سەعدوڵا زارعی لە وتارێکدا کە لە ڕۆژنامەی کەیهانی سەر بە باڵی بناژۆخواز و ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بڵاوی کردۆتەوە دەڵێ "دانانی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆری ئەمریکا ئامانجی ئابووری هەیە" و داوا دەکات بە تۆڵەی ئەم کارە، هێڵی نەوتی عەرەبستان لە دەریای سوور و کەنارەکانی ڕۆژئاوای عەرەبستان بکرێنە ئامانج.
زارعی لە وتارەکەیدا بانگەشەی ئەوە دەکات سوپای پاسداران گرینگترین هۆکاری مانەوەی قەوارە و ژێرخانە ئابوورییەکانی ئێرانە سەرەڕای ئەو هەموو گەمارۆیەی خراوەتە سەر ئەو وڵاتە. زارعی پێشنیار دەکات بە تۆڵەی ئەو کارە لە بواری ئەمنیەتی هەڕەشە بکەن بەڵام بە کردەوە خەسار بە بەرژەوەندی ئابوورییەکانی ئەمریکا و داردەستەکانی لە ناوچە بگەیەنن.
بە گووتەی نووسەری کەیهان پێویستە قازانجە ئابورییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچە لە ساڵی داهاتوو بە سفر بگات و جەخت لەوە دەکاتەوە دەبێ سیاسەتی کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای بەسفرگەیاندنی هەناردەی نەوتی عەرەبستان ببێت.
ئەو چالاکە سیاسییە بناژۆخوازە بە ڕاگەیاندنی ئەوەی هەناردەی نەوتی عەرەبستان لە گەرووی هورمز بۆ هاوبەشە ئابورییەکانی ئێرانە، داوا دەکات هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە لە دەریای سوور و کەنارەکانی ڕۆژئاوای عەرەبستان بکرێتە ئامانج کە ئامانجەکەیان ئەوروپایە.