Skip to main content

پارێزەری پەخشان عەزیزی: پەخشان مەترسی لەسێدارەدانی لەسەرە

پەخشان عەزیزی
پەخشان عەزیزی
posted onFebruary 6, 2025
nocomment

 

لقێکی دیوانی باڵای دادوەریی کۆماری ئیسلامی، بڕیاری پێداچوونەوە بە حکومی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، چالاکڤانی سیاسی، رەت کردووەتەوە و پارێزەرەکەی هۆشدار دەدات، مەترسی لەسێدارەدانی هەیە.

ئەمیر رەئیسیان، پارێزەری پەخشان عەزیزی، ئەمڕۆ ١٨ی رێبەندانی ١٤٠٣ گوتوویەتی: لە پەیوەندیی لەگەڵ حوکمی رۆژی ٦ی رێبەندان، لقی ٩ی دیوانی باڵای دادوەریی کۆماری ئیسلامی رۆژی ١٧ی رێبەندان پێمانی راگەیاند، بڕیاری پێداچوونەوە بە دۆسیەی پەخشان عەزیزی رەت کراوەتەوە.

ئەمیر رەئیسیان دەڵێت: لە حوکمی دادگادا گوتراوە، پەخشان عەزیزی ئەندامی گرووپە دژبەرەکانی دێموکرات و پەکەکە (پژاک) بووە، بەڵام روون نییە چۆن دەکرێ کەسێک هاوکات ئەندامی دوو گرووپ بێت.

پەخشان عەزیزی تۆمەتبارە دژی کۆماری ئیسلامی چەکی هەڵگرتووە، بۆیە تۆمەتی بەغی دراوەتە پاڵی و بەم هۆکارە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە.

هەروەها بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بە زیندان مەحکوم کراوە.

پارێزەری پەخشان عەزیزی دەڵێت: دۆسیەی پەخشان کەموکۆڕی و خاڵی ناڕوونی تێدایە، بۆ نموونە بۆ ئەندامەتی گریمانەیی لەو دوو لایەنە بە زیندان مەحکوم کراوە، بەڵام روون نییە بە چ هۆکارێک سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.

ئەمیر رەئیسیان گوتوویەتی: دیسانەوە داوا دەکەین پێداچوونەوە بە دۆسیەی پەخشان عەزیزیدا بکرێت و بۆ ئەم مەبەستە رێکاری دیکەش دەگرینەبەر.

ماوەیەک لەمەوبەر بڕیار درابوو بەڕێوەچوونی حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی رابگیرێت، بەڵام بەگوتەی ئەو پارێزەرە، ئێستا ئەویش کاریگەریی نەماوە و "بەداخەوە هەر دەم ئەگەری هەیە حکومەکەی بەڕێوەبچێت."

پەخشان عەزیزی، خەڵکی مەهاباد و چالاکڤانی مەدەنی، رۆژی ١٣ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٢ لە تاران دەستبەسەر کرا و ساڵێک دواتر دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی بەغی و ئەندامەتی لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، سزای سێدارە و چوار ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند.

دیوانی باڵای دادوەریی ئێران رۆژی 08.01.2025 حوکمی سێدارەی پەخشان عەزیزی، پشتڕاست کردەوە.

ئەمیر رەئیسیان، پارێزەر، بە رۆژنامەی شەرقی گوت: دۆسیەی پەخشان عەزیزی کەموکۆڕی زۆری تێدا بووە و ئەو شایانی سزای سێدارە نییە چونکە لە شەنگال و ئۆردوگاکانی دیکەی ئاوارەکانی شەڕی داعشدا، یارمەتی خەڵکی داوەو ئەوانەش چالاکییەکانی سیاسی نەبوون.