Skip to main content

ئێران بۆ پەکخستنی ستارلینک دەستی بە شەڕی ئەلیکترۆنی کردووە

ئێران بۆ پەکخستنی ستارلینک دەستی بە شەڕی ئەلیکترۆنی کردووە
posted onJanuary 11, 2026
nocomment

بەڕێوەبەری بەشی شیکاریی ئینتەرنێت لە پلاتفۆرمی نێودەوڵەتیی "کێنتیک" ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ تێکدانی شەپۆلەکانی ئینتەرنێتی ستارلینک، دەستی بە جۆرێک لە "شەڕی ئەلیکترۆنی" کردووە.

داگ مادۆری، پسپۆڕی بواری تەکنەلۆژیا و بەڕێوەبەری شیکاریی ئینتەرنێت لە پلاتفۆرمی "کێنتیک"، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "سی ئێن ئێن" ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتی بەکارهێنانی تێرمیناڵە مانگی دەستکردەکاندا، سیگناڵەکان بۆ دەرەوە بڵاو دەبنەوە، ئەمەش وای کردووە دەسەڵاتدارانی ئێران هەوڵی ڕاوکردن و پەکخستنی ئەو سیگناڵانە بدەن.

مادۆری گوتیشی: "ئەم سیگناڵانە دەکرێت شوێنپێیان هەڵبگیرێت و داببڕێنرێن، ئەوەش بەستراوەتەوە بەوەی حکوومەت تا چەند بیەوێت لەم بوارەدا سەرمایەگوزاری بکات." ئاماژەی بەوەش کرد کە دەستڕاگەیشتنی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بە ستارلینک، بووەتە مایەی نیگەرانی بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران.

تۆڕی ستارلینک کە خاوەندارێتییەکەی بۆ ئیلۆن مەسک، خاوەنی کۆمپانیای سپەیس ئێکس دەگەڕێتەوە، لە ڕێگەی زنجیرەیەک مانگی دەستکردەوە خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی خێرا بۆ بەکارهێنەران لە سەرانسەری جیهان دابین دەکات.

ئەم هەوڵانەی ئێران بۆ پەکخستنی ستارلینک لە کاتێکدایە کە ل18ـی بەفرانبارەوە، حکوومەتی ئێران هێڵەکانی ئینتەرنێتی بەتەواوی پچڕاندووە، ئەمەش پەیوەندیی بەکارهێنەرانی ناوخۆی بە جیهانی دەرەوە ئەستەم کردووە.

سەرەڕای ئەوەش، بەشێک لە هاووڵاتییان لە ڕێگەی ستارلینکەوە توانیویانە ڤیدیۆ و زانیارییەکانی تایبەت بە خۆپێشاندانەکان بۆ میدیا نێودەوڵەتییەکان بنێرن.

بەپێی نوێترین ڕاپۆرتەکان، پچڕانی ئینتەرنێت لە ئێران 60 کاتژمێری تێپەڕاندووە و ئاستی پەیوەستبوون بە تۆڕی جیهانییەوە بۆ تەنیا 1% دابەزیوە. چاودێرانی مافی مرۆڤ و پسپۆڕانی تەکنەلۆژیا هۆشداری دەدەن کە ئەم سانسۆرە توندە، مەترسییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەلامەتیی هاووڵاتییان لەم ساتە هەستیارەی وڵاتەکەدا.