یەکەمین ئەلبۆمی مۆسیقای فولکلۆری هەورامی بە ناوى "کۆساڵان"، بە دەنگ و داڕشتنی هیوا شامحەمەدی لە شاری سنەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان ڕوونوێنی دەکرێت.
ئەلبۆمی مۆسیقایی "کۆساڵان" بەرهەمی دەنگ و داڕشتنی هونەرمەندی هەورامی "هیوا شامحەمەدی"، بە هاوکاریی بەشى هونەریی پارێزگای کوردستان و فێرگەی ئازادی مۆسیقای هیرا و بە ئامادەبوونی هونەرمەندانی ناسراوەی بواری مۆسیقا، لە سینەما بەهمەنی شاری سنە ڕوونوێنی کرا.
"کۆساڵان" وەک نوێترین بەرهەمی "هیوا شامحەمەدی" لە ٦ تراک پێک هاتووە کە چواریان شیعری شاعیرانی هاوچەرخە و دوو تراکیش گۆرانی فۆلکلۆرە کە بە شێوەیەکی جیاواز داڕێژراونەتەوە و عەلی سەمیمی کاری میکس و مێسترینگی و تۆمارکردنەکەی لە ئەستۆ گرتووە.
شامحەمەدی لەم ئەلبۆمە لە پەنای چڕینى گۆرانییەکان و داڕشتنی ملۆدییەکان، ئامێرگەلی سێتار و تاری ژەندووە و مەسعوود موعەزی (سەنتوور)، عەلی سەمیمی (دومەک، کووزە و دەهۆڵ)، ڕامین ئێکباتانی (دەف)، ئەحمەد پوور ئەبوو (قەدارە و کەمانچە)، فەراز میرزایی (نەی) و ساسان کاکایی (عوود) دیکەی ژەنیارانی ناو ئەو ئەلبۆمەن.