Skip to main content

بۆچی سوپای پاسداران بەڕێوەبەرى تۆڕە گەشتیارییەکانى شیرازی قۆڵبەست کرد

بۆچی سوپای پاسداران بەڕێوەبەرى تۆڕە گەشتیارییەکانى شیرازی قۆڵبەست کرد
AvaToday caption
posted onApril 11, 2019
nocomment

 

تایبەتی ئاڤاتودەی

 

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەی، ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شیراز ڕۆژی شەممە ١٧ خاکەلێوەی ٩٨ى هەتاوى، بەڕێوەبەرە بەناوبانگەکانی تۆڕ و ئاژانسەکانی تایبەت بە گەشتیارى کە خاوەنی ڕێگەپێدانى یاسایین، بە بیانووى هاوئاهەنگی بۆ ساڵی نوێ بانگهێشتی بنکەی سەربازی ئیمام حوسێن ـى سوپای بەقیەتووڵا کراون.

 

کاتژمێر ١١ بەیانی و دوای سەردانی ٨ بەڕێوەبەرى تۆڕە گەشتیارییەکان بە ناوەکانى سارا سەداقەت پور، عەلی ئیسکروچی، ئەحمەد ڕەزا زراعەت پیشە، حەمید ڕەزا زراعەت پیشە، ڕزا پاک، عەلی عابدی، ئێحسان سەرشار و ئیبڕاهیم حەسەن زادەیان، بە بێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک قۆڵبەست کراون. دوو ڕۆژ دواتر و لە ڕۆژی ١٩ خاکەلێوە، چەند کەسی دیکە لەو بەڕێوەبەرانە بە ناوەکانی ڕزا موختار زادە، مەولود عەزیزی، ڕازیە سەرفرازی، فەرزاد فەرزام، ڕزا ئەسەددوڵاهی، میهرداد ڕەجەبی، مەجید سیحەت و ئەمیر عەباس تۆفان لە چەند شوێنی دیکە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە قۆڵبەست کران.

ئەوە لە کاتێکدایە ئەو بەڕێوەبەرە قۆڵبەستکراوانە تەنیا لە کاروباری گەڕان و سەفەر و گەشتیاریدا کاریان کردووە و هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەداوە.

ئیتلاعاتی سوپا دوای لەقاودرانی زانیاری پەیوەندیدار بە دامەزراوەکانی ژێر زەوی لە ناوچە جۆراوجۆرەکان، هەوڵ دەدات کۆنتڕۆڵی خۆی لەسەر کەسانی هۆگر بە کاری گەڕان و گەشتیارى زیاتر بکات و پێش بە چالاکی سیخوڕی وڵاتانی دیکە بگرن. هۆکاری دەستبەسەرکردنی بەڕێوەبەرى ئەو تۆڕە گەشتیاریانە بۆ ئەو پرسە دەگەڕێتەوە و بەو شێوەیە گوشاریان دەخەنە سەر بۆ ئەوەی ڕاپۆرت لە هەموو کارەکانیان دروست بکەن و ببنە سیخوڕ لەسەر موشتەریەکانیان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە گۆرانى و مۆسیقاى ڕێگەپێنەدراو و سەماکردنی کچان و کوڕان لە گەشتەکاندا سنووردار بکەنەوە.

لە ڕاستیدا هۆکاری سەرەکی گوشارخستنە سەر بەڕێوەبەرى تۆڕە گەشتیارییەکان، بۆ سیخوڕیکردنی ئەو خەڵکەیە بە مەبەستی چاوەدێری زۆرتر و پێشگرتن بە ئاشکرا بوونی شوێنە شاراوە و نهێنییەکانی سوپای پاسداران. ئەو هەوڵانە لە کاتێکدایە کە شوێنە شاراوەکانی سوپا لە پاریزگای فارس و سەرتاسەری ئێران لە دوو ساڵ لەمەوبەرەوە  ئاشکرا کراون.

ئاڤاتودی هەوڵی نایاسایی ئیتلاعاتی سوپای شیراز بۆ ناوزڕاندنی بەڕێوەبەرى تۆڕە گەشتیارییەکان پڕۆتستۆ و ئیدانە دەکات. بە پێی ئەو ڕاپۆڕتانەی بە دەستمان گەیشتووە، وا بڕیاڕە کۆمەڵێکی دیکە لەو بەڕێوەبەرانە قۆڵبەست و دوای ماوەیەک ترساندن و لێدان بە مەرجی هاوکاریکردنی تەواو و بە دانانی بارمتە، ئازدیان بکەن.