Skip to main content

دۆخی گوزەرانی خەڵكی ئێران و ڕۆژھەڵاتی كوردستان بە ئامار

دۆخی گوزەرانی خەڵكی ئێران و ڕۆژھەڵاتی كوردستان بە ئامار
هەژارى دەرەتانى لە خەڵک بڕیوە
داهات کەمتر بووە و بەهاکان ١٠ قات زیادى کردووە
posted onJune 11, 2018
nocomment

 

لە دە ساڵی ڕابردوودا لە ئێران نرخی كاڵا و پێداویستییەكانی ڕۆژانەی نزیكەی دە قات بەرز بووەتەوە، ئەوە لە كاتێكدایە كە داھاتی خەڵك گۆڕانكارییەكی ئەوتۆی نەبووە، و ساڵانەش یەك ملیۆن كەسی بە سوپاى بێکارانەوە زیاد دەبێت.

 بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی باڵای كاری ئێران، مووچەى مانگانەی كرێكارێك لە ٩٣٠ ھەزار تمەنەوە دەست پێ دەكات، ئەوە بەو واتایە دێت كە زۆرینەی ڕەھای كرێكاران لە مانگێكدا ٩٣٠ ھەزار تمەن داھاتیانە، ئەوە لە كاتێكدایە كە ھەر بە پێی لێدوانە فەرمییەكانی بەرپرسانی ئێران ھەر خێزانێكی چوار كەسی بۆ كڕینی پێداویستی و خۆراكی سەرەكی مانگانە پێویستیان بە 2 ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار تمەنە. ھەموو ئەو ئامارانە ھی ساڵی ١٣٩٦ـن، ھاتنەدەری ئەمریكا لە ڕێكکەوتنی ئەتۆمی و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دۆخەكەی بۆ ساڵی ١٣٩٧ـی ھەتاوی لەوەی پێشتریش خراپتر و كارەساتبارتر كردووە. بە پێی لێكدانەوەكانی ئاڤاتودەی ھەر خێزانێكی ٤ كەسی لە ئێران و ڕۆژھەڵاتی كوردستان بۆ دابینكردنی خۆراك و پێداویستی سەرەكی ژیانی وەك (نان، برینج، گۆشت، میوە) مانگانە پێویستی بە زیاتر لە ٣ ملیۆن تمەن ھەیە.

 

بەراوردێكی دە ساڵە، جیاوازییەكی دەقات

بەراوردەكەش بەم شێوەیەیە:

▫️ ئێستا بەهاى مسقاڵێک زێری ١٨ عەیار نزیكەى ١ ملیۆن تمەنە، كەچی ١٠ ساڵ لەمەوبەر مسقاڵێک زێری ١٨ عەیار بە ٩١ ھەزارو ٨٧٠  تمەن بووە.

▫️ ئێستا بەهاى كیلۆیێک كۆشت نزیكەی ٥٠ ھەزار تمەنە، كەچی ١٠ ساڵ لەمەوپێش ئەو كیلۆیێک گۆشتە بە ٧ ھەزار تمەن بووە، واتە نرخی گۆشت ١٠ ھێندەی لێھاتووە.

▫️ ئێستا بەهاى نانێک لە ئێران و ڕۆژھەڵاتی كوردستان بە ٢٠٠ تمەنە، كەچی ١٠ ساڵ لەمەوپێش بە ٢٠ تمەن بووە.

▫️ ئێستا بەهاى كیلۆیەك گۆشتی مریشك ٨ ھەزار و ٥٠٠ تمەنە، كەچی ١٠ ساڵ لەمەوپێش كیلۆیێک گۆشتی مریشك بە ١١٠٠ بۆ ١٤٠٠ تمەن بووە.

▫️ ئێستا بەهاى کیلۆیێک برنج لە ٨ ھەزارەوە بۆ ١٥ هەزار تمەنە، کەچى ١٠ ساڵ بەر لە ئێستا كیلۆیێك برنج بە ١٠٠٠ ھەتا ١٤٠٠ تمەن بووە.

 

٨٠% ـی خەڵك لەژێر ھێڵی ھەژاریدان

شەھاب نادری نوێنەری خەڵكی پاوە و ھەورامان لە پەرلەمانی ئێران دەلێ ٨٠% ـی خەڵكی ئێران لە ژێر ھێڵی ھەژاریدا دەژین، ئەوان ناتوانن بە بێ گرفت خۆراك و پێداویستییە سەرەتاییەكانی ژیانیان دابین بكەن، ئەو كارەساتە بۆ ئەو كەسانەیە كە لانیكەم كرێكارییەك ھەیە بیكەن، بەڵام ھەر بە پێی ئاماری فەرمی ١١ ملیۆن كەس لە ئێران بێكارن، ساڵانەش نزیكەی ١ ملیۆن كەسی دیكەش دەكەونە سەر ئەو ڕێژەیە. ڕێژەی بێكاری لەئێران و ڕۆژھەڵاتی كوردستان لە ١٤% بۆ ٤٠% بەرز بووەتەوە و زۆرترین بێكارەكانیش لە ئیلام و كرماشانی ڕۆژھەڵاتی كوردستانن.

 

بوونی خانوو ھەر خەونە

ژووری بازرگانی تاران دەڵێ چینی مامناوەندی ئێران بۆ ئەوەی بتوانن ببنە خاوەن خانوویەك، دەبێ یەك لەسەر سێی داهاتى مانگانەى ٩٦ ساڵی کارکردنیان كۆ بكەنەوە، ئەوە بۆ كرێكارو چینی ھەژاری ئێران خەونەو ھەرگیز پێی ناگەن. ئەوە لە كاتێكدایە لە وڵاتانی پێشكەوتوو ھەر كەسێك بە جیاكردنەوەی یەك لەسەر سێی مووچەى مانگانەى دەتوانێ لە ماوەی كەمتر لە ١٠ ساڵ ببێتە خاوەن خانووی خۆی. لە ٨٠ ملیۆن دانیشتووی ئێران تەنیا ٦ ملیۆن كەس دەتوانن بەب ێ گیروگرفت ببنە خاوەن خانوو و ڤێلەی تایبەتی خۆیان، ئەوانیتر یان كرێچین، یان لە كەپر و كەلاوەكاندا دەژین، یانیش میراتی بنەماڵەیان بۆ ماوەتەوە.

 

چەندین ملیۆن كەس ھەر بیر لە ژیانی ھاوبەشی ناكەنەوە

ساڵی ڕابردوو شیرین ئەحمەدنیا بەڕێوەبەری گشتیی زیانە كۆمەڵایەتییەكان لە ڕێكخراوی تەرندووستى ئێران گوتى: ١یەک ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار كەس لە ئێران تەمەنی ھاوسەرگیریان تێپەڕ كردووە، بەڵام بەھۆی بێكاری و ھەژاری و نەبوونی داھاتووییەك ئامادە نین ژیانی ھاوبەش پێك بھێنن. ئێستا زیاتر لە ٤ ملیۆن كەس خوێندنی زانكۆیان تەواو كردووە، بەڵام ژیانی ھاوبەشیان پێك نەھێناوە، ئەوەش قەیرانێكی دیكەیە كە بەرۆكی ئێران و ڕۆژھەڵاتی كوردستانی گرتووە.

 

لە ١ كاتژمێر و ٤٠ جیابوونەوە

بەپێی ئاماری فەرمی ئێران لەساڵی ١٣٩٥ـی ھەتاوی، لە ھەر كاتژمێرێكدا ٢٠ ژن و مێرد لە یەك جیا بوونەتەوە، ئامارەكان ھێندە زۆر و دڵتەزێن بوون كە چیتر ناوەندی ئاماری ئێران ئاماری تەڵاق و لێکهەڵوەشاندنەوەی خێزانەكانی بڵاو نەكردەوە، بە پێی بەدواداچوونەكانی ئاڤاتودەی لە سێ مانگی ڕابردووی ئەمساڵی ھەتاوی، نزیكەی ١٠٠ ھەزار خێزان لە ئێران و ڕۆژھەڵاتی كوردستان لە یەك ھەڵوەشاون، ئەگەر ڕەوتەكە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، ھەتا كۆتایی ساڵ ٤٠٠ ھەزار ژن و مێرد لە ئێران لەیەك جیا دەبنەوە، كە ئەوەش دەكاتە ھەر كاتژمێرێك نزیكە ٤٠ جیابوونەوە لەئێران.