Skip to main content

هەناردەی نەوتی ئێران بۆ ئاسیا ١ لەسەر ٣ کەمی کردووە

هەناردەی نەوتی ئێران بۆ ئاسیا یەک لەسەر سێ کەمی کردووە
ئەوە کەمترین ڕێژە لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابڕدوودا بە ئەژمار دێت
posted onDecember 30, 2018
nocomment

 

بە پێی هەواڵێک کە هەواڵنێڕی ڕۆیتێڕز بڵاوی کردووەتەوە کۆی گشتی هەناردە ئێران بۆ وڵاتانی ئاسیایی کە وڵاتانی چین، هیند، کورەی باکور و ژاپۆن لە خۆ دەگرێتەوە لە مانگی سەرماوەزدا بۆ ٦٤٤ هەزار و ٨٠٠ بەرمیل لە ڕۆژێکدا هاتووەتە خوار.

 

نێونجی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ ئەو وڵاتانە لە ساڵی ڕابڕدوودا ١.٧ ملیۆن بەرمیل بووە. لە ڕاپۆڕتەکەی ڕۆیتەرز هاتووە ڕۆژی هەینی ٧ی بەفرانبار لەسەر بنەمای ئاماری گومرگی و بە دواداچوونی نەوت هەڵگەڕەکان هاتووە کڕینی نەوتی ئیران لە لایەن کڕیاڕانی ئاسیایی بە جیاوازی لەگەڵ مانگی ڕەزبەڕ ١٣ لەسەد کەمی کردووە.

جێگەی وەبیر هێنانەوەیە ئەمریکا ڕۆژی چواری خەزەڵوەر گەمارۆ نەوتییەکانی ئێرانی خستە بواری جێبەجێکردنەوە و ئیزنی بە هەشت وڵاتی چین، هیند، کۆریای باکوور، ژاپۆن، تایوان، تورکیە، یۆنان و ئیتالیا کە بە شیوەی سنووردار و بۆ ماوەی ٦ مانگی دیکە لە ئێرانەوە نەوت هاوردە بکەن.

مانگی سەرماوەز ژاپۆن بۆ دووەمین جار و کۆریای باکوور بۆ سییەمین جاری لەسەر یەک نەوتیان لە ئێران نەکڕیوە و تا سەرەتای ساڵی داهاتوو تەمای کڕینیان نییە. لە لایەکی دیکە تا ئێستا هیچ ڕاپۆڕتێل لەسەر ڕێژەی کڕینی نەوتی ئێران لە لایەن تورکیە و یۆنان و ئیتالیا بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام ڕۆیتەرز دەنووسێت کە چاوەڕوان دەکرێت کڕینی نەوتی ئێران لە لایەن چین و هیند لەو مانگەدا بەرز ببێتەوە.

کۆی گشتی هەناردەی نەوتی ئێران لە ساڵی ڕابڕدوودا ڕۆژانە ٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل بووە و بە پێی پێشبینی هندێک لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان وەک بانکی جیهانی و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی داهاتووی زایینیدا ئەو ڕێژەیە بۆ یەک میلیۆن بەرمیل دابەزێت.

ئەوە لە کاتێکدایە گەڵاڵەی بودجەی ساڵی داهاتووی ئێران لەسەر بنەمای هەناردەی ڕۆژانە ١.٥ ملیۆن بەرمیل دارێژڕاوە.