چەند رۆژی ڕابردوو گەریلاکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بە فەرماندەیی هەڤاڵ مەزڵوم لە ڕێگەی دوو مامی سۆران ئەختەرەوە پەیوەندیان بە عیرفان ئەختەر باوکی سۆران کردووە کە پاکانە بۆ کوشتنی سۆران بکەن.
سۆران ئەختەر خەڵکی گوندی ڕوواری هەورامانە و ١٢ی جۆزەردان بە هوی نەدانی پارە بە پژاک لە لایەن گەریلاکانی ئەو پارتەوە کوژرا.
چەند رۆژێک دوای ئەم ڕووداوە، عیرفان ئەختەر باوکی سۆران، پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە و کوتی: ئێمە لە کەس شاکی نین تەنها پژاک نەبێت. پژاک کوڕەکەی ئێمەی تیرۆر کردووە.
لە چەند رۆژی ڕابردوو گەریلاکانی پژاک کە بەرپرسەکەیان کەسێکە با ناوی هەڤاڵ مەزڵوم لە هەواری ژۆنی پەیوەندییان بە دوو مامی سۆران بە ناوەکانی کەیهان و عارف کردووە کە براکەیان ڕازی بکەن بڕواتە ئەو هەوارە بۆ ئەوەی پەژاک پاکانە بۆ کوشتنی سۆران بکات. ئەو دوو مامەی سۆران لە هەواری ژۆنی شوانن.
بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ئاڤاتودەی، باوکی سوران ڕەتی کردووتەوە کە بڕوات چونکە پێی وایە هەر وەک باوکی سۆنیا محەمەدی گریلاکانی پژاک دەیانهەوێت بە زۆرەملێ ڤیدیۆی لێ بگرن کە ئەوان کوڕەکەیان نەکوشتووە.
هەر بۆیە هەر ڕووداوێک بۆ باوکی سۆران روو بدات پژاک بەرپرسیارە.
مریەم خزری دایک گەریلایەکی پژاک و خەڵکی سەردەشت بە ناوی ئەسرین کە بە سۆنیا ناسراوە، رۆژی ٣ پووشپەڕ ڤیدیۆیەکی بڵاو کردەوە و گوتی کچەکەی لە کاتی ھەڵاتن لە پەکەکە بە دەست گەریلاکانی پژاک کوژراوە، نەک لە کاتی بۆمباران کە ئەو حیزبە واى باس دەکات.
دایکی ئەسرین هەروەها وتی "پەکەکە کچە ١٣ ساڵانەکەمیان لە من دزی، چەندى ھاتوچۆی مەنتیقەکەیانم لە گەڵاڵە کردووە کەچى ئەوان هیچ وەڵامێکیان نەداومەوە.