Skip to main content

ئەنجومەنی ژینگەپارێزی ژیوای پاوە: ٢ساڵ لەمەوپێش نیشتمان زامێکی هەڵگرت کە ئێستاش سارێژ نەبووە

ئەنجومەنی ژینگەپارێزی ژیوای پاوە: ٢ساڵ لەمەوپێش نیشتمان زامێکی هەڵگرت کە ئێستاش سارێژ نەبووە
AvaToday caption
posted onAugust 24, 2020
nocomment

لە یادى شەهیدانى ژینگەپارێزى کوردستان کە بە پیلانى کۆمارى ئیسلامى و سوپاى پاسداران سووتان و گیانى خۆیان لە پێناوى پاراستنى ژینگەى جوانى کوردستان کردە قوربانى، ئەمرۆ چەندین ئەنجوومەنى ژینگەپارێزى بەیاننامەیان بەو بۆنەیەوە بڵاو کردەوە. ئەمەى خوارەوە بەیاننامەى ئەنجوومەنى ژینگەپارێزى ژیواى شارى پاوەیە:

 

بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

بۆ ئەنجومەنی چیای مەریوان و سەرجەم ڕێکخراوە ژینگە پارێزەکانی کوردستان

ئەمڕۆ ٣ى خەرمانان دوو ساڵ بەسەر شەهیدبوونی هاوڕێیانی ژینگەپارێزی شاری مەریوان شەهیدان «شەریف باجوەر» و «ئۆمید کۆنەپۆشی» تێپەڕ دەبێ.

 

 دوو ساڵ لەمەوپێش نیشتمان زامێکی هەڵگرت کە ئێستایشی لەگەڵ بێ سارێژ نەبووە و بگرە هەر ڕۆژ زیاتر لە جاران دەکۆلێتەوە و بە بیرمان دەهێنێتەوە کە چ برین و کۆسپێکمان لێ کەوتووە. بە دڵنیاییەوە 3ێ خەرمانان لە ڕیزی هەرەگەورەی ئەو خەسارانەیە که لە نیشتمان و کۆمەڵگای مەدەنی کوردستان درا.

لە سەردەمی «تاکگەرایی» و زاڵ بوونی نابەرپرسیارەتی لە هەمبەر کێشە و گرفتەکانی نیشتمان و کۆمەڵگا، شەهیدانی 3ی خەرمانان و بە دیاری کراوی کاک «شەریف باجوەر» خۆڵقێنەری دەیان ڕووداو و داینامۆی دەیان جووڵەی مرۆڤانە لە بەرانبەری گرفتەکانی نیشتمان بوون. ئەوان بە کردەوە خۆیان بۆ کۆمەڵگا و بۆ نیشتمان تەرخان کردبوو و بە هێزی خۆیان و بەهەست بە بەرپرسیارەتی لە هەمبەر نیشتمان و نەسڵی داهاتوو لە بەرانبەر هەر چەشنە نابەرپرسیارەتی و کەمتەرخەمی دەوەستان. شەهید شەریف و هاوڕێیانی بە خۆبردوویی ئەوەیان بە دەیان جار لە دۆخە هەستیارەکاندا سەلماندبوو.

«شەریف باجوەر» و هاورێیانی بۆ ئێمە هێمای خۆڕاگری و کۆڵنەدان و تێکۆشانن و دەکرێ وانەی خۆنەویستی و بەرپرسیارەتیان لێ فێر ببین و ڕێبازی سەوزیان بکەین بە چرای ڕێگای داهاتوومان و مێژووی تێکۆشانیان بۆ نەسڵی داهاتوو بگوازینەوە.

ئەمساڵ لە دۆخێکدا یادی شەهیدانی ژینگە پارێزی مەریوان دەکەینەوە کە ئێمە و نیشتمان زام و برینیکی ترمان هەڵگرتووە ئەویش زامی 8ی پووشپەڕ و شەهید بوونی « موختار خەندانی» و «یاسین کەریمی» و بیلال ئەمینی»یە. زامێک کە سێ مرۆڤی تێکۆشەر و دەروەستی لێ ئەستاندین. سێ تێکۆشەر کە ئەوانیش شەریف ئاسا و ئۆمید ئاسا چووبوونە ناخی کێشە و گرفتەکانی نیشتمان و خۆیان تەرخانی ژینگە و ئاوەدانی کردبوو.

ئێمە ٣ی خەرمانان و 8ی پووشپەڕ  بە دوو ڕووداوی جیا بەڵام لە سەر ڕێچکەی یەک ڕێگا و یەک ئامانج دەزانین کە ئەویش: «بیری سەوز» و «نیشتمان دۆستی» و

ژیان دۆستییە» کە وەک ئەڵقەیەک لە یەک گرێدراون و تەواوکەری یەکترن.پێمان وایه ئەرکی ئێمە پاش ڕووداوی ٣ی خەرمانان و 8ی پووشپەڕ چێ نییە مەگەر درێژدان بەم ڕێگا و هەنگاو هەڵگرتن لە پێناو ڕێبازی کەسکی شەهیدانی ژینگە. بۆیە لە سۆنگەی بەرپرسیارەتی مێژووییمانەوە هەموو هێز و وزەمان بۆ درێژەدانی ڕێگای شەهیدان دەخەینە گەڕ و هزری سەوز و نیشتمان دۆستی و ژیان دۆستی پەرە پێ ئەدەین.

 

لە ساڵوەگەری شەهید بوونی ژینگە پارێزانی شاری مەریوان، سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی «شەریف باجوەر» و «ئۆمید کۆنەپۆشی» یادیان بەرز دەنرخێنین و پەیمانی وەفا و ئەمکناسی لە گەڵ ڕێبازیان نوێ دەکەینەوە.

 

ئەنجومەنی ژینگەپارێزی ژیوای/پاوە

3ی خەرمانانی 1399ی هەتاوی