بە قەڵەمى عەبدوڵا بوزکورت*
وڵاتانی کاریگەرى ئەندامی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو و هاوپەیمانەکانیان لە ناو وڵاتانی عەرەبی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سیاسەتە هەڵە و بەردەوامەکانی سەرکۆماری ئیسلامگەرای تورکیە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، دەبێ زیاتر هەوڵ بدەن.
جیا لە قەتەر کە لە لایەن هاوپەیمانەکەى خۆیەوە واتە ئەردۆغان بەڕیوەد ەچێت، وڵاتانی دیکەی ئەندامی ئەنجومەنی هاوکاری وڵاتانی عەرەبی و هاوپەیمانەکانیان هەر لە زووەوە لە لایەن ئەردۆغانەوە بە شێوەیەکی بێ ڕەحمانە و توندوتیژانە هێرشیان کراوەتە سەر. ئەو هێرشانە لە مێژووی تورکیەدا بێوێنە بووە. دەزگای پڕوپاگەندەی ئەردۆغان کە دوای زیندانیکردنی ٢١١ ڕۆژنامەنووس و داخستنی هەموو ڕۆژنامە و ماڵپەرەکانی دژبەری خۆی دەستی بەسەر هەموو میدیاکانی تورکیەدا گرتووە خەریکی هێرش بۆسەر ئەو وڵاتە عەرەبیانەیە کە ڕەخنەگەری ئەردۆغانن. زۆربەی ئەو کەسانەی کە لە میسر، عەرەبستان، ئیمارات و بەحرەین وەک هەڕەشە چاویان لێدەکرا ئێستا و لە ژێر سێبەری پشتیوانی ماڵی، سیاسی و دیپلۆماتیکی گۆپاڵبەدەستەکانی ژێر دەستی ئەردۆغان لە ئانکارا خەریکی خۆشگوزەرانین.
لە مانگی نۆڤەمبەری ٢٠١٨ (گەڵاڕێزان)، سەرکۆماری تورکیە یوسف قەرزاوی مامۆستای پێشووى ئەزهەرى هێنایە تورکیە، پیاوێک کە پڕوپاگەندەی جیهاد و هێرشیخۆکوژی بۆ ڕابەرایەتى یەکیتى موسڵمان دەکرد. قەرزاوی نەتەنیا ئەردۆغانی وەک ڕێبەری هەموو موسڵمانانی دونیا ناساند، تەنانەت دەستی کردە دوژمنایەتی ئەو وڵاتە عەرەبیانەی لە ناوچەکەدا نیگەرانی سیاسەتەکانی ئەردۆغان بوون. بۆ وێنە لە دانیشتنی ڕێبەرانی ئیخوانولموسلمین قەرزاوی عەرەبستانی وەک شەیتان ناساند و گووتی "کردەوەکانی لەگەڵ ڕێوشوێنە ئیسلامییەکان نەگوونجاوە".
قەرزاوی ڕوو بە ئەندامانی یەکیەتی نێودەوڵەتی توێژەرانى موسڵمان کە لە لایەن عەرەبستان ، ئیمارات، بەحرەین و میسر بە گرووپێکی تیرۆریستی ناسراوە، گووتی "هەموومان دەزانین ئەگەرچی خۆی وەک وڵاتێکی ئیسلامی و هەڵگری سیاسەتی ئیسلامی دەزانێ، بەڵام ئەوە بەو ماناییە نییە کە پابەندی ئیسلامە". ناوبراو بە بەژن و باڵای دەوڵەتی تورکیەیدا هەڵگووت و نزای بۆ کرد. شانازی بە تورکیە کرد، چونکە لە ماوەیەکی کەم و لە ژێر دەسەڵاتی ئەردۆغان پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینی و گووتی "پێویستە ئایدۆلۆژیاى جیهادی لە سیستەمی پەروەردەی وڵاتانی موسوڵمان بگونجێنرێت". قەرزاوی و هاوکارەکانی بە پشتیوانی ئەردۆغان کۆمەڵێک قوتابخانە و ڕێکخراوەیان کردبووەوە کە ئامانج لە دامەزراندنیان بارهێنانی ئەو کەسانە بوو پشتیوانی لە سیاسەت و جیهانبینییەکانی ئەردۆغان بکەن.
هاوکات تۆڕێکی ئیخوانی لە وڵاتانی موسڵمان دەستی بە پڕوپاگەندە بۆ سیاسەتەکانی ئەردۆغان و کۆکردنەوەی هێز بۆ کەسێک کرد کە تەنیا لە سێ ساڵی ڕابڕدوودا ١٠ هەزار ژن و هەزار منداڵی ژێر شەش ساڵى دەستبەسەر و زیندانی کردووە. ئەردۆغان لە مانگی ڕەشەمەدا و لە کاتی پڕوپاگەندەکانی هەڵبژاردن بە هۆی ئەو شتە کە بۆخۆی پێی وایە بێدەنگی لە بەرامبەر سیاسەتەکانی ڕۆژئاوا، هێرشی کردە سەر عەرەبستان و گووتی "تەنیا تورکیەی ژێر دەسەڵاتی ناوبراو بوێری ئەوەی هەیە بەناوی موسڵمانانی دونیا قسە بکات". ناوبراو خۆی وەک خەلیفەی موسڵمانان ناساند و مەلا تووندئاژۆکانی بۆ ڕەواییبەخشین بە سیاسەتەکانی لە دەوری خۆی کۆ کردەوە.
ناوبراو بانگەشەی ئەوەی کرد کە تەواوی وڵاتانی موسڵمان لە هەمبەر ڕووداوەکەی نیوزیلەند بێدەنگ بوون و گووتیشی "عەرەبستان بۆ مانەوەی خۆی لە دەسەڵات خەریکی دابەشکردن و خێراتکردنە لە هەموو دونیادا". سەرکۆماری تورکیە دەوڵەتی ستەمکاری خۆی وەک دەوڵەتێک ناساند کە ڕووبەڕووی خاچپەرەستەکان ڕاوەستاوەتەوە.
بە هۆی نەبوونی میدیایەکی بەهێز بۆ بەرپرچدانەوەی ئەردۆغان و سیاسەتەکانی کە بە داخەوە ڕۆژ دواى ڕۆژ زیاتر پێگە بۆخۆی درووست دەکات و بە ئاماژە بەوەی زۆربەی ڕۆژنامەنووسان لە تورکیە خراونەتە بەندیخانە، ئەردۆغان بووەتە سەرکوتکاری ئازادیڕادەربڕین. دەشبێ بگووترێ کە تەنیا بژاردەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەردۆغان و سیاسەتە مەترسیدارەکانی، هاوئاهەنگی و یەکیەتی میدیای تورکە لە دەرەوەی تورکیە. ئاماژەی باش بۆ ئەو کارە هەن، بەڵام بە داخەوە بەهۆی پڕشوبڵاوی ئۆپۆزۆسیۆن هەوڵێکی تایبەتی دژی ئەردۆغان لە ئارادا نییە.
ئەردۆغان زۆر زیرەکانە لە نێوان گرووپە ئۆپۆزۆسیۆنەکانی دەرەوەی وڵات پشێوی درووست دەکات و گرووپە ڕەخنەگرەکانیش زۆربەی جار دەکەونە داوی تاکتیکەکانی ئەردۆغان. ئەگەرچی ڕۆژنامەنووسانی دەرەوەی وڵات بۆ دامەزراندنی میدیایەکی ڕاستگۆ لەگەڵ قەیرانی ماڵی و لۆجستیکی ڕووبەڕوون، بەڵام ئەوان تەنیا هیوا بۆ هەڵکردنی مەشخەڵی ئازادی دژی دیکتاتۆری ئەردۆغانن.
دژبەران بە بەردەوامی ڕێکخڕاوی مەدەنی نوێ و زیاتر دژی ئەردۆغان ئاوا دەکەن و جێگەی خۆشحاڵییە کە ئەو ڕێکخراوانە بەستێنێکی بەربڵاو لە هەموو چین و توێژەکان لە خۆ دەگرن. بە بڕوان من لە قۆناغی ئێستادا ئەنجوومەنی هاوکاری وڵاتانی کەنداو دەبێ هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بەڕهەڵستەکانی ئەردۆغان بە تایبەتی گوڵەن بگۆڕێت. گوڵەن بزووتنەوەیەکی مەدەنییە کە دژی گەندەڵی بەربڵاو و پشتیوانییەکانی ئەردۆغانە لە گرووپە جیهادییەکان. ئەو گرووپە لە لایەن فەتحوڵا گوڵەن بەڕێوە دەچێت کە لە ئەمریکا دەژی و دەتوانێ ڕۆڵێکی کاریگەری هەبێ لە پوچەڵکردنەوەی سیاسەتە بێڕێزییەکانی ئەردۆغان.
کەڵک وەرگرتن لە پرسی فەلەستین بە قازانجی خۆی وهاوکاری لەگەڵ مەلاکانی ئێران، بووەتە پەڵەیەکی ڕەش بە ناوچاوانی ئەردۆغان و سیاسەتەکانییەوە. هۆکاری سەرەکی ئەوەی گوڵەن بە بەردەوامی لە لایەن ئەردۆغانەوە هێرشى دەکرێتە سەر، ئەوەیە کە ناوبراو کەسایەتییەکی شوێندانەری هەیە و دەتوانی سیاسەتەکانی ئەردۆغان لگەڵ قەیرانی گەورە ڕووبەڕوو بکاتەوە و پێش بگرێ لەوەی تورکیە ببێ بە کۆمارێکی دیکەى ئیسلامی.
بۆ وێنە لە پێنجەمین دیداری ئەنجوومەنی هاوکاری وڵاتانی عەرەب لەگەڵ تورکیە کە لە ئاستی وەزیراندا بەڕێوە چوو، لە ڕاگەیێنراوی کۆتاییدا کە عەرەبستان سەرۆکایەتی ئەو خوولەی لە ئەستۆ بوو، زۆر بە پارێزەوە هەڵسوکەوتی کرد. ئەو دیدارە کاتێک ئەنجام درا کە ئەنجوومەنی هاوکاری کەنداوی فارس سەرەڕای هەبوونی ناکۆکی زۆر ئێستاش بە هاوکاری تورکیە هیوادار بوو. لەو دیدارەدا وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام کودەتای ٢٤ پووشپەڕیان شەرمەزار کرد کە تا ئێرە زۆر سرووشتی بوو. هەموو لایەنەکان ئەو کودەتایەیان سەرکۆنە کرد و تەنانەت گوڵەن وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەو کودەتایە داوای پێکهاتنی کۆمیتەیەکی نێودەوڵەتی کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە کودتاکە، کەچی ئەردۆغان دژی وەستایەوە. دوای پێداگری چاوش ئوغڵو ئەو ڕستە لە ڕاگەیەندراوەکە زیاد کرا کە "گوڵەن دەستی هەبووە لەو کودەتایە و بزوتنەوەیەکی تیرۆریستییە".
دەبێ ئاماژە بەوە بدرێ کە بەڵگەی زۆر هەن لەوەى ئەو کودتایە بە مەبەستی سەرکوتی دژبەران، ناردنی هێز بۆ سوریە و هەروەها گۆڕینی سیستەمی تورکیە کە پەڕلەمانییە بۆ سەرۆکایەتی لە لایەن ئەردۆغان دارێژڕاوە. دوای ئەو کودتایە ئەردۆغان تەواوی ئەو فەرماندانەی ئەرتەش کە نیزیک بوون لە ناتۆ بە بیانووی دەستتێکەڵکردنیان لە کودەتاکە، قۆڵبەست کرد و کەسانی نەتەوەگەرا و ئیسلامی لە جێگەی ئەوان دانا.
بە پێی بەڵگەکان، ئەو فڕۆکەیەی کە ئەردۆغان بانگەشەی پێ دەکات، پەڕلەمانی بۆردوومان کرد و تەنانەت هەڵیش نەفڕیبوو و بگرە فڕۆکەوانەکەشی لەو کاتەدا لە ناوەندی ئاسمانی ئاکنجلر بووە. دوای کودتاکە، نیوەی ئەرتەش پاکسازی کرا، ٣٠%ى دادوەرەکانی تورکیە دەرکران و زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە لاینگرانی گوڵەن قۆڵبەست کران.
سەرەڕای پێداگری و گوشاری زۆری ئەردۆغان بۆ ڕادەستکردنەوەی فەتحوڵا گوڵەن، بەڵام تا ئێستا ئەمریکا ئەو کارەی نەکردووە. تەنانەت ئەردۆغان بۆ ئەوەی گوشار بۆسەر ئەمریکا درووست بکات، قەشەیەکی ئەمریکایی و چەندین دیپلۆماتکاری دەستبەسەر کرد. دوای داواکاری زۆر وەزارەتی دادی ئەمریکا ڕایگەیاند داواکاری تورکیە لەگەڵ یاساکانی ئەمریکا ناتەبایە و ئەو پرسە ئیدی جێگەی لێکۆڵینەوە لەسەرکردن نییە.
هەموو لایەک دەزانن گوڵەن هیچکات بزووتنەوەیەکی تیرۆریستی نەبووە و نییە. هیچ بەڵگەیەک لەسەر ئەو بانگەشەیە بوونی نییە. ڕابڕدووی ٧٧ ساڵەی گوڵەن نیشانی دەدا کە ناوبراو هەموو کات دژی تووندوتیژی بووە. هەڵبەت ئەوە تاکتیکی ئەردۆغانە کە دژبەرانی خۆی بە تیرۆریست ناوبەرێت. ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی ڕابڕدوو نیوەی ئەو خەڵکەی دەنگی پێ نەدابوو تاوانبار کرد بەوەی پێڕەوی لە تیرۆریستان دەکەن. سەرۆکی پێشووی حیزبی دیموكراتیکی گەلان سەلاحەدین دەمیرتاش کە ٦ ملیۆن دەنگی هێنایەوە، لە لایەن ئەردۆغانەوە تاوانی تیرۆریستی خرایە پاڵ.
پرسێکی دیکە کە زۆر جێگەی نیگەرانییە، ئەوەیە کە زۆربەی پۆستە هەستیارە دەوڵەتییەکان وەک ڕێکخڕاوی میت لە لایەن کەسانێکەوە بەڕێوە دەچن کە زۆر لە کۆماری ئیسلامی نێزیکن و ئەوەش بۆ وڵاتانی کەنداو زۆر مەترسیدارە. لە ڕاستیدا ئەوە یەکێک لە هۆیەکانی دژایەتی ئەردۆغان و گوڵەن بوو. گوڵەن لە ڕابردوودا چەندین جار لەمەڕ مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی هۆشداری دابووە تورکیە و وڵاتانی ناوچەکە.
کەچى ئەردۆغان گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر کۆماری ئیسلامی دەور لێدەداتەوە و هاوکاری ئاخوندەکانى ئێران دەکات. وڵاتانی ئەندامی ئەنجوومەنی کەنداو دەبێ زۆر توندوتۆڵتر ڕووبەڕووی ئەردۆغان ببنەوە، نەتەنیا ڕووبەڕووی جیهانبینییە سیاسییەکەى، بەڵکو پێویستە ناوبراو لە ڕەوایەتی سیاسی و شەرعی و دیپلۆماتیک بخەن.
* ناوبراو هاوکارى تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەیە.