Skip to main content

ئیتلاعاتی سەقز شێخ زاهید شەهابیی دەستگیرکرد و بێڕێزییان بە خانەقاکەی کرد

سەقز
شێخ زاهید شەهابی
posted onMarch 24, 2025
nocomment

 

ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز بە هێزێکی زۆرەوە چوونەتە سەر خانەقای ئازادی و شێخ زاهید شەهابییان دەستگیر کردووە و بێڕێزی زۆریان بە خانەقاکە کردووە.

بەپێی زانیارییەکانی ئاڤاتودەی، ئەمڕۆ ٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ هێزی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز لە تەپەی ماڵان هەڵیانکوتاوەتە سەر خانەقای ئازادی هەرچی کتێبی دینی، قورئان، شەرێعەت و تەریقەت بووە فڕێیان داوەتە بەر پێ و بێڕێزیان بە خانقا کردووە و شێخ زاهید شەهابی برای شێخ ئازادیان گرتووە و راپێچی زیندانی ئیتلاعاتیان کردووە.

شێخ زاهید شەهابی رۆژی ٢٣ی رەشەمەی ١٤٠٣  رایگەیاند: دوای تیرۆرکردنی براکەی، دکتۆر شێخ ئازاد شەهابی، گوشار و سنووردارکردنێکی زۆر خراوەتە سەر خۆی و خێزانەکەی و گوشارەکانیش تەنیا لەبەر ئەوەیە کە ئەوان بە شێوەیەکی ئاشتیانە و مەدەنییانە هەوڵی دادخوازی و زانینی راستییان داوە.

شێخ زاهید شەهابی ئەو تۆمەتانەشی رەتکردبووەوە کە سەبارەت بە تێوەگلانی لە بریندارکردنی فەردین قەدەم، یاریدەدەری ئاگایی شاری سەقز خرابوونە پاڵی.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا، شێخ زاهید ئاماژەی بەوەدا کە پێشتر دەزگا ئەمنییەکان دۆسیەیان بۆ چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی دروستکردووە و دەستوەردانیان لە دەزگا دادوەرییەکاندا کردووە، و ئەو تۆمەتانەی ئێستاش بەشێکن لەو رەوتە نادروستە.

شێخ زاهید شەهابی لە رێوڕەسمێکی نەورۆزی رۆژی 14.03.2025 لە چیای جاقل بەشداریی کردبوو و لەودا وتارێکی نەتەوەیی دابوو.

رۆژی ٢٨ی پوشپەڕی ١٤٠٣، شێخ ئازاد شەهابی، یەکێک لە کەسایەتییە ناسراوەکانی تەسەوف لە کوردستان، لەگەڵ دوو کەس لە یاوەرانی بە ناوەکانی پەیمان محەمەدی و پەرویز رەحیم پەنا، لە خانەقاکەی خۆیدا لە شاری سەقز کەوتنەبەر هێرشێکی چەکدارانە و کوژران.