مەلا کەریمی فیدایی خاوەنی هەزاران دێر هۆنراوەیە بە ناوی "دەسدێن" و هەروەها ساغکەرەوەی بەیتی لاس و خەزاڵ و قەڵای دمدمە.
مەلا کەریم فیدایی ساڵی ١٣٠٧ هەتاوی لە گووندی سیسێری ناوچەی سەردەشت لە دایک بوو. بە دابونەریتى ئەو کاتی ژیان کە هەر کەسێک بە دوای زانست کەوتبایە دەبوو ڕیگەی فەقێیەتی هەڵبژێرێ، مەلا کەریمیش دەبێتە فەقێ و دواتر لە گووندی نمەشێری بانە ئیزنی مەلایەتی وەردەگرێت. پاشان دەچێتە گووندی نستان و ٥ ساڵ لەوێ دەرس دەڵێتەوە.
ساڵی ١٣٣٧ لە کاوڵانی سەرێ نیشتەجێ دەبێ و تا کۆتایی ژیانی لەوێ دەبێت. مەلا کەریم فیدایی، ئێش و ئازاری گەلەکەی هەست پێکردبوو و بڕیاری دابوو ژینی خۆی تەرخان بکا بۆ سووککردنی ئەو ئازارانە.
دەستی دایە قەڵەم و لە تەمەنی شازنە ساڵی واتە ئەو کاتەى کە مێرمنداڵ بووە، بەو زمانەی دایکی کە لە پەنا بێشکەکەی لایلایەی بۆ کردووە، دەست بە هۆنینەوەی بەرمووری شیعر دەکات و تا کۆتایی تەمەن بەو شێوەیە کارى کرد و لە پێناویشیدا ئازارى زۆرى چێشت و ئاکامی ئەو هەوڵە پیرۆزەی بوو بە هەزاران دێر شیعر، بە ناوی "دەسدێن".
مامۆستا کەریم فیدایی سەرنجدان بەوەی بەشی زۆری زمان و مێژوو و نەریت و هونەری کوردی لە چوارچێوەی بەیتی زارەکی ماوەتەوە و ئەگەر بێتوو نەنووسرێتەوە دەفەوتێ، دەست دەکات بە ساغکردنەوەی بەیتەکانی کوردی و بەیتی لاس و خەزاڵی ساغ کردەوە و بە شێوەی شیعر دایڕشتەوە.
مامۆستا لە بەشێک لە بەیتەکەیدا هاواری خوا دەکات و دەڵێ:
تۆ ئەو گەلەی لەو کەلەی وەسەرخە/ ڕۆژی لە کەلی هومێد وەدەرخە
با ئەو بە ملیکەچ و چرووکی/ ئەو ژینە نەباتە سەر بە سووکی
مامۆستا فیدایی کەسێکی عەوداڵى یەکڕیزی و بەهێزبوونی کوردان بوو و سەدان هۆنراوی لەو پێناوەدا هۆنییەوەتەوە. قەڵای دمدم یەکێکی دیکە لە شاکارەکانی مامۆستا فیدایی بوو. مامۆستا کەریم فیدایی ڕۆژی ٥ خاکەلێوەی ساڵی ١٣٧٢ لە گووندی کاولانی سەرێی سەر بە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد و هەر لە گۆڕستانی ئەو گووندە تەسلیم بە خاک کرا.