Skip to main content

کۆماری ئیسلامی خەڵاتی ئازاردەرانى ژنان دەکات

کۆماری ئیسلامی خەڵاتی ئازاردەرانى ژنان دەکات
AvaToday caption
فەرماندەی هێزی ئینتیزامی کۆماری ئیسلامی: ڕێزمان لەو داردەستانەمان گرت کە بە گژ ژنی بێحیجاب چوون
posted onMarch 2, 2019
nocomment


فەرماندەی هێزی ئینتیزامی سەردار حوسێن ئەشتەری کە لە ڕێوڕەسمی ساڵانەی کۆڕی ڕێبوارانی فەرمان بە چاکە و دوورکەوتنەوە لە خراپە لە ئیسفەهان قسەی دەکرد گووتبوی "سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاسپێردراو و داردەستێکى ناجا لەگەڵ چەند ژن لە تاران کە بە بڕوای ئەو دامەزراوە حیجابیان نەپاراستووە، لێکۆڵینەوەمان کرد و ئەوەی ڕوون بووە کە ئەو کەسانەمان ئەرکی خۆیان بەجێ هێناوە، هەر بۆیە ئێمە ڕیزمان لێ گرتن".

 

ئەشتەری لە درێژەی قسەکانیدا گووتی:  لە ڕووداوێکدا کە ماوەیەک لەمەوبەر لە یەکێک لە پارکەکانی تاران ڕووی دا، هێزەکانی ئێمە هۆشداریان دابووە چەند ژنێک کە حیجابیان نەپاراستبوو، بەڵام لە لایەن یەکێک لەو ژنانەوە هێرشی کرابوو سەر و بێڕیزی پێ کرابوو.

فەرماندەی هێزی ئینتیزامی لە درێژەی قسەکانیدا گوتبووی "بەداخەوە هەندێک لە کەسەکانی خۆمان پەیوەندیاین بە منەوە گرت و داوایان لێکردم ڕووبەڕووی ئەو کەسە ببەمەوە. هەروەها کۆمەڵێک لە دوژمنان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هێرشیان کرد و داوایان دەکرد ئەو کەسە سزا بدرێت"، بە گووتەی ئەشتەری دوای لێکۆڵینەوەی ئەوان ڕوون بووەتەوە کاری ئەو داردەستەى ئەوان لە جێگای خۆیدا بووە و "ڕێزمان لێناوە".

فەرماندەی هێزی ئینتیزامی تاران ئاماژەدان بەوەی "حاڵەتێکی دیکەی لەو چەشنە دیسان هاتووەتە پێش و ئێمە بۆمان دەرکەوتووە کە فەرمانبەرەکەمان ئەرکی خۆی ئەنجام داوە"، جەختی لەوە کردەوە "ئەگەر داردەست و ڕاسپێردراو ڕووبەڕووی خەڵک نەبێتەوە ئێمە هێزمان نامێنێت".

 فەرماندەی هێزی ئینتیزامیی کۆماری ئیسلامی لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوە کردووەتەوە لە پرسی لەو چەشنەدا تەنیا ڕەزامەندی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی گرنگە.

 

ڕاپۆرت: دی دەبلیو