پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران شەپۆلێکی بەرفراوانی کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە. کێیر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا و فریدریش مێرتس، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوای دانبەخۆداگرتنیان لە تاران کرد. هاوکات کێمی بیدنۆک، ڕێبەری پارتی پارێزگارانی بەریتانیا ڕایگەیاند، بەهۆی هەڕەشەکانی تاران بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی، لایەنگری "گۆڕینی ڕژێمە" لە ئێران.
هەر لە چوارچێوەی گوشارەکاندا، گیدعۆن ساعار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، داوای لە یەکێتیی ئەوروپا کرد هاوشێوەی ئەمریکا و کەنەدا، سوپای پاسداران بخاتە لیستی "ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە".
لە بەرامبەردا، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی دەیەوێت وڵات بەرەو "ئاژاوە" ببات. پزیشکیان ئاماژەی بەوە کرد کە "تیرۆریستانی مەشقپێکراو" لە دەرەوە هێنراون و دەستیان داوەتە کوشتنی خەڵک و سووتاندنی مزگەوت و بازاڕەکان.
هاوکات لە ڤاتیکان، پاپ لیۆی چواردەیەم، ڕێبەری کاتۆلیکەکانی جیهان، لە نزای هەفتانەیدا داوای کۆتاییهێنان بە توندوتیژییەکانی ئێران و سووریای کرد و جەختی لە پێویستیی دیالۆگ و ئاشتی کردەوە..
لەلایەکی دیکەوە، هایدی ئەلێکساندەر، وەزیری گواستنەوەی بەریتانیا، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی خوازیاری "گواستنەوەیەکی ئاشتییانەی دەسەڵاتە" لە ئێران، بە جۆرێک کە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییان پارێزراو بێت.