Skip to main content

سوپاى پاسداران زیاتر لە ٦٠ سووتەمەنیبەرى بەلووچى خەڵتانى خوێن کرد

سوپاى پاسداران زیاتر لە ٦٠ سووتەمەنیبەرى بەلووچى خەڵتانى خوێن کرد
AvaToday caption
posted onFebruary 23, 2021
nocomment

ڕۆژى دووکشەممە سوپاى پاسدارانى کۆمارى ئیسلامى کوشتارێکى گەورەى لە شارى سەراوان تێدا ئەنجام دان کە بە هۆیەوە ١٠ لاوى بەلوچى کوژران و زیاتر لە ٥٠ کەسیش بریندار بوون، ئەم تەقەکردنى هێزە چەکدارەکانى کۆمارى ئیسلامى لەسەر ڕێگریکردن لە کار و کاسپى بەلوچەکان بوو کە لە سنوورى ئاسکانى پارێزگاى سەراوان خەریکى گواستنەوەى سووتەمەنین.

هەرچەندە دەسەڵات لە ئێران ئامارى ورد نادات بە دەستەوە، بەڵام بە هۆى چالاکانى بەلوچ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە تا ئێستا ناوى دە کوژراویان بڵاو کردووەتەوە کە بریتین لە:

١. ئەنەس ساحێبزادە

٢. ڕەحمان بەخشی دێهواری

٣. عەبدولڕەحمان شەهرستان زهی

٤. یەحیا گنگو زهی

٥. عەبدی شەهرستان زهی

٦. عەبدولوەهاب دامەنی

٧. محەمەد میربەلوچ زەهی

٨. محەممەد نەسرەت زەهی

٩. سەلمان شەهرستان زەهی

١٠. عەبدولغەفوور توتا زەهی

 

 هێزەکانی سوپای پاسداران بۆ ڕێگریکردن لە کار و کاسپى بەلوچەکان کە وڵاتەکەیان بێ سەرمایە و هیچ جۆرە کارگەیەکى لێ نییە، ڕێگە سنوورییەکان دادەخەن و چاڵ و ڕێڕەوى قووڵ هەڵدەقەنێن تا لەو ڕێگەیەوە نەهێڵن سووتەمەنیبەرە بەلووچەکان هاتوچۆی سنوور بکەن، ئەوە لە حاڵێکدایە کە پێشتر بۆ دەرکردنی کارتی فەرمى و ڕێپێدراوى گواستنەوەى سووتەمەنى، لە هەر سووتەمەنیبەڕێک هەشت ملیۆن تمەن وەرگیراوە.

ئەمەش هۆکار دەبێت بۆ ئەوەى کە شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان هێزەکانى سوپاى پاسدارانى کۆمارى ئیسلامى و خەڵکە کاسپکارەکەى بەلوچ ڕوو بدات و بەمەش هێزەکە سووتەمەنیبەرەکان دەدەنە بەر دەسڕێژی گووللە و سەرەڕاى کوشتنى کاسپکاران، چەندین تانکەرە سووتەمەنى و ئۆتۆمبێلەکانیشیان دەسووتێنن و دواتر کوژراوەکان دەخەنە نێو چاڵە هەڵقەندراوەکانەوە و ڕێگەیان پێ نادەن کە دەریانبهێنن بۆیە ناچار کەسوکارەکانیان خۆپێشاندانئاسا بەرەوڕوویان دەچن و ئەوانیش دووبارە تەقەیان لێ دەکەنەوەو کوشت و کوشتارێکى گەورەیان لێ دەکەن کە ئامارەکانى قوربانیان و برینداران لە سەرووى ٦٠ کەسەوەیە، بەڵام دواتر لەسەر پاڵەپەستۆى خەڵکەکە ناچار و دواى چەندین کاتژمێر ڕێگەیان پێ دەدەن تەرمى کوڕ و هاوسەر و باوکەکانیان بەرنەوە.

بەدەر لە کوشتنى کاسپکاران، ئێستا کێشەیەکى گەورەتر لەبەردەم بریندارەکاندایە، چونکە بریندارەکان لە ترسى گیانیان ناوێرن ڕوو لە نەخۆشخانەکان بکەن لە ترسى دەستبەسەرکردنیان. سوپاى پاسداران لە نەخۆشخانەکانى ئەو شار و پارێزگایە چەکدارى خۆى داناوە بۆ ئەوەى هەر بریندارێک بگەیێنرێتە ئەوێ ڕاستەوخۆ دەستبەسەرى بکەن، هەر بۆیە زۆرینەى بریندارەکان لە نێو ماڵەکان و لە لایەن کەسوکار و یا خەڵکەکەوە چارەسەر دەکرێن و یا دەگوازرێنەوە بۆ پەنجگور و توربەتى بەلوچستانى پاکستان تا لەوێ چارەسەر وەربگرن، هەر بۆیە لەو هەموو بریندارە کە دۆخى هەندێکیان مەترسیدارە، تەنیا ناوى چەند کەسێکیان هەیە وەک:

١. محەمەد مندا زهی، خەڵکی سەرجەنگەلی کوین

٢. بێهزاد ئازادی، خەڵکی مێهرستان

٣. عەبدولستار دهواری، خەڵکی گولپورگان

٤. ئیدریس بەلووچ زهی، خەڵکی گوندی بلبل

پاش ئەوەى کە بنەماڵەى قوربانیان دەچنە بەرامبەر نەخوشخانەی ڕازی و مردووشۆرخانەی ئەو شارە بۆ ئەوەى تەرمى ئازیزانیان وەربگرنەوە، دووبارە دەسەڵات لە ڕێگەى سوپاى پاسدارانەوە هێرشیان دەکاتە سەر و دواتر شارەکە میلیتاریزە و نیزامى دەکات.

لەمێژە سووپاى پاسدارانى کۆمارى ئیسلامى دەیهەوێت ڕێگە بە کار و کاسپى بەلوچەکان بگرێت و خۆى ببێتە سەرقافڵەى ئەو تاڵان و بڕۆیەى کە لەو وڵاتە لە لایەن بەرپرسان و دەسەڵاتدارانەوە دەکرێت و خۆى دەست بە ناردنى سووتەمەنى و فرۆشتنى بکات. هەر بۆ ئەم مەبەستە چەندین گەڵاڵەیان تا ئێستا بردووەتە ئەو پارێزگایەوە  بۆ ئەوەى ئەم کارە سنووردار بکەنەوە و بیخەنەوە دەستى خۆیان. ساڵێک بەر لە ئێستا چەندین گەڵاڵەى "کۆدینگى کارتى سووتەمەنى" و "ڕەزاق" و .. یان هێنایە بەرباس و بەم شێوەیە سوپا هەوڵى دا کارێکى درۆیین بۆ بەلوچەکان بدۆزێتەوە و لە بەرامبەریشدا پارەیان لێ وەربگرێت کە بەم شێوەیە هەم کۆنتڕۆڵى کارەکە دەکات و هەمیش پارە لە کاسپکارەکان وەردەگرێت و هەمیشە دەتوانێت قاچاخى سووتەمەنییەکە خۆى ئەنجامى بدات و هەر ئەمەش واى کرد کە ئاشکرا بێت بەرپرسانى پاکستانى لەگەڵ بەرپرسانى سوپاى پاسدارانى کۆمارى ئیسلامى ڕێک کەوتوون و چەندین ڕێککەوتننامەیان واژوو کردووە بۆ ئەوەى کار و پارە لە دەستى خەڵکە هەژارەکەى بەلوچستان دەربهێنن و ئەمەش پاڵەپەستۆیەکى گەورەى ئابوورى خستووەتە سەر خەڵکەکە و هەتا دێت بەرەو هەژارى زیاتر و مەترسیداریان دەبەن.