Skip to main content

نۆ ڕۆژە کەژاڵ ڕەحمانی لە زیندانی سنە مانی لە خواردن گرتووە

نۆ ڕۆژە کەژاڵ ڕەحمانی لە زیندانی سنە مانی لە خواردن گرتووە
کەژاڵ ڕەحمانی، چالاکوان و زیندانیی سیاسیی کورد
posted onJune 16, 2026
nocomment

کەژاڵ ڕەحمانی، چالاکوان و زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی سنە، ماوەی نۆ ڕۆژە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دەستگیرکردنی خۆی و ئەندامانی خێزانەکەی، مانی لە خواردن گرتووە و دۆخی تەندروستیی تێکچووە.

لە ڕێکەوتی 07-06-2026، کەژاڵ ڕەحمانی لەگەڵ عیسا فەیزیی هاوسەری و دانیال ڕەحمانیی برای، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری کامێرانەوە دەستگیر کران و دواتر کەژاڵ بۆ زیندانی سنە گوازرایەوە.

ڕێبین ڕەحمانی، برای کەژاڵ، بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاندووە کە خوشکەکەی وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەو دەستگیرکردنە بێ پاساوە مانی لە خواردن گرتووە و مەرجی شکاندنی مانگرتنەکەی ئازادکردنی سەرجەمیانە.

بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافی کوردستان، ئەم ژنە زیندانییە لەناو زینداندا ڕووبەڕووی گوشاری تووند بووەتەوە. جێگری بەڕێوەبەری زیندان بە پاساوی پابەندنەبوونی بە باڵاپۆشیی زۆرەملێ (حیجاب)، سووکایەتیی پێ کردووە و هەڕەشەی کردنەوەی دۆسیەی نوێی لێ کردووە.

چارەنووسی عیسا فەیزی و دانیال ڕەحمانی کە لە زیندانی کامێران دەستبەسەرن، تاوەکو ئێستا نادیارە و ڕێگەیان پێنەدراوە پەیوەندی بە کەسوکاریانەوە بکەن. هاوکات لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئیدارەی ئیتلاعات گوشاری خستووەتە سەر چەند ئامۆزایەکی ئەم خێزانە و مۆبایلەکانیانی زەوت کردووە.⁩