
یوسف حاجی خۆش، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی و دەستەی بەڕێوەبەری بەرەی یەکگرتووی کورد و سەلاح قازی، له دوو هێرشی جیای هێزەکانی ئەمنی کۆماری ئیسلامی ئێران له بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوه.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاواتودەی، یوسف حاجی خۆش ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی و دەستەی بەڕێوەبەری بەرەی یەکگرتووی کورد، خەڵکی گوندی "کۆنە قەڵا"ی سەر بە شاری شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان ئەم ئەندامەی ئەنجوومەنی ناوەندی بەرەی یەکگرتووی کوردیان لە ماڵەکەی خۆیدا بەبێ فەرمانی دادگا و بە توندوتیژی دەستگیر کردووە.
تا ساتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستگیرکردنی یوسف حاجی خۆش و تۆمەتەکانی لەبەردەستدا نییە.
هەروەها هەر لەو ڕێکەوته، یانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سەلاح قازی" تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی گوندی "گەندەویلە"ی شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ هیچ بەڵگەیەكی یاسایی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

جێگای ئاماژەیەیه، هێزە ئەمنییەکان ئێران لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردەدا پەنجەرە و دەرگای ماڵەکەیان شکاندووە و بوونەته هۆی ترس و توقاندنی بنەماڵەکەی.