Skip to main content

ئاڵمان لەبەر ئێران بازاڕی ئەمریکا ناکاتە قوربانی

ئاڵمان لەبەر ئێران بازاڕی ئەمریکا ناکاتە قوربانی
 سەفیری ئەمریکا لە ئاڵمان: وڵاتانێک بازرگانی لەگەڵ ئێران بکەن پشتگیری تیرۆریزم دەکەن
posted onNovember 24, 2018
nocomment

 

ڕیجاڕد گرنێل سەفیری ئەمریکا لە ئاڵمان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گووتی ئاڵمان لە هەڵوێستەکانی پێشووی خۆی پاشەکشەی کردووە و نەیهێشت دۆستایەتی گەڵ ئەمریکا بەرەوە ساردی بچێت. 

 

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گووتی چالاکانی ئابووری ئاڵمان پێڕەوی دەکەن لە گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی ئێران و هەروەها پێشوازی کرد لە کەم بوونەوەی ڕێژەی هاوکارییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئێران.  دەوڵەتی ئاڵمان پێشتر جەختی دەکردەوە لەسەر بەردەوامی پێوەندییەکانی لەگەڵ ئێران.

گەڕانەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران، چالاکی کۆمپانیاکانی ئاڵمانی لە ئێران سنووردار کردووەتەوە، ڕیچارد گرنێل باڵیۆزی ئەمریکا لە ئاڵمان پێشوازی دەکات لە چوونەدەری هەنگاو بە هەنگاوی بازرگانانی ئەو وڵاتە لە ئێران. ڕۆژی پینج شەممە یەکی سەرماوەز ڕیچارد گرنێل بە چاپەمەنییەکانی ئاڵمانی گووت: ئێمە دڵخۆشین بەوەی کۆمپانیا ئاڵمانییەکان بڕیاڕیان داوە هاوکاری گەمارۆکانی ئەمریکا بن بۆ سەر کۆماری ئیسلامی.

گرنێل بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەو کەسانەی تا ئێستاش بەردەوامن لەسەر پێوەندی بازرگانی لەگەڵ ئێران بەوە تاوانبار کرد،  پشتگیری تیرۆریزم دەکەن. ناوبراو گووتی"ئەو کەسانەی درێژە بە بازرگانی لەگەڵ ئێران دەدەن، پووڵ دەدەن بە وڵاتێک کە بە ڕێژەیەکی زۆر هاوکاری ماڵی تیرۆریستان دەکات".

بە پێی قسەکانی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئاڵمان، حکومەتی ئێران لە ساڵی ٢٠١٢ میلادی تا ئێستا ١٦ میلیارد دۆلار دارایی خۆی خەرجی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریە کردووە. بە گووتەی گڕنێل ئەو پشگیرییانەی ڕژیمی ئەسەد بووەتە هۆکاری ناسەقامگیریەکی زۆر لە ئەوروپا.

ڕیچاڕد گرنێل ئەوەی پشت ڕاست کردەوە کە کۆمپانیاکانی ئاڵمانی زۆر بە تامەزرۆیی لە بازاڕەکانی ئەمریکادا چالاکی دەکەن. لە درێژی ئەو بەشەی قسەکانیدا گووتی: چاوەڕوانیان هەیە چالاکی کۆمپانیا ئاڵمانییەکان لە ئێران لەوەی کە هەیە کەمتر ببێتەوە و ڕاشیگەیاند چالاکانی ئابووری ئالمان بە ناوبراویان گووتووە لە بازاڕەکانی ئێران دەچنە دەرەوە.

 ناوبراو ئەوەشی گووت ئەگەر لە کۆمپانیا ئاڵمانییەکان بپرسن ئاخۆ بازرگانی لەگەڵ ئێرانتان پێ باشە یان ئەمریکا، وەڵامی ١٠٠ لەسەدی ئەوان ئەوە دەبێت دەمانهەوێ بەشێک بین لە بازاڕەکانی ئەمریکا.