماوەزی لە کۆشکی ئیلیزە بە شێوەی ڕاستەوخۆ هاتە سەر تەلەڤزیۆن بۆ ئەوەی هەڵوەشانەوەی باج لەسەر سوتەمەنی، لابردنی باج لەسەر زیادەکارکردن و بردنە سەری لانیکەمی حەقدەست لە ڕێگەی پێدانی دیاریی دەوڵەتی، ڕابگەیەنێت. جاری دووەم لە ٥ بانەمەڕ دووبارە هاتەوە سەر تەلەڤزیۆن و چاکسازییەکانی دەوڵەتی لە بەشی دەوڵەتی و کەمکردنەوەی باج لەسەر داهات ڕاگەیاند.

باجدانان لەسەر سوتەمەنییە کاربۆنییەکان بووە هۆی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی هێلەک زەردەکان. دوای سێ حەوتوو ناڕەزایەتی، دەوڵەت تەسلیمی ویستی ناڕازییان بوو و سەرەتا بڕیارەکەی سڕ کرد و پاشان هەڵیوەشاندەوە. لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ خەڵکی فەڕانسە بە پێی بڕیاری دەوڵەتی ئەو وڵاتە مانگانە سەد یۆرۆی زیاتر وەردەگرن و بەو پێیە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە لانیکەمی حەقدەست لە ١١٨٥ یۆرۆ بۆ ١٢١٠ یۆرۆ بەرز دەبێتەوە.

هێلەک زەردەکان

ئێمانۆئیل ماکرۆن بەفرانباری ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاند لەمەودوا وەرگرتنی باج لەسەر کارى زیادە نامێنێ و داوای لە کۆمپانیاکان کرد خۆڕسک دیاری کۆتایی ساڵی فەرمانبەرانیان بە بێ هەڵگرتنی باج یاخود زیادە تێچوو بدەن. پێداچوونەوە بە مووچەی مانگانەی خانەنشینان بە پێی هەڵاوسانی ئابوری یەکێک لەو چاکسازییە گرنگانەیە کە لە لایەن ماکرۆن باسی لێکرا. بە پێی گووتەی سەرکۆماری فەڕانسە موچەی خانەنشینی ئەو بنەماڵانەی کە داهاتی کەمتر لە دوو هەزار یۆرۆ لە مانگیان هەیە لە ڕێککەوتی یەکی ژانویەی ٢٠٢٠ بە پێی ڕێژەی هەڵاوسان دیاری دەکرێت و ئەو پرسە هەتا ساڵی ٢٠٢١ هەموو خانەنشینان لەخۆ دەگرێتەوە.

بە گووتەی ناڕازییان، قوتابخانەی نەتەوەیی بەڕێوەبەری کاریگێڕی، چینێکی تایبەتی پێک هێناوە کە ئەو کەسانەی خوێندنی تێدا تەواو دەکەن مەودایەکی زۆریان لەگەڵ کۆمەڵگە هەیە. زۆربەی سیاسەتڤان و بەڕێوەبەرەکانی فەڕانسە لەو زانستگایە خوێندنیان تەواو کردووە. بە هۆی ئەو ناڕەزایەتییانە ماکرۆن داوای لە دەوڵەت کرد لێکۆڵینەوە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە بەدەنەی دەوڵەتدا دەست پێ بکەن. سەرەڕای ئەوە دەوڵەت دەیهەوێ پێش بە ناوەندگەرایی بگرێ و تەنانەت هێندێک بەرپرسایەتی دەوڵەت نەهێڵێت.

ئەگەرچی ماکرۆن داوای گشپرسی هێلەک زەردەکانی ڕەت کردەوە بەڵام ڕایگەیاند بەڕێوەچوونی گشتپرسی ئاسان دەکەنەوە. بە پێی یاسای بنەرەتی فەڕانسە لە پرسی جۆراوجۆردا ئەگەر یەک ملیۆن واژوو کۆبکرێتەوە ئەوە دەتوانرێ گشتپرسی بۆ ساز بدرێت. ئێستا سەرکۆماری فەرانسە دەیهەوێ ئەو ژمارە واژوویە کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی ئەنجامدانی گشتپرسی ئاسان بکرێتەوە.

هێلەک زەرردەکان ٢

سەرکۆماری فەڕانسە ڕایگەیاندبوو لە مانگی پووشپەرەوە ١٥٠ هاووڵاتى بە شێوەی هەڕەمەکى و نەزانراوە هەڵدەبژێردرێن بۆ ئەوەی لە دانیشتنی ئەنجوومەنی ئابوری، کۆمەڵایەتی و ژینگەییدا بەشداری بکەن. لە لایەکی دیکە ماکرۆن داوای پێکهاتنی ئەنجومەنی بەرگری لە ژینگەی کردبوو. ئیمانۆئێل ماکرۆن هەروەها دوای ناڕەزایەتی هێلەک زەردەکان ڕایگەیاندبوو ئیزنی داخرانی هیچ قوتابخانە و نەخۆشخانەیەک هەتا ساڵی ٢٠٢٢ واتە ماوەی تەواوبوونی خوولی سەرکۆماری نادات. لە لایەکی دیکە نابێ لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٠ ڕێژی قوتابیان لە پۆلێک لە ٢٤ کەس زیاتر بێت.

سەرکۆماری فەڕانسە داوای لە دیوانی ژمێریاری وڵاتەکەی کردووە لیستێکی ورد لەو کەسانە پێک بێنێت کە باج نادەن و هەنگاوی تایبەت دژیان هەڵهێنرێتەوە. شایانی باسە ماکرۆن لەسەر هێندێک بڕیاری خۆی سوورە و نایانگۆڕێت. ئەو یاسایانە کە تا ئێستا ماکرۆن خۆی بواردووە لە گۆڕینیان بریتین باج لەسە سەروەت و سامان، بە فەرمی ناسینی دەنگی سپی و تەمەنی خانەنشینی کە لە فەرانسە ٦٢ ساڵە.