Skip to main content

تورکیا و ئێران ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەیان دژ بە پەکەکە دەست پێ کرد

تورکیا و ئێران ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەیان دژ بە پەکەکە دەست پێ کرد
AvaToday caption
posted onMarch 18, 2019
nocomment

 

دەیلى سەباحى تورکی لە زمانى سلێمان سۆیلۆ وەزیرى نێوخۆى تورکیە بڵاوى کردەوە کە دووشەممە تورکیا و ئێران بە هاوبەشى ئۆپەراسیۆنێکیان دژى هێزەکانى پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) لە ڕۆژهەڵاتى تورکیە دەست پێ کردووە. جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران، حوسێن زولفەقاری لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسى لە تاران گوتى "تورکیا و ئێران بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی سنوور، ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش ئەنجام دەدەن".

 

پێشتر تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەی لە ٧ى مارسى ٢٠١٩ و لە ڕاپۆرتێکدا باسى ئەم ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەى نێوان ئەنکەرە و تارانى کرد کە لە بەشێکى ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە "لە سەفەری سێ مانگ پێشترى حەسەن ڕوحانی سەرکۆماری ئێران بۆ ئەنقەرە، ڕەجەب تەیب ئەردوغان پیشنیاری بە سەرکۆمارى کۆمارى ئیسلامى دا کە ئامادەن لە بەرامبەر سەرکوتی پەکەکە، هاوکاری دەورلێدانەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا دژی ئێران بکەن، بەڵام سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی کە ١٣ پێگەی لە قەندیل هەیە و بە ئاشکرا پشتى پەکەکەیە، ئامادە نەبوو بۆ سەرکوتی پەکەکە هاوکاری تورکیە بکات، بەڵام ئێستا بە هۆى زیاتربوونى گوشاری ئابووری ئەمریکا لەسەر تورکیە کە دەبێت تەنها تا مانگی ٥ ی زایینی واتە ٢ مانگی دیکە نەوت و گاز لە ئێران بکرێت، بۆتە هۆی ئەوەی ئێران بیر لە فرۆشتنی پەکەکە بکاتەوە، هەر بۆیە ئێستا کۆماری ئیسلامی بەڵێنی هاوکاری بە تورکیە داوە کە لە ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشدا پەکەکە لە قەندیل دەر بکەن."

وەک لە هەواڵێکى هەواڵنێرى کارى ئێران (ئیلنا) بڵاو بووەتەوە زولفەقاری ئاماژەی بەوەداوە کە بۆ پاراستنی سنوورەکان بە شێوەیەکی ھاوبەش لەگەڵ تورکیا ھەنگاوی باشیان ھاویشتووە و "لە سنووری تورکیا و ئێران ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش ئەنجام دەدەین. بە شێویەکی گشتی لە سنوور کێشە نییە" و لە کۆتایی هەواڵەکەدا ئەم هەواڵنێرە لە پێناسى پەکەکەدا دەڵێت "پەکەکە گرووپێکى تیرۆریستییە کە لە سنوورەکانى عێراق و تورکیە چالاکى دەکەن"، ئەمە لە کاتێکدایە کە سوپاى پاسداران و پارتى کرێکارانى کوردستان هاوکاری و پەیوەندییەکى باشیان لە سنوورەکان پێکەوە هەیە.

وەزیری ناخۆی تورکیە پێشتر بە ئاژانسى ئەنادۆڵۆى گوتبوو "ماوەیەک پێش ئێستا ئێرانییەکان ھاتن و ھەڵسەنگاندنی خۆمان کرد. ئینشائەڵا پێکەوە ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش ئەنجام دەدەین. بۆ یەکەمجار دەیڵێم. لەگەڵ ئێران دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەین".

 

لینکى هەواڵەکە ئاڤاتودەى کە لە ٧ى مارس بڵاوى کردەوە لەسەر ئەم ئۆپەراسیۆنە:

https://www.avatoday.net/ku/node/2817